رۆشنبیرانی كورد و سەربەخۆیی كوردستان

ڕۆشنبیران دەڵێن مادەم کارەبا نیە، خزمەتگوزاریی نیە، مووچە نیە، چی لە سەربەخۆیی بکەین ؟

رۆشنبیرانی كورد و سەربەخۆیی كوردستان
رۆشنبیرانی كورد و سەربەخۆیی كوردستان

رۆشنبیرانی كورد و سەربەخۆیی كوردستان

 

ڕۆشنبیران دەڵێن مادەم کارەبا نیە، خزمەتگوزاریی نیە، مووچە نیە، چی لە سەربەخۆیی بکەین ؟

           

د. ساقی بارزانی

 

سەرجەم ڕەهەندەکانی ئازادی بە ئازادیی تاک و ئازادیی سیاسیی و ئازادی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی یەوە  لە ژێر چەتری ئازادیی نەتەوەیی و سەربەخۆیی دێنە بوون.  مرۆڤێکی ئازاد تەنێ لە چوارچێوەیەکی مەزنتری ئازاد دا دەشێ ئازادییەکانی خۆی دەستەبەربکات و بە شێوازێکی پراگماتیک بگاتە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی ئازادیی خۆی و خێزان وئەرک و مافەکانی لە هەمبەر کۆمەڵگا بە جێ بگەیەنێ. کاتێ نەتەوەیەک بن دەست بوو، ئازادیی تاکەکەسی بێ واتایە؛ چونکە ئەو نەتەوەیە بە کۆمەڵ کوێلەیە وهاووڵاتیانی هەستیشی پێ ناکەن.  چۆنکە هێشتا جەمسەرو ڕەهەندە راستەقینەکانی ئازادیی لە لایەن گەلی دەستەڵاتدارەوە ئاراستەی گەلی بندەست دەکرێ و ئەمەش خۆی لە خۆی دا سنوردارکردنی ئازادییە لە بوارەی چەندایەتیی و چۆنایەتی دا.

 

ڕەهەندێکی تری سەربەخۆیی کە پێویستە شرۆڤە بکرێ، ڕۆلی ڕۆشنبیرانە لە ئاست ئەم بابەتە پڕگرنگە. بەداخەوە  لە هەمبەر بیرۆکەی سەربەخۆیی، ڕۆشنبیرانی کورد پەرتەوازە بوونە و بەسەر چەندین کوتلە و دەستەوە دابەش بوونە. دەکرێ پۆلێن بەندییان بکەین بە سەر: ڕۆشنبیری حیزبی؛ ڕۆشنبیری بێ لایەن و بێ هەڵوێست؛ و ڕۆشنبیری بەرژەوەندیخواز.  لەم پۆلێنبەندییەشدا، ڕۆشنبیرانی حیزبی بە پێێ ڕێنوماییە حیزبییەکان و بیرو باوەڕ و ئایدیالۆجیی حیزبی دابەش بوونەتە سەر چەندین پشکەوە ( کە لە بابەتێکی تر بە تێرو تەسەلی ئاماژەیان پێدەکەم ). لەم بابەتە پتر مەبەستم ڕۆشنبیری حیزبی یە.   بڕێ لەم ڕۆشنبیرانە لە بری ئەوەی ئامۆژگاریی حیزبەکان بکەن و لە سەر ڕێڕەوێکی لۆجیکی و دڵسۆزانە بۆگەل و نیشتمان بیخەنە ڕێ،  بە تەسک بیریی وهەندێ جاریش فاشیزمی حیزبی،  بوونەتە خۆڵقێنەری ئاریشە و قەیرانگەلێکی بێ چارەسەرو هاندەری سیاسەتی حیزبی  و بۆ بابەتێکی گرنگی وەکو سەربەخۆیی جۆرەها بیانووی بێ بنەما و نالۆجیکی دێنێتەوە کە مەبەستی  بێجگە لە چەواشەکاریی فیکری و چاندنی تۆوی دوبەرەکی ودوفاقیەت شتێکی تر نیە. ئەو رۆشنبیرە حیزبی یانەی دژایەتی سەربەخۆیی دەکەن، بەرامبەر گەل ڕاستگۆ نین و داوای ئامادەسازیی و زەمینەسازیی لە پێشینە دەکەن. وەلێ،  لە کام ووڵاتی ئەم جیهانە پان و بەرینەدا، لە سەرەتا زەمینەسازیی ئابووریی ، سیاسیی، کۆمەڵایەتی بۆ سەربەخۆیی کراوە؟ ئایا لە بۆسنیا، سۆڤیەت، سودان... زەمینە سازیی چیکرابوو ؟ ئەم ووڵاتانە خاوەنی کام  ئامادەسازییە بوونە؟ ئایا کوردستان بەم هەموو سەرچاوەی مادیی و پتر لە  ٢٠ ساڵ حکومەتی خۆماڵی و هێزی پێشمەرگە هێشتا زەمینەسازیی گەرەکە  ؟

 

رۆشنبیرانی حیزبیی کورد کە نەیاری سەربەخۆیین، لە بری ڕامان لە بیچمی سەربەخۆیی و شیکاریی و شرۆڤەی سەرجەم ڕەهەندەکانی بە شێوازێکی زانستییانە و ئەکادیمیانە ، تەنێ لە بەر بەرژەوندیی  تاک یان حیزبیی سەربەخۆیی ڕەت دەکەنەوە بە بێ هیچ سۆنگەیەکی لۆجیکی و بە بیانووی نەبوونی مووچە یان خزمەتگوزاریی.  لە بری ئەوەی کە بابەتی گرنگیی سەربەخۆیی و ئازادی بۆ هاوڵاتیان بوروژێنن و شیکاریی بکەن، باسەکەیان زۆ  گچکە کردووە و شۆڕ بوونەتەوە ناو باسگەلێکی زۆر خوارتر لە ئاستی مرۆڤە مامناوەندییەکان و بێسەوادەکان. ڕۆشنبیران دەڵێن مادەم کارەبا نیە، خزمەتگوزاریی نیە، مووچە نیە، چی لە سەربەخۆیی بکەین ؟ لە کاتێکدا لە ژیانی مرۆڤدا چی بەهایەک گرنگترە لە ئازادیی و سەربەخۆیی ؟  تاخمێ تر لە ڕۆشنبیرانی کورد بە بیانووی گەندەڵیی وناعەدالەتیی کۆمەڵایەتیی و بەرژەوەندیی هەندێ بەرپرس، ڕەتی هەموو بەها کۆمەڵایەتیی و مافە سیاسیەکانی گەلی کورد دەکەن. پرسیارێک کە دەبێ لێیان بکرێ، ئەوەیە کە ئایا سەربەخۆیی بۆ ئەم بەرپرسانەیە یان لە بۆ گەل ؟ بەرپرسان چەند لە سەدی هاوڵاتیان پێک دێنن ؟ پاشان نەوەی داهاتوو چی؟؟ ڕاستی یەکی حاشالێنەکراوە کە سەربەخۆیی بۆ هەموو ئەوانەیە کە ئێستا لەم ووڵاتە لە ژیاندان و بۆ هەموو ئەو نەوانەشن کە هێشتا لە دایک نەبوونە . ئەم چەشنە قەیرانانە کاتین، وەلێ چەمکی سەربەخۆیی، بابەتێکی درێژمەودایەو پەیوەستە بە ژیانی هاوڵاتیان. چی ئەوانەی ئێستا لە سەر ئەم نیشتمانە دەژین و چی ئەوانەی کە لە داهاتوو لە دایک دەبن.  بەرپرسان و ڕۆشنبیران بەرامبەر بە هەموویان بەرپرسن و دەبێ وەڵامدەر بن. ئەگینا مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات.  لە میانەی ئەم گەرەلاوێژەیەشدا، هەندێ دەنگی نەشازی بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئاڵقە لە گوێ دەبیسترێ کە  دەڵێن، ئێستا کاتی سەربەخۆیی نیە. هێشتا زەمینەسازیی بۆ نەکراوە... ئەمانەش لە بەر بەرژەوەندیی حیزبیی و بازرگانیی خۆیان ناخوازن ریسک هەلگرن و وەکو بورژواز و سەرمایەدارەکان ناخوازن مەترسی بخەنە سەر سەرەوت و سامانیان. بەڵام ئەوانەش بەرپرسن چۆنکە سەربەخۆیی قوربانیی گەرەکە. بەها گەوەرەکان قوربانیی گەورەی گەرەکە. ئایا سامانی ئەو بەرپرسانە گرنگترە یان خوێنی سەدان هەزار شەهید کە لەم پێناوەدا شەهید بوونە ؟

سەربەخۆیی بەشێکی سەرەکی مرۆڤاندنە کە لە فەلسەفەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دا بە یەکێ لەگرنگترین هاندەرانی بزاڤی مرۆڤ دەزانرێ. چی لە ڕوانگەی تاک و کۆمەڵەوە؛ یانژی بزاڤی پێشکەوتووتری وەکو شۆڕش و بەرخودان. ڕۆشنبیرانی حیزبیی دەبێ هزر بکەنەوە ئامانجەکانی حیزبەکانیان چین و چی بوون؟ ئایا سەربەخۆیی بەشێکی سەرەکیی ستراتیژیی یان نیە ؟ کام حیزبەیە بە هەزاران شەهیدی بۆ سەربەخۆیی نەدابێ ؟   ئەنجا ئەوە گەوجاندنی خەڵک نەبێ دەبێ چی ناوزەت بکرێ؟ ڕۆشنبیران دەبێ جڵەوی حیزبەکانیان بگرنە دەست و کاربکەن بۆ جێکەوتکردنی بیری سەربەخۆیی لە ناو هەناوی سیاسیی و ڕۆشنبیریی حیزبی دا، وەلێ بە پێچەوانەوە، دەستیان کردووە بە حیزباندن و سیاسی کردنی کێشەکان و خۆڵ لە چاوکردنی گەل و تا ڕادەیەک کە بابەتێکی زۆر گرنگی وەکو سەربەخۆیی بە شەخسی کراوە... وا دەزانن تەنێ یەک کەس و لایەن و حیزب میراتگەری بیرۆکەی سەربەخۆیین و ئەوان هەرچیەکیش بڵێن، هەڵەیە تەنانەت بیردۆزی سەربەخۆیی بێ. لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە کە دەڵێن سەربەخۆیی ئەگەر لە سەردەستی کەسێکی جیاواز لە بیروباوەڕیان بێتەدی، بێ هیچ لۆجیکێک ڕەت دەکەنەوە. ئایا ئەمە فاشیزمی فکری نیە؟ ئایا ئەمە خۆسەپێنی نیە ؟

 

ئەمە ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە چۆنکە ئەم بیرۆکەی فاشیزمی فکریی و حیزبی لە هەرەمی سەرکردایەتیی حیزبەکاندا شۆڕ بووەتە ناو هەناوی ئەندامانی حیزب و لایەنگرانیشیان.  تەنانەت لە ناو خێزانەکانیش بە ڕادەیەک بێ ئەوەی بیربکەنەوە، دەستەیەک پەیدا بوونە کە دژایەتیی بیرۆکەی سەربەخۆییش دەکەن. کێ بەرپرسە لەم قەیرانە فیکریی و ئاپۆرەی ئەم لەشکرە بێسەوادە ؟  ئەم ئاپۆرەیەی کە بەرژەوندیی خۆی و نەوەی داهاتوو دەخاتە مەترسییەوە بۆ پارچەیێ نان و دوو کاتژمێر کارەبا ؟  گەمژەیی نیە مانای سەربەخۆیی و ئازادیی ئەوەندە کاڵ بکەنەوە کە بێ بەها بێتە بەرچاو و بە  چەکی ڕاگەیاندن، سەدان بیانوو بێنن تا خەڵک پاشگەز بکەنەوە لە سەرەتایی ترین مافەکانیان؟ لە کاتێکدا بایەخی هیچ شتێ لەم جیهانە پان و بەرینە بە قەدەر سەربەخۆیی و ئازادیی مرۆڤ نابێ. کوا بەرپرسێتی ڕۆشنبیرانی حیزبی ؟ ئایا لە بری ئەوەی ببنە پردی پێکگەیشتن و یەکێتیی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵ، نەبوونەتە هۆکاری لێکترازان و تێفکرینی نەرێنیی و کۆمپلێکسی کۆمەڵایەتی ؟ 

 

رۆشنبیران کورد لە بری ئەوەی هەستی نەتەوییی و لەخۆباییی نەتەوەیی تاکی کورد بەرز بکەنەوە و غروری نەتەوەیی و جەربەزەیی بخەنە ناو دڵ و مێشکیی تاکی کورد کە داوای سەربەخۆیی و ئازادیی بکات، ئەوەندە خەڵکی بە لاڕێدا دەبەن کە دەبێ بەزەیی بە  دۆخی ئەم گەلە بەرین.  نابێژم مووچەو خزمەتگوزاریی گرنگ نیە. داکۆکیکاری گەندەڵی و ناشەفاففیەت نیم و نایەکسانی کۆمەڵایەتیی بە نەنگ دەزانم، وەلێ ئایا سەربەخۆیی چۆن بە نانێ دەفرۆشرێ ؟ کەس هەیە سەربەخۆیی بکاتە قوربانیی کارەبا؟ کەس هەیە داهاتووی خۆی و گەل و نیشتمانی بگۆڕێ بە چەند مووچە و بڵی لە سۆنگەی نەبوونی مووچە سەربەخۆیی بێمانایە؟ کام سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر، دەستەڵاتدار مافی ئەوەی هەیە نکۆڵی لە سەربەخۆیی گەلەکەی بکات یانیش بکاتە قوربانی بەرژەوەندیی خۆی و حیزبەکەی. سەربەخۆیی موڵکی هیچ تاکێکی کورد بە تەنێ نیە، بەڵکو سەربەخۆیی موڵکی هەموو تاکێکی کوردە. بە وانەشەوە کە هێشتا لە دایکیش نەبوونە. هەموومان بەرپرسین لە هەمبەر ئەم دۆزە.