کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
هەواڵساز
ئه‌ڵمانیا 1200 سه‌رباز بۆ شه‌ڕی دژی داعش ده‌نێرێت
شه‌ش فڕۆكه‌ی چاودێری و فڕۆكه‌یه‌كی تانكه‌ر بۆ پێدانی سووته‌مه‌نی له ئاسمانه‌وه ده‌نێرێت
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌ڵمانیا بۆ به‌شداریكردنی سه‌ربازی له شه‌ڕی دژی داعش، ره‌زامه‌ندی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازی له ده‌ره‌وه‌ی خاكی ئه‌ڵمانیا وه‌رگرت، به‌ڵام تا ئێستا په‌رله‌مان رێگای نه‌داوه، سوپای وڵاته‌كه‌ی بۆرومانی مۆڵگه‌كانی داعش بكه‌ن.
به‌شداریكردنی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته‌ش به گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌كه، بریتیی ده‌بێت له ناردنی 1200 سه‌رباز و ناردنی شه‌ش فڕۆكه‌ی چاودێری له جۆری تۆرنادۆ، له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌ی تانكه‌ری پڕكردنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی بۆ فڕۆكه‌كان له ئاسمانه‌وه، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا، رێگا نه‌دراوه سوپای ئه‌ڵمانیا بۆردومانی مۆڵگه‌كانی داعش بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (4.12.2015)، پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی پرۆژه یاساكه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌چوو، له كۆی 598 په‌رله‌مانتار، 445 به به‌ڵێ و 146 ئه‌ندام به نه‌خێر و 7 ئه‌ندامیش به‌شدارییان له ده‌نگدانه‌كه‌دا نه‌كرد.
هه‌رچه‌نده پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانی ئۆپۆزیسیۆن، له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می ناوه‌ڕۆكی پرۆژه بڕیاره‌كه، رایگه‌یاند ئه‌وان ئاماده‌كاری بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن له دژی پرۆژه‌كه ده‌نگبده‌ن.
هه‌فته‌ی رابردووش، ئه‌نگێلا مێركل راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، بڕیاری به‌شداریكردنی سه‌ربازی وڵاته‌كه‌یدا، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، به‌ڵام رایگه‌یاند كه پێویسته په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ئه‌و بڕیاره په‌سه‌ندبكات و رێگا به سه‌ربازانی وڵات بدات، بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی خاكی ئه‌ڵمانیا، پرۆسه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجام بده‌ن.
هاوكات ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاین، وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا داوای له یاسادانه‌رانی وڵاته‌كه‌ی كرد، پاڵپشتی له‌و پلانه سه‌ربازییه بده‌ن و گوتی: "پێویست ناكات هێرشه‌كانی تیرۆریستان له ئه‌وروپا بمانترسێنێت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه پێویسته به توندی وه‌ڵامی تیرۆریستان بدرێته‌وه.
ڤۆندێرلاین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه ئه‌وان به‌شداریكردنی ئه‌ڵمانیا له هێرشكردنه سه‌ر چه‌كدارانی داعش "په‌یامێكه بۆ گه‌لانی سووریا" كه بزانن رۆژئاوا هاوكارییان ده‌كات.