بۆ (29) پەرلەمانتارەکە!

پرسیارێک ئاراستەی ئەو (29) پەرلەمانتارە دەکەم ، ئایا لەسەرکوشتنی ئەو هەموو خوپیشاندەرە لەسنوری سلێمانی وڕادەستکردنەوەی تێکۆشەرێکی رۆژهەڵاتی وەک مستەفای سەلیمی و کۆشتنی رۆژنامەنووس ئامانج بابان و لانەی هاوسەری و منداڵی، بۆچی بێدەنگ بوون ودەتوانن پێمان بڵێن ڕای سیاسی و یاسایان چیە؟

په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

چەند رۆژێکە رای گشتی کوردستان بە بڕیارێکی تەمیزی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان سەرقاڵ کراوە، بەداخەوە بەشێکی ئەوخەڵکە بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی هەبێت له‌باره‌ی بڕیارەکە و دۆسییەی تاوانبارانی سزادراوان، بەڕاست وچەپ کەوتونەتە تانەلێدان و ئیهانە و تەنانەت دەستوردانیش لەکاروباری دەسەڵاتی دادوەری، لەوانەیە ئەمە تاڕادەیەك ئاسایی بێت بۆخەڵکی ئاسایی، کە شارەزاییەکی ئەوتۆی نییە له‌باره‌ی ئەم کەیسە یاساییە و لەچوارچێوەی هاوسۆزی مرۆیدا کاردانەوەیەک بکات، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە و مایەی ماڵوێرانییە کە نوێنەرانی گەل! و یاسادانەران کە ئەمدامی پەرلەمانن بە نەزانانە و بۆ مەبەستی سیاسی ئامانجدار بە ئاشکرا دەست لە کاروباری دادگا و دەسەڵاتی دادوەری وەردەدەن، یاداشتی ئەو (29) پەرلەمانتارەی کە ئاراستەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم کراوە بەئاشکرا دەستوەردانە لەکاروباری دادگا و گومان لەسەر دروستی و نادروستی رێوشوێنەکانی دادگایی کردنی تاوانباران دەکەن و پێشهێلکاریەکی زەقە بۆ هەموو یاسا بەرکارەکانی هەرێم و عێراق وە هیچ یاسایەک و تەنانەت پەیڕەوێک رێگە بەکارێکی وا نادات، کە پەرلەمانتاران كردوویانه‌، بۆیە لێرەدا هەڵەی گەورەی ئەو پەرلەمانتارانەتان بۆ دەخەمەڕوو لەڕووی یاساییەوە:

1- دەستوری عێراق کە ویلایەتی بەسەر هەرێم و دامەزراوەکانیشیەوە هەیە زۆر بەڕوونی لە ماددەی ٤۷ جەخت لەسەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەکاتەوە و جگە لە یاسا هیچ دەسەڵاتێکی دیكه‌ لەسەرووی دادگاوە نییە و هەروەها یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2007ی دەسەڵاتی دادوەریش لە ماددەی 19دا باس لەم سەربەخۆیە دەکات. بەڵام ئەندامانی پەرلەمان بەئاشکرا داوای هەڵوەشانەوەی بڕیاری دادگا دەکەن و بەبیانووی نەبوونی نەزاهەت لەبڕیاری دادگاکە، ئەمەش بۆخۆی هەم پێچەوانەی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیشە، کە نەخشەی کاری پەرلەمانتاری دیاریکردووە وە بە پێی ئەم پەیڕەوە تەنانەت ئەگەر بابەتێک لە ژێر لێکوڵینەوەدا بێت پەرلەمان بۆی نییە لێکۆڵینەوە لە سەر بکات، چ جای ئەوەی کە بابەتەکە بە پێی رێکاری یاسایی هاتوو لە یاسای بنەماکانی دادگای سزایی حوکمی لە سەر درا بێت! و لە لایەکی دیكه‌شه‌وه‌ پێشێلکاریەکی زەقیشە بۆ بنەماکانی حوکمڕانی کە لە سەر بناغەی پرەنسیپی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دانراوە.

2- بەشێکی زۆری ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە واژوویان لەسەر یاداشتەکە کردووە پەڕاوی لێکۆڵینەوەکانیان لەبنەڕەتەوە هەر نەبینیووە، کەچی گومان و تانە لە بڕیاری دادگا دەدەن. بەر لەهەرشتێک پێویستە رای گشتی ئەوە بزانێت لەدادگای تایبەتمەند یان دادگای بابەت( محكمة الموضوع) بەڵگە ناخرێتەڕوو لەکاتی جەلسەکانی مورافەعەدا، بەڵکو خستنەڕووی بەڵگەکانی تاوانبارکردن لە قۆناغی لێکۆڵینەوە دەخرێتەڕوو بۆیە ئەو بانگەشەیەی کەوا  ئەندامانی پەرلەمان دەیکەن کە گوایە لەڕۆژی دادگای کردنەکەدا هیچ بەڵگەیەک نەخراوەتەڕوو نیشانەی جەهالەتیانە بە قانون و بێ ئاگاییە لەڕێوشوێنەکانی دادگایی کردن.

3- سەبارەت بەنەبوونی زەمانەتە یاساییەکانی ڕێوشوێنی دادگای کردن لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکاندا بێگومان ئەو بانگەشەیەی ئەندامانی پەرلەمان دوورە لەڕاستیەوە، چونکە لەناو پەڕاوی لێکۆڵینەوەکاندا ناوی پارێزەری بەرگریکار هاتووە، کە بەرگری لێکردوون، بەڵام ئەندامانی پەرلەمان چونکە مەبەستی دیكه‌یان هەیە نایانەوێت ئەو راستیە بزانن بۆیە لە قۆناغی لێکۆڵینەوە تاوانباران هەموویان پارێزەریان هەبووە و لەپەڕاوی لێکۆڵینەوەکاندا جێگیر کراوە، هیچ بەڵگەیە نییە کە ئەو بانگەشەیەی ئەندامانی پەرلەمان بسەلمێنێت کە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانبارانە نەکراوە، مەبەستیان تەنیا وڕووژاندنی رای گشتیە دژی دامەزراوە قەزاییەکان.

4- بانگەشەی هەڕەشەکردن لە تاوانباران و کەسوکاریان بە دەستدرێژی بانگەشەیەکی بەتاڵە و مەبەست لێی وڕووژاندنی رای گشتیە بەلای کەیسەکەدا و هەروەها بۆ تەرویجی سیاسی پەنای بۆ دەبرێت، ئەگەر راستە ئەو بانگەشەیە بۆچی کەسوکارەکانیان بۆ رای گشتی ئاشکرای ناکەن، کە هەڕەشەیەکی وایان لێکراوە، وڕووژاندنی ئەم پرسە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە عارێکی گەورەیە، نەدەبوو بکەونە ژێر کاریگەری ئەو تەوژمە پۆپۆلیستیەی کە شەقامی کوردی گرتووه‌تەوە لەهەندێك باردا خۆیان رابەرایەتیشی دەکەن.

5- سەبارەت بە سەردانیکردنی تاوانباران بۆ کونسوڵخانەکانی ئەمه‌ریکا و ئەڵمانیا، وا پیشاندانی بۆ رای گشتی کەوا ئەوە بنەمای تاوانبارکردنی تاوانبارانە دوورە لەڕاستیەوە و هەردوو کونسوڵخانە لەسەرەتاکانی دادگایی کردنی تاوانبارانەوە ئاگاداری هەموو رێوشوێنەکانی دادگاییکردنەکە بوون، بەهیچ شێوەیەک بڕیاری دادگا ئەو سەردان و هاتوچۆیەی بە تاوان هەژمار نەکردووە ئەوەی زەڕەیەک لە یاسا بزانێت هەڵەی واناکات، ناوهێنانی ئەو دوو کونسوڵخانەیە تەنیا بەهۆی ئەوەوه‌یه‌ کەوا لە دانیشتنی کۆتاییدا ناویان هاتووە لەلایەن تاوانبارانەوە وە بەپێی یاسای رێوشوێنەکانی دادگای کردنی عێراقی دەبێت هەموو وتەکانیان لەناوەڕۆکی بڕیارەکە بنوسرێت. بۆیە وڕووژاندنی رۆڵی کونسوڵخانەکان لەتاوانەکانی تاونباران ئامانجدارە و مەبەست لێی هێنانە ناوەی لایەنی دەرەکییە لە کەیسێکدا کە پەیوەندی بە ئاسایشی ناوخۆی هەرێمەوە هەیە، نەک دانیشتن و کۆبونەوە لەگەڵ کونسوڵخانەکان، تاوانباران لە پەڕاوی لێکۆڵینەوەدا لەبەردەم دادگای تاوانەکانیشدا دانیان بەوەدا ناوە کە هەستاون بە کۆمەڵێك کاری تێکدەرانە وسیخوری کردن بۆ لایەنێکی قەدەغەکراو لەهەرێمدا کە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتیمانەوە هەیە نەک شتی دیكه‌.

6- پێویستە ئەوەش بەبیری ئەو پەرلەمانتارانە بهێنمەوە، کە ئاسایش لەوکەیسەدا لایەنی سکاڵاکار نییە، لەگەڵ گەیشتنی کەیسەکە بەداواکاری گشتی رۆڵی ئاسایش کۆتایی پێدێت، ئاسایش لەو کەیسەدا حەکەم و خەصم نییە وەک ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە بانگەشەی بۆ دەکەن، لەنەزانییان بەرامبەر یاسا ئەو جۆرە پرسانە دەوڕوژێنن.

لەکۆتایدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کەوا ئەو دەستوردان و فشارانەی کە لەسەر دەسەڵاتی دادوەری دروستکراوە لەلایەن یاسادانەرانەوە، (کە تەنانەت بەشێکیان لە کەشێکی ئارام و ئازاد لە گەل خانەوادەی تاوانباران و رێکخراوەکانی نێو دەوڵەتی و رۆژنامەنووسان لە ناو هۆڵی دادگا ئامادەبوون)! پەڵەیەکی رەشە بەنێوچەوانی ئەوانەوە کەوا لەلایەک باسی سەربەخۆیی و گرنگی بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری دەکەن و لەلایەکی دیكه‌شەوە زۆر بێ شەرمانە و بێ هیچ سڵکردنەوەیەک دەست وەردەدەنە کاروباری دادگاوە و فشار دروست دەکەن لەسەر دەسەڵاتی دادوەری بەئامانجی گۆڕینی رێرەوی عەدالەت لەو کەیسە و کەیسە هاوشێوەکاندا پەیوەندیدارن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە لەکوردستانی عێراقدا.

لەکۆتایدا پرسیارێک ئاراستەی ئەو (29) پەرلەمانتارە دەکەم، ئایا لەسەرکوشتنی ئەو هەموو خوپیشاندەرە لەسنوری سلێمانی و رادەستکردنەوەی تێکۆشەرێکی رۆژهەڵاتی وەک مستەفای سەلیمی و کوشتنی رۆژنامەنووس ئامانج بابان و لانەی هاوسەری و منداڵه‌كه‌یان، بۆچی بێدەنگ بوون و دەتوانن پێمان بڵێن رای سیاسی و یاسایان چییە؟

 

*ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان