له‌ مێرسین وه‌رزی ماسییه‌

توركیا، دوای ئەوەی وەرزی قەدەخەی ماسی ھەڵدەگیرێ، بازاڕی ماسی گەرموگوڕ دەبێ و نرخەكانیش دادەبەزن

له‌ مێرسین وه‌رزی ماسییه‌
له‌ مێرسین وه‌رزی ماسییه‌

K24- هه‌ولێر
لە توركیا، دوای ئەوەی وەرزی قەدەخەی ماسی ھەڵدەگیرێ، بازاڕی ماسی گەرموگوڕ دەبێ و نرخەكانیش دادەبەزن.
ماسی و ماسی فۆشیش وەك زۆر كار و بازرگانی دیكە، جیھانێكی تایبەت بەخۆی دروست كردووە. لەنێو دەریاكاندا، جگە لە سەدان جۆر ماسی، چەندان جۆر ئاژەڵی دیكەی دەریاییش ھەن و بەھۆی پێكھاتەی گۆشتەكانیانەوە چەندان سودیشیان بۆ مرۆڤ ھەیە. ئەو شوێنانەی دەریایان نییە، تەنیا ماسییەكانی نێو ئاوی شیرین و حەوزەكان دەناسن، بۆیە سەختە بۆیان ئەو ھەموو جۆرە ماسیانە لێكدی جیابكەنەوە و سوود و پێكھاتەكانیان بناسن. ئێستا كە وەرزی قەدەخەی ڕاوە، ماسی كۆتایی ھاتووە، بەرەكەت بەسەر شارە ڕۆخ دەریاكانی توركیا دا دەبارێ.
عومەر فاروق پۆڵات، سەرۆكی كۆمەڵەی ماسی فرۆشان له‌ مێرسین ده‌ڵێ: "وەك دەبینن چه‌ندان جۆر ماسیمان ھەیە، نرخەكانمان ھەرزانن، ماسیەكانمان تازە و بەتامن، بۆ نموونە حەمسی لەدەریای ڕەش بە 7 لیرەیە، لای ئێمە 5 لیرەیە. باربونیا لە 4 لیرەوە دەست پێ دەكا و تا دەگاتە 10 لیرە، چۆپڕامان بە 10 لیرەیە، جۆرەكانمان زۆرن. ئەگەر خێزانێك كیلۆ و نیوێك باربۆنیا بكڕن كە دەكاتە 6 لیرە و لەگەڵ دوو نان و زەڵاتە و ئامادەكاری و ئەو شتانە دەگاتە 15 لیرە و خێزانێكی چواركەسی به‌ ته‌واوی لێی تێر دەبن، ماسیەكانیشمان تازەن و ڕۆژانە ڤەتەرنەر دێن بۆ كۆنتڕۆل. منیش وەك سەرۆكی كۆمەڵە سەرپەرشتی نرخەكان دەكەم".
لەبەر ئەوەی ماسی و ئاژەلە دەرییایەكان لەنێو قوڵایی ئاوی سوێری دەریاكاندا دەژین، واتە ھەلومەرجی ژیانیشیان زۆر جیایە لەماسیەكانی نێو حەوز و ڕوباراوە شیرینەكان، بۆیە پێكھاتەی گۆشتەكانیشیان زۆر لێكدی جیاوازە و لێكۆلینەوەكانیش سودی زیاتر بۆ بەرھەمە دەریاییەكان دەگەڕێننەوە، نەك ھی ئاوە شیرینەكان.
عەدنان پۆلات، ماسی فرۆشیش ده‌ڵێ: "لەمانگەكانی 9 بۆ 11 ماسی زۆرن، ھەر بۆیە ھەرزانیشن، پێشنیار بۆ خەڵك دەكەم ڕوو لەماسی خواردن بكەن، ئەوڕۆ تاكە خۆراك كە ماددەی كیمیاوی تێ نەكراوە ماسییە، ھێشتا دەستەكان نەگەیشتونەتە نێو قوڵایی دەریاكانەوە، دوای مانگی 11 ڕەوشی ھەوا ئاڵۆز دەبێ، ڕاوەماسیش زەحمەت دەبێ، بۆیە ئەوكات نرخیش چه‌ند قات به‌رز ده‌بێته‌وه‌. دەرفەتێكی باشە ئێستا تێر ماسی بخۆن".