سێ فه‌وجی توركیا ده‌گه‌نه‌ نزیك موسڵ

هێزه‌كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شداری له‌ ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵدا ده‌كات

سێ فه‌وجی توركیا ده‌گه‌نه‌ نزیك موسڵ
سێ فه‌وجی توركیا ده‌گه‌نه‌ نزیك موسڵ

K24 - هه‌ولێر:

سێ فه‌وجی سوپای توركیا به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی له‌ پرۆسه‌ی رزگاركردنی موسڵ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان، گه‌یشتنه‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌.

فەرماندەيه‌کى پێشمەرگە رایگه‌یاند، لە چوارچێوەى پڕۆسەى ئازادکردنى شارى موسڵدا، ئامادەکارى بۆ هاتنى هێزێکى سوپاى تورکیا بۆ نزیک شارى موسڵ دەکرێت.

فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ لەمیحوەرى بەعشیقەى رۆژئاواى دیجلە, لیوا بەهرام دۆسکى، بە کوردستان بیستو چوارى راگەیاند، هاتنى ئەو هێزەى سوپاى تورکیا، لە چوارچێوەى ئەو هاپەیمانیەتییەدایە کە بڕیارە بەهاوبەشى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق و هێزى هاوپەیمانان شاری موسڵ كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە.

ئەو فەرماندەیە ئەوەشى راگەیاند, تا ئێستا ئەو هێزە نەگەیشتووەتە شوێنى دیاریکراوی خۆیان، بەڵام ئامادەکارى دەکرێت بۆ ئەوەى بگەنە ئەو شوێنەى کە بۆیان دیاریکراوە.

دۆسکى ئەوەشى وت: "تا ئێستا دیارنیە ئەو هێزە لە چ رووێکەوە هاوکارى هێزى پێشمەرگەو سوپاى عێراق دەکات, بەڵام ئێستا سوپاى تورکیا لە رووى مەشق و راهێنانى سەربازییەوە هاوکارى هێزى پێشمەرگەى کوردستان دەکات".

سەبارەت بە کاتى نزیکبوونەوەى ئەنجامدانى هێرش بۆسەر شارى موسڵ، ئەو فەرماندەیەى پێشمەرگە وتی: "ئامادەکارییەکان بەردەوامن، بەڵام کاتەکەى دیارى نەکراوە".

هاتنى ئەو هێزە لەکاتێکدایە کە لەلایەن چەند بەپرسێکى باڵاى عێراق، لەسەرووى هەمووشیانەوە حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق، هاتنى هەرهێزێکى پیادەى بیانى رەتکراوەتەوە.