كۆمكارى عه‌ره‌بى دژايه‌تى "ده‌ستتێوه‌ردانى توركيا" ده‌كات

ئه‌ميندارى كۆمكارى عه‌ره‌بى، دژايه‌تى خۆى بۆ "بڵاوكردنه‌وه‌ى هێزى توركيا" له‌ نزيك مووسڵ ده‌ربڕى.

كۆمكارى عه‌ره‌بى دژايه‌تى "ده‌ستتێوه‌ردانى توركيا" ده‌كات
كۆمكارى عه‌ره‌بى دژايه‌تى "ده‌ستتێوه‌ردانى توركيا" ده‌كات

K24 – قاهيره‌:

ئه‌ميندارى كۆمكارى عه‌ره‌بى، دژايه‌تى خۆى بۆ "بڵاوكردنه‌وه‌ى هێزى توركيا" له‌ نزيك مووسڵ ده‌ربڕى.

نه‌بيل ئه‌لعربى، ئه‌ميندارى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌ب، رايگه‌ياند، كۆمكاره‌كه‌يان دژى ده‌ستتێوه‌ردانى سه‌ربازى توركيا له‌ كاروبارى عێراق و "هاتنى هێزى توركياى بۆ نزيك مووسڵ" به‌ "ده‌ستتێوه‌ردانێكى روون و ئاشكرا" له‌ كاروبارى عێراق وه‌سفكرد.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، له‌ يه‌كه‌م كاردانه‌وه‌يدا، بانگى باڵيۆزى توركيا له‌ به‌غدا كرد و نامه‌يه‌كى ناڕه‌زايه‌تى پێدا و داوايكرد، هه‌رچى زووه‌ ئه‌و "هێزه‌ توركييه‌" بگه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌لعربى، به‌ ئاژانسى هه‌واڵى ررۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى"ى ميسرى راگه‌ياندووه‌، "چوونى هێزى توركيا بۆ ناوچه‌كه‌، ده‌ستتێوه‌ردانێكى روونه‌ له‌ كاروبارى وڵاتێكى عه‌ره‌بى براو دۆست و پێچه‌وانه‌ى هه‌موو رێككه‌وتن و بڕيارنامه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانه‌".

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، دوێنێ به‌ياننامه‌يه‌كى ده‌ركردبوو و تێيدا رايگه‌ياندبوو، "وڵاته‌كه‌ى ئاگادارى هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى سووپاى توركيا نييه و عێراق به‌ كارێكى دوژمنكارانه‌ى ده‌زانێت‌".

سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا، ئه‌حمه‌د داوودئۆغلۆ، رايگه‌ياندبوو، ئه‌و هێزه‌ له‌ سه‌ربازگه‌يه‌كى هه‌ڵكه‌وتوو له‌ دوورى 30 كيلۆمه‌تر له‌ باكوورى خۆرهه‌ڵاتى موسڵ ماوه‌ى نزيكه‌ى ساڵێكه‌ جێگيركراوون و چوونيشيان له‌سه‌ر داواى پارێزگارى موسڵ و به‌ ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق بووه‌.

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، سه‌رۆك كۆمارى عێراق، فوئاد مه‌عسووم، به‌ياننامه‌يه‌كى ده‌ركرد و تێيدا

رايگه‌ياند، "هاتنى سووپاى توركيا پێشێلكردنێكى روون و ديارى نه‌ريت و رێساى باو و ياسا نێوده‌وڵه‌تييه‌كانه‌".

پێشتريش، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، هاتنى ئه‌و هێزه‌ى به‌ نه‌يارێتى عێراق وه‌سفكردبوو و داوايكردبوو، به‌ په‌له‌ توركيا پاشه‌كشێ به‌ هێزه‌كه‌ى بكات.

له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و پرسه‌دا، گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌فين دزه‌يى، دوێنێ روونكردنه‌وه‌يه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ و تێيدا رايگه‌ياند، "لە كۆتایی ساڵی رابردوودا توركیا لە سۆران و قەڵاچۆلان دوو بنكەی مەشق و راهێنانی تایبەت بە هێزی پێشمەرگە كردەوە و لە هەمانكاتدا بنكەیەكی دیكەی بۆ راهێنان بە هێزەكانی دیكەی عێراقی لە پارێزگای مووسڵ كردەوە".

هه‌روه‌ها گوتبووى: "بە مەبەستی فراوانتركردنی ئەو بنكەیەی پارێزگای مووسڵ، لەم رۆژانەدا پسپۆڕ و كەلوپەلی پێویست گەیەندراوەتە ئەو بنكەیە".