ورمێ پارێزگای سێوه‌ له‌ ئێراندا به‌ڵام بێ كڕیاره‌

سێوی ورمێ، لە چاوەروانی كڕیاردایە و لەقەیرانێكی گەورە و بەردەوامی بەبازاركردن ھەموو وەرزێكی پاییزەكەی تێپەردەكات.

ورمێ پارێزگای سێوه‌ له‌ ئێراندا به‌ڵام بێ كڕیاره‌
ورمێ پارێزگای سێوه‌ له‌ ئێراندا به‌ڵام بێ كڕیاره‌

K24- هه‌ولێر

سێوی ورمێ، لە چاوەروانی كڕیاردایە و لەقەیرانێكی گەورە و بەردەوامی بەبازاركردن ھەموو وەرزێكی پاییزەكەی تێپەردەكات.

لە بەرھەمھێنانی سێو، پارێزگای ورمێ له‌ رۆژھەلاتی كوردستان لە ریزی یەكەمی ھەموو ئێراندایە و ئەو سێوە یەكێك لە باشترین سێوەكانی ناوچەكەیە، بەڵام تاوه‌كوو ئێستا رێگەیەك بۆ بەبازاركردنی ئەو سێوی ورمێ نەدۆزراوەتەوە، بەرپرسانیش دەلێن پروپاگەندای ناراست لەدەرەوەو نەبوونی پلان لەناوخۆ ھۆكاری بێ كریارمانەوەی ئەو سێوەن.
ساڵانە ئه‌و شاره‌ زیاتر لە یەك ملیۆن تۆن سێو بەرھەم دەھێنێت كە دەكاتە زیاتر لە 40%ی ھەموو سێوی ئێران، بەڵام كەمتر لە 10%ی ئەو بەرھەمە رووی بازار ِبەخۆیەوە دەبینێت.
عەزیز ئەمانی بەرێوەبەری بەشی باغەوانی جیھادی كشتوكالی ورمێ بە ھەوالنەری مێھری وتووە كە لەو رێژە بەرھەمە سێوەی ورمێ زیاتر لەنیوەی بۆ ھەناردەكردن دەبێت، بەڵام نەبوونی پلان و ھەبوونی گرفتی ناوخۆی ئەو سێوە تەنانەت ناگاتە بازارچە سنوورییەكانیش. جگە لەوەش بەوتەی ئەمانی خاوەن باغەكانیش ھەماھەنگی و خالی ھاوبەشیان نیە، ئەوە لەكاتێكدایە كە نزیكەی 80 ھەزار خاوەن باغی سێو لەپارێزگای ورمێی رۆژھەلاتی كوردستان دان.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەش پروپاگەنده‌ی خراپیش زەرەرێكی زۆری لەسێوی ورمێ دا، چونكه‌ لە دوو ساڵی رابردوودا لە راگەیاندنەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان بڵاوبووەوە كە سێوی ئێرانی ھۆكارێكە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، بۆیه‌ عێراق ھەموو سێوە ھاوردەكانی گەراندەوە. ئێستا بەرپرسانی ورمێ دەلێن نوێنەری ھەرێمی كوردستانیان بانگھێشت كردووە و دڵنیایان كردوونەتەوە كە ئەو سێوە پاكە و مۆمەكەی سەری شتێكی سرووشتییە وھەموو سێوێك ھەیەتی.