د. نەهرۆ زاگرۆس
نووسەر
ئایاسۆفیا و ئایندەی تورکیا
ئایا ئەردۆغان دەیەوێت لەپەنا ئاییندا شۆڕشیێکی ئیسلامیی لە دژی ئەوروپا و ئەمەریکا بەرپا بکات یان تەنها دەیەوێت وەکو پادشای عوسمانلی، ئایاسۆفیا بکات بە مزگەوت بۆ عیبادەت و خواناسی؟
دوای 86 ساڵ، دوێنێ (لە 24/7) دەرگای ئایاسۆفیا (Hagia Sophia) بە ڕووی نوێژکەراندا کرایەوە. بۆ شاردنەوەی سیما کریستیانەکەی، هەموو ئەو وێنانەی لەسەر دیوار و بنمیچی ئایاسۆفیا نەخشێندراوبوون، کە زیاتر وێنەی حەزرەتی مەسیح و دایکە ماریەم بوون، بە پەردە و پارتیشن داپرۆشرابوون. لە یەکەم ڕۆژی کرانەوەیدا وەکو مزگەوت بۆ نوێژ و تاعەت و عیبادەت کردن، ڕێگا بە 1000 نوێژکەر درا بۆ چوونە ناو ئایاسۆفیا، کە سەرۆکی کۆماری تورکیاش، رەجەب تەیب ئەردۆغان، یەکێک بوو لە ئامادەبووان.
لەژێر کاریگەری ئەردۆغان، کاتێک دادگای باڵای تورکیا لە 10/7ی ئەمساڵ بڕیاری هەڵوهشاندنەوەی ڕێکخراوی یونێسکۆ (UNSCO)ی دا بۆ گۆڕینی ئایاسۆفیا لە مۆزەخانە و شوێنگەیەکی مێژوویی و گەشتیارییەوە بۆ مزگەوتێکی ئیسلامی، بووە مایەی دڵخۆشی خەڵکانێک و نیگەرانی خەڵکانێکی دیکە. لە هەمان کاتدا، بەلای هەندێک کەسەوە، ئەم بڕیارەی دادگا و تورکیای سەردەمی ئەردۆغان، بە هەنگاوێکی مەترسیدار دادەندرێت بۆ داهاتووی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینزاکان لە جیهان بە گشتی و لە تورکیا و (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)یش بە تایبەتی. لە کاتێکدا ئەردۆغان پێی وایە ''تورکیا مافی خۆیەتی ئەو گۆڕانکارییە لە بڕیارەکانییدا بکات''، جێگری پێشووی سەرۆکوەزیران و وەزیری پێشووی ئابووری و دەرەوەی تورکیا، عەلی بابەجان، پێی وایە ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان ''بۆ پەردەپۆشی قەیرانە گەورەکان و شکستەکانی سیاسەتی خۆیەتی''.(1) لە بەرامبەر ئەوەدا، لە کاتی دەستپێکی یەکەم نوێژی هەینی لە ئایاسۆفیا، سەرۆکی کاروباری ئاینیی تورکیا (Diyanet)، عەلی ئێرباش، وتی: ’'بە گۆڕینی ئایاسۆفیا لە مۆزەخانەوە بۆ مزگەوت، ڕۆژە ڕەشەکانی ڕابردوو کۆتاییان هات و ڕۆژێکی پرشنگدار و پڕ سەروەری و شانازی لە مێژووی تورکیا و موسڵماناندا دەستی پێکرد''.(2)
کاتێک ئایاسۆفیا (بە لاتینی پێی دەڵێن هاگیا سۆفییا) لە ساڵی 537ی زانینی لە لایەن بەیزەنتینییەکانەوە دروستکرا، بووە گەورەترین کەڵێسای ئیمپراتۆریەتی بەیزەنتینی (Byzantine). هەتا داگیرکردنی کوستەنتینۆپول (ئەستەمبۆڵی ئێستا) لە لایەن سوڵتان محەمەدی دووەم لە 29/5/1453، ئایاسۆفیا وەکو کەڵێسای ئۆرتۆدۆکسیی کارتیدرائی مایەوە (جگە لە ساڵانی 1204 - 1261 کە کەڵێسایەکی کاتۆلیکی بوو). دواتر کرایە مزگەوت تا لەناوچوونی عوسمانییەکان و سەرەتاکانی دروستبوونی کۆماری تورکیا. لە ساڵی 1934، (مستەفا کەمال ئەتاتورک)ی دامەزرێنەری تورکیا، بڕیاری گۆڕینی ئایاسۆفیای لە مزگەوتەوە بۆ مۆزەخانە دا. ڕۆمانووس و بیرمەندی تورک، ئۆرهان پاموک پێی وایە کە، ’'مەبەستی ئەتاتورک بۆ گۆڕینی ئایاسۆفیا لە مزگەوتەوە بۆ مۆزەخانە ئەوە بوو تا بە جیهان بڵێت تورکیا سێکۆلارە و جیاوازە لە ئیسلامەکانی دیکە لە ناوچەکەدا''.(3)
ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان، پرسیارگەلێکی گرنگ لە ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایینییەوە لەخۆ دەگرن. هەندێک لە پرسیارەکان ئەمانەن: ئایا ئەردۆغان لەسەر چ بنەمایەکەی ئایینی ئەم کارە دەکات؟ ئایا ئەردۆغان دەیەوێت لەپەنا ئاییندا شۆڕشیێکی ئیسلامیی لە دژی ئەوروپا و ئەمەریکا بەرپا بکات یان تەنها دەیەوێت وەکو پادشای عوسمانلی، ئایاسۆفیا بکات بە مزگەوت بۆ عیبادەت و خواناسی؟ یان دەیەوێت لەم جیهانی پۆپۆلیستیەی ئێستا دەرفەت وەربگرێت و سۆزی موسڵمانان بەڵای خۆییدا بکێشێت و وەکو ڕابەڕێکی گەلانی موسڵمان دەرکەوێت؟
لە مێژووی ئیسلامدا دوو رەوتی جیاواز بۆ گۆڕینی مەزارگە و ئاتەشگەی ئایینی دەبیندرێن. لە سەدەمی پێغەمبەردا، کاتێک موسڵمانان فەرمانڕەوایی شاری مەدینە دەکەن، پێغەمبەر داوا لە کریستیانەکانی شاری نەجران (دەکەوێتە باشووری سعودیە، سەر سنووری یەمەن) دەکات تا لەگەڵ خۆی لە مزگەت نوێژ و عیبادەتی خۆیان بکەن. دواتر، پێغەمبەری ئیسلام پەیماننامەیەک لەگەڵ کریستیانەکان دەبەستێت، کە ماف بە هەموو کریستیانەکان دەدات لەسەر ئایینی خۆیان بمێننەوە. هەورەها ڕێگای بەوەدا کەڵێسا و شوێنگە ئایینییەکان وەکو خۆیان بپارێزرێن و کەسیش نەتوانێت قەشە و پیاوە ئایینییەکان ناچار بکات واز لە ئایین و پراکتیزەکردنی ئایینی خۆیان بهێنن. تەنانەت لە لە قورئاندا، لە سوڕەتی الحج، ئایەتی ٤٠، خودا بەیەک ئاست جەخت لەسەر پاراستنی کەڵێسای کریستیانەکان و سینەگۆگی جولەکەکان و مزگەوتەکان دەکاتەوە: (اۨلَّذِيۡنَ اُخۡرِجُوۡا مِنۡ دِيَارِهِمۡ بِغَيۡرِ حَقٍّ اِلَّاۤ اَنۡ يَّقُوۡلُوۡا رَبُّنَا اللّٰهُ ؕ وَلَوۡلَا دَ فۡعُ اللّٰهِ النَّاسَ بَعۡضَهُمۡ بِبَـعۡضٍ لَّهُدِّمَتۡ صَوَامِعُ وَبِيَعٌ وَّصَلٰوتٌ وَّمَسٰجِدُ يُذۡكَرُ فِيۡهَا اسۡمُ اللّٰهِ كَثِيۡرًا ؕ وَلَيَنۡصُرَنَّ اللّٰهُ مَنۡ يَّنۡصُرُهٗ ؕ اِنَّ اللّٰهَ لَقَوِىٌّ عَزِيۡزٌ).(4)
لەژێر ئەو کاریگەرییەی قورئان و پێغەمبەردا، کاتێک خەلیفەی ئیسلام، عومەری کوڕی خەتاب، دوای شەرێکی خوێناوی و درێژخایەن لە ساڵی 637 ئۆرشەلیم (قودس) دەگرێت، داوا دەکات کەڵێساکان تێک نەدرێن و نەکرێنە شوێنگەی ئیسلامەکان و خاچ و سیمبوڵە ئایینییەکانی کریستیان و جولەکەکان نەشکێندرێن. لە نووسینێکی خۆیدا، مێژوونووسی ئیسڕائیلی، ئۆدێد پێری، دەڵێت: ''دوای زیاتر لە 400 ساڵ لە فەرمانڕەوایی موسڵمانان، شاری قودس هەر بە سیمبوڵ و دیاردەی کریستیانیی خۆی مایەوە''.(5)
لەگەڵ ئەمانەشدا، دوای نەمانی پێغەمبەر، ڕەوتێکی دیکە لە مێژووی فەرمانڕەوایی ئیسلامییەکان، لە خەواریج و ئومەیاد و عەباسییەکانەوە بگرە تا دەگاتە ڕێکخراوی قاعیدە و خەلافەتی دەولەتی ئیسلامیی داعش، بەدی دەکرێت. لەو شوێنانەی بەرەنگاری لە هێرشەکانی موجاهیدە ئیسلامەکان کراوەتەوە، هەموو مەزارگە ئایینییەکان یان تێکدراون و خاپوور کراون، یان کراونەتە مزگەوت و شوێنی تاعەتی موسڵمانان. تەنانەت زۆربەی کتێب و پەراوگە نا ئیسلامییەکانیش سووتێندراون و لەناو بردراون. نموونەی ئەمانە لە سەرتاسەری ئەو شوێنانە بەدی دەکرێت کە فەرمانڕەوایی ئیسلامی لێ هەبووە: هەر لە باکووری ئەفریقیاوە بگرە تا وڵاتانی بەڵقان و ئیسپانیا و پرتوگال لە ئەوروپا. بۆ نموونە، مزگەوتی گەورەی ئومەیادەکان لە دیمەشق سەرەتا شوێنی خوداپەرستی ئارامییەکان بووە و دواتر خەلیفەی ئەمەوییەکان بە زۆر دەیکات بە مزگەوت. هەروەها مزگەوتی ئەل ئەتارین لە شاری ئەسکەندرییە لە میسر، سەرتا کەڵێسا بوو دواتر دوای گرتنی شارەکە لە ساڵی 1055 کرا بە مزگەوت. لە بەرامبەر ئەوانەشدا، نموونە زۆرن کە چۆن مزگەوتی ئیسلامەکان تێکداروان و کراون بە کەڵێسا و شوێنی عیبادەتی ئایینی دیکە لە لایەن کریستیان و هیندۆس و جولەکەکانەوە، بەڵام لەم نووسینە کورتەدا باسیان ناکەین چونکە لە بابەتی نووسینەکەمان دوور دەکەوینەوە.
لە کاتێکادا ناڕەزایەتی ڕێکخراوە جیهانییەکان بۆ پاراستنی مەزارگە و شوێنە مێژوویەکان و پاپای ڤاتیکان و سەرۆک و سەرۆکوەزیرانەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و جیهان لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان دەبیندرێن، خەڵکانێکی بەرچاو لە جیهانی ئیسلامی خۆشحاڵن بە بڕیارەکە. لە نامەیکدا بۆ دەستخۆشی لە ئەردۆغان، جێگری سەرۆکی کاروباری ئایینی لە مەکەدۆنیا، شاکیر فەتاهو، دەڵێت: ''تورکیا لەژێر فەرمانڕەوایی ئەردۆغان نموونەیەکی بوێر و هیوابەخشە بۆ تەواوی ئومەی ئیسلامی''.(6) سەرۆکی یەکێتیی زانایانی مەغریب، پیرۆزبایی لە ئەردۆغان و دادگای تورکیا دەکات بۆ ئەو ''بڕیارە گرنگ و گونجاوە''.(7) لە لایەکی دیکەوە، ئیمام و خەتیبی مزگەوتی تەقوا لە نیویۆرک لە ئەمەریکا، سەید سیراج وەهاج، پێیوایە کە ’'ئەردۆغان سەرکردەی موسڵمانان و پارێزەری دەنگی ئیسلامە لە جیهاندا''. هەروەها وەهاج پێی وایە ''ئەردۆغان تاکە سەرکردەی ڕاستگۆ و بێ ڕکابەرە لە جیهانی ئیسلامدا تا ڕابەرایەتی گەلانی موسڵمان بکات''.(8) جگە لەمانە، لە چەندین لای دیکەوە پیرۆزبایی لە ئەردۆغان و دادگای تورکیا کراوە.
بۆ گەڕانەوە بۆ پرسیارە گرنگەکەمان، کە بۆچی ئەردۆغان لەم کاتە هەستیارەدا دەیەوێت ئایاسۆفیا لە مۆزەخانەوە بگۆڕێت بۆ مزگەوت، پێویستە چەند ڕاستییەک لەبەرچاو بگرین. ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە تورکیا هێز لە ناوچەکە بڵاو دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا، ئێستا ئەردۆغان داڵدەی دوو چینی گرنگ لە کۆمەڵگەی تورکیا دەدات: ئیسلامییە سیاسییەکان و تورکە ناسیۆنالیستەکان. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ئەردۆغان چەندین بڕیاری سەرنجڕاکێشی هاوشێوەی ئێستای داوە. هەندێک لە شارەزایان وای بۆ دەچن کە ئەردۆغان دەیەوێت تورکیا بگەڕێنێتەوە بۆ زەمانی عوسمانییەکان. هەندێکەش پێیان وایە ئەردۆغان تەنها مەبەستێکی شۆڤینی و نەتەوەپەرستانەی هەیە و دەیەوێت لە غیابی هێز و سەرکردەدا، پان-تورکیزم (pan-Turkism) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو بکاتەوە. لە ماوەی 17 ساڵی حوکمڕانیەتییدا، هێدی هێدی ئاکپارتی و ئەردۆغان لە دەسەڵات و سەرکردەیەکی میانڕەو و مۆدێرنەوە دەگۆڕێن بۆ سەپاندنی هەژەموونی خۆیان بە ڕێگای هێز و عەسکەرتارییەوە. تا دێت تورکیاش لە یەکێتیی ئەوروپا دوور دەکەوێتەوە و بەرەو جیهانی ئیسلامی هەنگاو دەنێت. پاڵپشتیکردنی ئەردۆغان لە فەلەستین و بزوتنەوەی حەماس و موسڵمانانی هیندوستان و وڵاتی چین و مافی تورکەکانی قوبڕس و دژایەتی بەشێک لە سەرکردەکانی جیهانی ئیسلامی و گوێ نەدان بە بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان و هەڕەشەی وڵاتانی ئەوروپا لە بەرامبەر سیاسەتی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەواهی ئە ڕاستیانەن. تا ئەم ساتە نازانین تورکیا بەرەو چ ئامانج و ئەنجامێک هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەردۆغان ڕێگایەکی گرتۆتەبەر گەڕانەوەی نییە. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە: تورکیای دوای ئەردۆغان زۆر جاوازتر دەبێت لە تورکیای ئەتاتورک و ئێستا.
تێبینی: بۆ وەبیرهێنانەوەی خوێنەری کورد، هەر لەم ڕێکەوتەش (واتە لە 24/7) لە ساڵی 1923، تورکیا پەیماننامەی لۆزانی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتان و ئیمپراتۆریەتەکانی بەریتانی و فەرەنسی واژۆ کرد بۆ هەڵەوشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەر.(9) بەمەش خەونی کورد بۆ سەربەخۆیی و بە دەوڵەت بوون لەگۆڕ نرا.
سهرچاوه:
(1)BBC: https://www.bbc.com/news/world-europe-53506445
(2) The Daily Sabah: “Hagia Sophia reopens as mosque with 1st prayers in 86 years”. Source: https://www.dailysabah.com/politics/hagia-sophia-reopens-as-mosque-with-1st-prayers-in-86-years/news
(3) Asian review: Hagia Sophia conversion blow to 'secular pride,' Orhan Pamuk says. Source: https://asia.nikkei.com/Editor-s-Picks/Interview/Hagia-Sophia-conversion-blow-to-secular-pride-Orhan-Pamuk-says
(4) بڕوانە قورئانی پیرۆز، سورەتی الحج، ئایەتی 40: ئەوانەی که بەناحەق له وڵاتیان دەربەدەر کران (تەنها تاوانیان ئەوەبوو) که دەیانوت: پەروەردگارمان (أللە)یه، خۆ ئەگەر خوا خەڵکی نەدا بەیەکداو حەق دژی بەتاڵ نەوەستێت، هەرچی شوێنی خواپەرستی جوولەکه و گاور هەیه له خەڵوەتگه و کڵێساو کەنیسە، هەروەها مزگەوتانیش کەناوی خوای زۆر تێدا دەبرێت، هەمووی کاول دەکرێت، سوێند بێت بێگومان خوا ئەو کەسه سەردەخات که پشتگیری ئاین و بەرنامەکەی دەکات و هەواڵی سەرخستنی دەدات، بەڕاستی خوا زۆر بەهێز و باڵادەستە.
(5)Peri, Oded: “Islamic Law and Christian Holy Sites: Jerusalem and Its Vicinity in Early Ottoman Times”. :Source: https://www.jstor.org/stable/3399441?seq=1#metadata_info_tab_contents
(6) The Daily Sabah: “Muslim leaders praise Ankara's decision on Hagia Sophia Mosque”: Source: https://www.dailysabah.com/politics/muslim-leaders-praise-ankaras-decision-on-hagia-sophia-mosque/news
[7] هەمان سەرچاوە.
(8) AA.com: “US Muslim leaders hail Erdogan for Islamic leadership”. Source: https://www.aa.com.tr/en/world/us-muslim-leaders-hail-erdogan-for-islamic-leadership/1591054
(9) DEMİRTAŞ، SERKAN )The Hürryet Daily New): “Two contrasting pictures from today’s Turkey”. Source: https://www.hurriyetdailynews.com/opinion/serkan-demirtas/two-contrasting-pictures-from-todays-turkey-156848