رووسیا بنكه‌یه‌كی دیكەی سەربازی لە سووریا دەكاتەوە

فڕۆكەخانەیەكی سووریا بە كاردێنێ

رووسیا بنكه‌یه‌كی دیكەی سەربازی لە سووریا دەكاتەوە
رووسیا بنكه‌یه‌كی دیكەی سەربازی لە سووریا دەكاتەوە

K24- ھەولێر

لە چوارچێوەی پشتیوانی كردن لە رژێمی سووریا و ھێرەشەكانی بۆ سەر داعش، مۆسكۆ ناوەندێكی دیكەی سەربازی لە سووریا دەكاتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا، رووسیا ئامادەكاری دەكات بۆ كردنەوەی ناوەندێكی دیكەی سەربازی لە سووریا و كار دەكات ناوەند و فڕۆكەخانەی سەربازی "شعیرات" بەكاربێنێ.

فڕۆكەخانەی "شعیرات" دەكەوێتە باشوری شاری حيمس و بە كارھێنانی لەلایەن رووسیا لە كاتێكدایە كە لە دەوروبەریدا شەڕ لە نێوان ھیزەكانی رژێمی سووریا و چەكدارانی داعش بەردەوامە  بە پشتیوانی ھێرشە ئاسمانیەكان رووسیا چەكدارانی داعشی لەو ناوچەیە دوور خستوتەوە.

روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا راشیگەیاند ژمارەیەك لە راوێژكاری سەربازی رووسی چەند ھەفتەیەك دەبێت لە فڕۆكەخانەی شعیراتن و چاوەڕێن بۆ ئەوەی لە كۆتایی ئەم مانگەدا فڕۆكەخانەكە لە لایەن فڕۆكەكانیان بە كاربھێنرێت.

رامی عەبدرەحمان بەرێوەبەری راگەیاندنی روانگەی مافی مرۆڤ لە سووریا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات تا ئێستا لە نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەكە بەردەوامە لە ماوەیەكی نزیكدا فڕۆكەكانی رووسیا لەو فڕۆكە خانەیەوە ھێرشی ئاسمانی دەكەنە سەر گوندەكانی دەوروبەری حومس.

پێشتر ڤلادیمێرپۆتین سەرۆكی رووسیا لە دوای كەوتنی فڕۆكەیەكی وڵاتەكەی لە ئاسمانی میسر رایگەیاندبوو كە ھێرشەكانیان لە دژی چەكدارانی داعش چڕتر دەكەنەوە.

لە 30ئەیلولی ئەمساڵ مۆسكۆ دەستی بە ھێرشە ئاسمانیەكانی كردووە بۆ سەر داعش لە ناو خاكی سووریادا، ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی رۆژئاواش بە گومانن لە دەست تێوەرەدانی رووسیا لە سووریا و ناوچەكەدا.