
د. ساقی بارزانی
نووسەر
موچە یان سەربەخۆیی؟

ناخوازم داکۆکی لە هیچ لایەنێکی سیاسیی بکەم کە لە گەندەڵی تێوەگلاوە؛ چونکە خۆم تاکێکم دژ بە گەندەڵیی و قۆرخکاریی وپاوەنخوازیی و داکۆکیکاری سەرسەختی شەفافیەت و عەدالەتی کۆمەڵایەتیم. وەلێ، کاتێ بابەتی سەربەخۆیی دێتە ئاراوە ولە تەرازوویەکدا لە بەرامبەر موچە دادەنرێ، بێگومان شایانی وەستان و ڕامانە. مەغزای ئەم پەیامە زۆر ترسناک و مەترسیدارە. بۆ وەڵامدانەوەی ناکۆکیکاران و نەیارانی سەربە خۆیی دەبێ بگەڕێینەوە بۆ هزری ناسیونالیزمی ڕەسەنی کوردی و مێژووی شۆڕشگێریی کورد بۆ سەربەخۆیی کە سەدان ساڵە گەلی کورد تامەزرۆیەتیی و قوربانیی بێووچانی بۆی داوە. پێویستە ئاوڕێک بدەینەوە لە مێژووی خەبات و بەرخودان و شۆڕشی گەلی کورد کە بە سەدان هەزار ڕۆلەی لە پێناویدا شەهیدبوون.
مرۆڤ بوونەوەرێکی ئازادە و لە ڕوانگەی فەلسەفی یەوە لە زاتی مرۆڤدا هیچ بەهایەکی خوڕسکی مرۆڤ وەکو سەربەخۆیی و ئازادی بەرجەستە نەکراوە و پڕبەهاتر نەبووە. ماهیەت و شوناسی سەرەکیی مرۆڤ ئازادیی یە. بۆیە لە هەرەمی پێداویستیی و بەهاکانی مرۆڤایەتیش دا ( لە بواری زانستی کارگێڕی وڕابەرایەتی بە هەرەمی ماسلۆ ناسراوە)، ئازادی تاک لە سەرو هەمووشتێکەوەیە و پێداویستیە ماددییەکان وەکو مووچە لە ڕیزی خوارەوەی هەرەمەکەن.
با هەموو تاکەکانی گەلەکەمان، دەوڵەمەند بن، با سەرجەم نیازە ماددیی و پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان جیبەجێکرابێ، بەڵام کە بندەست بوویت و لە ڕووی سیاسیی و حوکمرانی یەوە پەیوەست بی بە نەتەوەیەکی داگیرکەرو دوژمنکار چی سودێکی هەیە؟ لە پاش وابەستە بوون و لکاندنەوەمان بە بەغدا گەمژەین ئەگەر وا بیر بکەینەوە دۆخمان باشتر دەبێ لە بەغدا. بە پێی فۆرمولەکانی حوکمرانیی بەغدا، دەبێ هەمیشە وەزعی کوردستان لەوان خراپتر بێ. هێڕن ئەوانەی واتێدەگەن لە پاڵ عێراق و لە نێو چوارچێوەی سیستمی سیاسیی عێراقدا، کوردستان دەبێتە بەهەشت و تاکی کورد بەختەوەر دەبێ. ئەمە فانتازیایەکە کە قەت نایێتە دی. بەشی کورد لە هەناوی عیراقێکی یەکگرتوودا تەنێ جینوساید و ئەنفال و پاکتاوی ڕەگەزیی بووە؛ هەر سەردەمێکیش بە شێوازێکی جیاواز. نەخاسمە کە بە پێی خڕ داکۆمێنتەکانی بەردەست، بەغدا لە شەڕێکی درێژخایەنی ناوخۆ و هەڕێمایەتی تێوەگلاوە و چانسی دەربازبوونی زۆر کەمە. تەنانەت ئەگەر بە زیندووییش لێی دەرباز بوو، سەرچاوە ماددی و سروشتیی و ئیسانییەکانی وا وشک هەڵدەگەڕێن کە بە دەیان ساڵ دەگەڕێتەوەودواوە. ئەنجا بۆ دەبێ کورد خۆی سەرپشک بکات لەو ئاژاوەگێڕیی و بەرژوندیخوازییە هەرێمایەتی یانە ؟ لە بری ئەوە، بۆ لەم دەرفەتە دەگمەنانە سوود وەرناگرێ و سەربەخۆ نابێ؟ گەلی کورد لە پێناوی ئازدیی و بەرگری لە بەهاکانی بەرگەی سەدان دۆخی خراپی مادیی و ئیداریی گرتووە تا گەیشتە ئەنفال و جینوساید؛ بۆ ئەمجارەش بە تەبایی وپێشخستنی ستراتیژییی نەتەوییی، یەکگرتوو نابین تا ئەم مەودا کەمەی کە ماومانە ببڕین و بە یەکجاری بگەینە سەبەخۆیی ؟
گەلۆ ئایا برسێتی دەبێتە پاساو بۆ ژێردەستەیی؟ گەندەڵی ئیداریی و ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتیی دەبێ ببێتە هۆکار بۆ بندەستیی بەغدا؟ مەگەر بەغدا خۆی بێبەرییە لە گەندەڵیی و دزیی و زوڵم ؟ مەگەر راپۆرتە نێو نەتەویی یەکان پێمان ناڵێن لە سەردەمی جەعفەریی و مالیکی و عەبادی ٧٠٠ میلیار دۆلاری عێراق دیار نیە ؟ ئایا بەغدا خۆی دەستپاک ونیەتپاک وڕابردوو پاکە؟ ئایا بەغدا تا ئێستا بودجە ومافە داراییەکانی هەرێم و بە تایبەت پێشمەرگە جێبەجێ کردووە تا ئێستا بڕیاری جێبەجێکردنی بدات ؟ تەنانەت ئەگەر بەڵێنی ناڕاستیش بداتەوە، کوا پارە؟ ئێراق خۆی لە لێواری ڕوخانی سیاسیی و ئابوریدایە و بۆتە گۆڕەپانی شەڕی ئایینی و تایفی.
من هەرگیز پاساو بۆ گەندەڵیی ئیداریی و ناشەففافیەتی حکومەتی هەرێم نائێنم و بەڵکو ڕەخنەگرێکی بەردەوامم، وەلێ هەرگیز ئامادە نیم بچمەوە پال سێبەری عێراقێکی شۆڤێنیی عەرەبیی و کارەساتاوی کە لە پەلەقاژەی مردن دایە. لەم کەین و بەینە دا، زۆر بە داخەوە، تاقمێ پەیدا بوونە کە بۆنی قسەکانی داگیرکەرانی کوردستانیان لێ دێ. ئەمانە دوچاری ناکامڵیی فیکری بوونەو دەڵێن مەرجی پێشوەختەی سەربەخۆیی جێگێر کردنی سیستمی دیموکراسیی و ئابوورییەکی بە هێزە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ناو خودی ئەو ووڵاتە داگیرکەرانە دیموکراسیی تێدا شک نابەیت و ڕۆژانە دەیان ڕۆلەی کوردی تێدا شەهید دەکرێن. پاشان دیموکراسی پرۆسەیەکی درێژخایەنی بەردەوامە و سەرەڕای ئامادە بوونی سیستمی سیاسی، پێدڤییە کۆمەڵگای کوردەواریش قەبولی ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەیی یانە بکات. ئایا کۆمەڵگەیەکی تا بنەڕەت عەشایریی کوردستان تا چەند ئامادەیە بۆ ئەم پرۆسەیە کە تا هەنووکە، شێخ و ئاغا و سەرۆک هۆز سولتەیان بەسەردا دەشکێ ؟.
دەرفەتێکی تاقانە و زێڕین دەرکەوتووە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی و سەرجەم نەیارەکانمان پێی دەزانن و گەلەکۆمەکەیان لێ کردووین بۆ ئەوەی لە بار بچێ و هەندێ جاشی ناوخۆ پرۆپاگەندەیان بۆ دەکەن. ئەگەر ئەم دەرفەتە لە بار بچێ دەبێ ئیتر کورد هەتا هەتا بە بندەستی بمێنێتەوە. بە بڕوای زۆربەی سیاسەتمەداران و سیاسەتدارێژەرانی جیهانی، ساڵی ٢٠١٦ ساڵی یەکلاکەرەوەیە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەیی یەکانی گەلی کورد. ساڵی سەربەخۆییی و ڕزگاریی یەکجارییە لە داگیرکەران بۆیە گشت لایەک بەرپرسن لەم دۆخە نالەبارەدا بە سەرجەم حیزبەکان و لایەنەکان و ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و حکومەت و لاوان و تاکەکانی گەلی کورد. با سەربەخۆیی نەکرێتە قوربانیی نان. گەلی کورد سەدان ساڵە بەرگەی برسێتیی و نەهامەتیی و ئەنفال و جینوسایدی گرتووە و دکارێ ماوەیەکی تریش بۆ پارێزگاریکردن لە پیرۆزییەکانی و سەربەخۆیی و چێکردنی شوناسی نەتەوەیی بەردەوام بێ.