ھێمن حوسێن
پەیامنێر
كاكه‌ييه‌كان هيچ نوێنه‌رێكيان له ئه‌وقاف نييه
داواكه‌يان له وه‌زاره‌ت راگيراوه
K24 – ھەولێر
كاكه‌ییه‌كان تاكه پێكهاته‌ی ئایینین له هه‌رێمی كوردستاندا كه تاوه‌كوو ئێسته نوێنه‌ریان له ناو وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی‌دا نییه.
به‌پێى ئه‌و زانياريانه‌ى ده‌ستى (K24) كه‌وتووه كاكه‌ییه‌كان بۆ چه‌ندان جار داواكاریان ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروبارى ئايينى سه‌ر به‌حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردووه، به‌ڵام داواكه‌یان له‌لایه‌ن وه‌زیری ئه‌وقاف راگیراوه.
كاكه‌ییه‌كان، داواكارن ئایینه‌كه‌یان له باشووری كوردستان به‌فه‌رمی بناسرێت هاوكات داوا له‌حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كه‌ن نوێنه‌ریان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی هه‌بێت.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی كاكه‌ییه‌كان ساڵانێكه له‌هه‌وڵدان، به‌ڵام تائێسته داواكاریه‌كه‌یان جێبه‌جێ نه‌كراوه.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندیه‌كان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی رایده‌گه‌یه‌نێت كه داواكاری كاكه‌ییه‌كان فه‌رمانی بۆ ده‌رچووه، به‌ڵام له‌لایه‌ن وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینیه‌وه راگیراوه.
به‌پێی یاسای ژماره -5- له‌مانگی 4 ی 2015 دا كه له‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌رچووه، كاكه‌ییه‌كان وه‌ك هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی دیكه مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه نوینه‌ریان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێت.
ئه‌گه‌رچی تا ئێسته سه‌رژمێریه‌كی فه‌رمی له‌به‌رده‌ستدا نیيه سه‌باره‌ت به ژماره‌ی كاكه‌ییه‌كان، به‌ڵام به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه له عێراقدا ژماره‌یان ده‌كاته نزیكه‌ی 500 هه‌زار كه‌س و به‌شی زۆریشیان ده‌كه‌ونه هه‌رێمى كوردستان و ناوچه كوردستانیيه‌كان.
كاكه‌ییه‌كان سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ی كوردن و له وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ك ئێران و توركیا و سووریا بوونیان هه‌یه و به كاكه‌یی و ئه‌هلی حه‌ق و یارسانیش ناوده‌برێن.