
بەشار عەزیز
نووسەر
به‌ر له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم

پرسێك، كه هه‌نووكه له‌سه‌ر زارانه، مه‌سه‌له‌ى ریفراندۆمی كوردستانه، به‌ر له‌وه‌ى دۆخه‌كه وا شلۆق بێت و شه‌ڕی داعش وه‌ها قووڵبێته‌وه، ئه‌و كاته‌ى پێشمه‌رگه كۆنترۆڵى ته‌واوى ناوچه دابڕێندراوه‌كانى كوردستانى كرد، ئه‌و كات نووسیم كاتى سه‌ربه‌خۆیی هاتووه، به‌ڵام شه‌ڕه‌كه ئه‌و پرسه‌ى دواخست و وایكرد، ئه‌وه‌نده‌ى به ته‌نگ پاراستنى خاكى كوردستانه‌وه بین، هێنده له بیری ریفراندۆم نه‌بین.
شه‌ڕ به‌رده‌وامه، بودجه بڕدراوه و نانێردرێت، نه‌وت هه‌ر داده‌به‌زێت و هیچ ئاسۆیه‌ك دیار نییه له‌گه‌ڵ عێراق ئاشت بینه‌وه و پێم وانییه ئه‌و ته‌ڵاقه به هیچ كه‌سێك بگه‌ڕێته‌وه دۆخی جارانی.
له راستیدا عه‌ره‌بیش باش گه‌یشتووه‌ته ئه‌و رایه‌ى ئیدی هه‌رێم ناگه‌ڕێته‌وه ژێر باڵی ئه‌وان و جیابوونه‌وه‌ى له عێراق بووه‌ته واقیع، بۆیه‌ش نایانه‌وێت هه‌نگاوی ئاشته‌وایی بهاوێژن.
ئێستاش له هه‌موو كات زیاتر باس له‌و پرسه ده‌كرێت و ده‌گوترێت 2016 ساڵی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه... به هیوام ئه‌وه راست بێت و به كرده‌یی ئه‌و هه‌نگاوه بهاوێژین، ئیراده‌و جورئه‌تمان هه‌بێت و ئه‌و خه‌ونه‌ى ساڵانێكه شه‌هیدو قوربانیی بۆ ده‌ده‌ین و خه‌باتى بۆ ده‌كه‌ین، بیكه‌ینه واقیع.
به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه‌ى هاتووه‌ته پێش، ده‌رفه‌تێكى زێڕینه، ئه‌گه‌ر له‌و گه‌رمه‌ى شه‌ڕی داعشه شتێك نه‌كه‌ین و ئه‌و ده‌رفه‌ته نه‌قۆزینه‌وه، هه‌رگیز وه‌ها ده‌رفه‌تێك نایه‌ته پێشه‌وه و ئه‌گه‌ر شه‌ڕی داعش كۆتایی بێت، ئه‌وا هه‌موو وڵاتان لێمان بێ منه‌ت ده‌بن و ریسه‌كه‌شمان ده‌بێته‌وه به خوری، بۆیه هیوادارم سه‌ركردایه‌تى كورد، به جددی هه‌نگاو بۆ ئه‌و پرسه بهاوێژن، به‌ڵام به‌ر له ریفراندۆم و ئه‌و هه‌نگاوه، پێویسته به په‌له چه‌ند پرسێكى گرنگ چاره‌یان بۆ بدۆزرێته‌وه.
یه‌كه‌م شت ئه‌وه‌یه، دڵنیایی بدرێته خه‌ڵكى له خۆشگوزه‌رانییان و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كان، ئه‌وه‌ى له‌ناو خه‌ڵك بێت، ده‌زانێت دۆخی ژیان چه‌نده خراپه، ئه‌وه‌ى گوێ له خه‌ڵك بگرێت و له كێشه‌كانیان بڕوانێت، ده‌زانێت ناخی كۆمه‌ڵگه چۆن رووخاوه‌و كۆی تاكه‌كان چۆن بێ هیوا بوون، خزمه‌تگوزاری په‌كی كه‌وتووه، كاره‌با، سووته‌مه‌نی، مووچه، بێكاری، بێ پاره‌یی، هه‌ژاری روو له به‌رزبوونه‌وه ده‌كات، هێدی هێدی كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى دروست ده‌بن، كێشه‌ى په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستی و رووخانى ده‌روون و ده‌یان كێشه‌ى تر له‌و دوو ساڵه‌ى كۆتایی به زه‌قی هه‌ستیان پێده‌كرێت.
راسته ره‌نگه نه‌توانرێت به‌م ساڵه پڕ قه‌یرانه كۆى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام پێویسته به‌ر له‌وه‌ى ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت، دڵنیایی بدرێته خه‌ڵكى له‌وه‌ى دۆخی ژیان ده‌گه‌ڕێته‌وه باری جارانی و مووچه دێت و ژیان به‌رده‌وام ده‌بێت و خزمه‌تگوزاری ده‌ستى پێ ده‌كرێته‌وه، چونكه راستیی ئه‌وه‌یه ئه‌و كاته‌ى له عێراقه‌وه بودجه‌مان بۆ ده‌هات، ژیان زۆر له‌وه خۆشتر بوو و كێشه‌كان وه‌ها قووڵ و كه‌ڵه‌كه نه‌ببوون و ده‌روونی خه‌ڵكیش دانه‌ڕووخابوو، بۆیه ئه‌گه‌ر هاووڵاتییان هیوایان نه‌بێت و دڵنیا نه‌بن ئه‌و كێشانه كۆتاییان پێدێت، بێ شك، ده‌نگ ده‌ده‌ن به مانه‌وه له‌گه‌ڵ عێراق.
دووه‌م شت هه‌نگاویی جددیی پێویسته، ئاشتبوونه‌وه و یه‌كخستنى گوتاری نه‌ته‌وه‌ییمانه، پێویسته هه‌نگاو بۆ ئاشته‌وایی نیشتیمانى بهاوێژرێت و ئه‌و كێشانه‌ى له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان هه‌ن، چاره‌سه‌ر بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پرسه هه‌موو لایه‌نه‌كان به ده‌وری خۆیدا كۆ بكاته‌وه‌و ئه‌وانه‌ش كه تا ئێستا دژ وه‌ستاونه‌ته‌وه، بێنه سه‌ر خه‌ت و له‌به‌ر خاتری لایه‌نێكى تر دژایه‌تی نه‌كه‌ن و خۆیان به‌م و به‌و گرێ نه‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر وتاری نه‌ته‌وه‌یی یه‌ك خراو هه‌موو لایه‌نه‌كان و خه‌ڵكى كوردستان به یه‌كده‌نگ بوو، ئێمه گه‌وره ده‌بین و ئه‌وانه‌ى دژایه‌تیمان ده‌كه‌ن بچووك ده‌بنه‌وه.
ئه‌و هه‌نگاوانه پێویسته هه‌نگاوی دیكه‌ى وه‌ك سه‌روه‌ركردنی یاسا‌و به سیسته‌مكردنی دامه‌زراوه‌كان و ئه‌نجامدانی چاكسازیی ریشه‌یی و جددی به‌دواى خۆیاندا بهێنن و به‌مه‌ش ده‌توانین سه‌ركه‌وتوو بین له به‌دیهێنانى خه‌ونى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.