د. نەهرۆ زاگرۆس
نووسەر
قەیرانی دارایی و دروستکردنی کوردستانێکی مۆدێرن
یەکەێک لەو هەنگاوانەی ئێستای حکومەت بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی، بەوەی کە موچەی کارمەندان کەمکراوەتەوە، هەنگاوێکی کاتییە. لەگەڵ ئەوەی پێویستە بەزووترین کات چارەسەرێک بۆ بارودۆخەکە بدۆزرێتەوە، بەڵام لە داهاتووێکی دووردا ئەم ڕیکارە نابێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی موئەسەساتی (پێمانوایە حکومەتیش ئەم تێگەیشتنەی بۆ بارودۆخەکە هەیە). بە پێچەوانەی ئەو ڕەشبینییەی (pessimism) ئێستا لە لای خەڵک دروست بووە، دەکرێت ئەم بارودۆخە بە پۆزەتیڤ و وەرچەرخانی شۆڕشی دەربازبوون لە کۆمەڵگەی نووستووی ڕۆژهەڵات سەیر بکرێت و ببێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بەو سیستەمە دواکەوتووەی ئێمە چەندین ساڵە لەسەر دەڕۆین. سیستەمی ئیستامان درێژکراوەی هەمان سیستەمە کە لە وڵاتانی دیکەی جیهانی ئیسلامی لە کەنداوی عەرەبی پەیڕەو دەکرێت و ئێمەش لە ڕژێمی پێشووی عێڕاق بۆمان جێماوە. ئەم سیستەمەش جگە لە ڕازیکردنی خەڵک (کە پێیدەگوترێت سیاسیەتی Containment)بەوەی خەڵک دادەمەزرێندرێت و موچەی پێدەدرێت بەبێ ئەوەی باج بدات و بیر لە داهات و داهێنان و بەرهەم بکاتەوە، هیچ بنەمایەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی نییە. تەنانەت هەمان سیستەم سەرچاوەی لەباربردنی هێزی بیر و گەشەی کشتوکاڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا زانست و پیشەسازیش بووە. نموونە زۆرە ئەوەمان بۆ بسەلمێنێک کە سیستەمێکی هاوشێوەی زۆرێک لە وڵاتانی کەنداو، بە تایبەتی ئەوانەی خاوەن نەوتن، کۆمەڵگەیەکی نوستوو بەرهەم دەهێنن. کۆمەڵگەیەک تەنها بیر لە سەرفکردن و خواردن دەکاتەوە، کە پێیدەڵێن Consumer Society.هەر کاتێکیش موچە کەم دەکرێتەوە و پارە لە بازار نامێنێت، ئەوا دەرگا لەبەردەم گەندەڵی و ڕەشوە و کاری ناتەندروست و شارستانی دەرکرێتەوە.
لێرەدا ئێمە بە پێچەوانەی هەنگاوەکانی ئێستا سەبارەت بە موچە کەمکردنەوە، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەلانی پێشکەوتووی جیهان، بە تایبەتی ئەوروپا، چەند سەرنج و پێشنیازێک دەخەینە ڕوو بۆ نەک هەر دەربازبوون لە قەیرانی دارای بەڵکو بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێ و شارستانی کە تێیدا هزر و پیشەسازی و نیشتیمانسازی نەشونما دەکات. سەرەتا، پێویستە ئەوە لای هەموو تاکێک ئاشکرا بێت کە کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی نووستووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەو هەموو پارە و خۆشییەی لەم چەند ساڵەی دوایش نەبووە سەرچاوەی پێشکەوتنی کەرتەکانی پێشەسازی و کشتوکاڵ و زانست و تەکنەلۆژیا و کایەکانی دیکە. تا دەهات قەیرانی هزر و ڕۆشنبیری و داهێنان باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا دەکێشا. هەموو چینەکانی کۆمەڵگە، لە کرێکارێکەوە بگرە تا ڕۆشنبیر و مامۆستا و هونەرمەند، بەرەو پوکانەوە و خەوتن دەڕۆیشتن. هەر ئەوەشە لە دونیا ئەم کۆمەڵگە و گەڵانەی ڕۆژهەڵات بە ”نووستوو“ ناودەبردرێن.
پێشنیازەکانی ئێمە ئەوەیە کە لە بری ئەوەی موچە کەمبرکڕێتەوە، با زیاد بکرێت و کاتی کارکردن و دەوامیش بەهەما شێوە زیاد بکرێت. لێرەدا بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت خەرجی خۆیی و کارمەندەکانی دابین بکات، پێویستە سوود لە سیستەمی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرێت بەوەی سیستەمی باج (taxation) دروست بکات. بۆ موونە، ئەگەر خەڵک موچەی زیادکراوی هەبێت ئەوا ئامادەیە بەنزین بە گرانتر لە نرخی ئێستا بکرێت. هەروەها ئامادەیە مانگانە لە بڕی ئەوەی ئوتومبێل بەکار دەهێنێت، پارەی باجی هاتووچۆ بدات. لە ماڵ و گەڕەکیش، مانگانە پارەی شارەوانی و پاكکردنەوە ئا و کارەبا دەدرێت. ئەوکات، هەموو دوکاندارێکیش پێویستە باجی مانگانە بدات. تەنانەت پێوسیتە باج بخرێتە سەر هەموو ئەو کەڵ و پەلانەی لە بازاڕدا دەفرۆشرێن (باجێکی زۆر زیادکراویش بخرێتە سەر کەل و پەلەکانی وەکو جگەرە و خوادنەوە کحولییەکان و ئەو کەرەستانەی دەبنە شیواندنی ژینە و تەندروستی مرۆڤ)، هاوشێوەی سیستەمی ئەوروپا و ئەمەریکا. پێویستە هەموو کارمەندێکیش مانگانەی بڕە پارەیەک بۆ خانەنشینی بدات. دیسانەوە، پێویستە مانگانە حکومەت بڕە پارەیەک بۆ بەڕیوەبردنی نەخۆشخانە و فەرمانگکانی تەندروستی لە موچەی کارمەندان بگێڕێتەوە. هاوکات لەگەڵ دروستکردنی سیستەمی باج، پێویستە پەرە بە کەرتی پیشەسازی خۆماڵی و کشتوکاڵ بدرێت. بەم کارە، جولە دەکەویتە بازاڕ و کەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازی دەبوژێتەوە.
ئەو پێشنیازانەی لێرەدا خراوەنە ڕوو، سەرپێیانە و کورت و کرمانجیانەیە بۆ تێگەیشتن لە چەمکی سیستەمێکی پێشکوتوو، کە لە لایەن گەڵانی داهێنەر و کارا و خاوەن هرز و بیرتیژی لە جیهان پەیڕەو دەکرێت. بەم هەنگاوانە نەک هەر لە قەیرانی دارای ڕزگارمان دەبێت، بەڵکو سەرتایەکی بەهێز بۆ دروستکردنی بنەمایەکی سیستەماتیکی و موئەسەساتی (دەزگاگەرایی) لە وڵاتێکی تازە لە دایک دەبێت. ئەگەر ئەم سیستەمە بهێندرێتە ئاراوە، ئەوا هەموو بانکێکی نێودەوڵەتیش ئامادەدەبێت قەرزمان پێبدات. لەگەڵ دروستکردنی ئەم سیستەمەش، ئێمە کار بۆ گەشەی وڵات و کایەکانی کۆمەڵگە دەکەین. ئەگەر نا، ئەو هەوڵەی ئێستا دەدرێت، گۆشەگیری و ڕەشبینیی لە لای خەڵک دروست دەکات و بەرە بەرەش دەوام و کارکردن لە دامودەزگایەکانی میری کەم دەکرێنەوە. تا دێت چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بیر لە گردبوونە و خۆپیشاندان دەکەنەوە ومتمانەیان بە حکومەت و دام و دەزگاکانی بەڕێوەبردنی وڵات نامێنێت. خۆ ئەگەر نرخی نەوتیش بەرزبێتەوە، ئەوا دیسان دەگەڕێینەوە بۆ سیستەمە کۆنەکە و هەمان شێوەی وڵاتانی کەنداو جارێکی دیکە بەرەو نووستن هەنگاو دەنێینەوە.