پارێزگاری هەولێر: هەولێر هەمیشە قەڵای بەرگری و سەرمەشقی هەڵوێستە نیشتمانییەکان بووە

بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، کاتژمێر 10:30ـی بەیانی لە باغی شاری هەولێر، گردبوونەوە و خۆپیشاندانێکی فراوانی جەماوەری بۆ پشتیوانیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان ساز بکرێت، هاوکات ئاگاداری فەرمانبەران و هاووڵاتییان کراوەتەوە کە سبەی پشووی فەرمی نییە و دەوامی دامودەزگاکان ئاسایی دەبێت.

لە بانگەوازێکدا کە ئاڕاستەی جەماوەری شاری هەولێر، سەرجەم چین و توێژەکان و پێکهاتەکان کراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە ئەمڕۆ خاک و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، یەکدەنگی و هەڵوێستە، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی لە باغی شار (نزیک قەڵای هەولێر) گردبوونەوە و خۆپیشاندانێکی جەماوەری و نیشتمانی بەڕێوە دەچێت.

لە بانگەوازەکەدا داوا لە گەورە و بچووک، فەرمانبەران، مامۆستایان، قوتابیان، کرێکاران، کاسبکاران، گەنجان، ئافرەتان، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کراوە، بەشدارییەکی فراوان و کارایان هەبێت تاوەکو پەیامێکی ڕوون، ئاشتیخوازانە و یەکگرتوو بگەیەننە هەموو جیهان.

سەبارەت بە ڕێنماییەکانی گردبوونەوەکەش جەخت کراوەتەوە کە تەنیا ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە و بەرزکردنەوەی هیچ ئاڵا و دروشمێکی دیکەی حزبی یان تایبەت ڕێگەپێدراو نییە، هەروەها تێیدا هاتووە: "سبەی ڕۆژی کوردستانە و هەموومان لە ژێر سایەی یەک ئاڵادا کۆ دەبینەوە."

لەبارەی دەوامی فەرمییەوە، هاووڵاتییان و فەرمانبەران ئاگادار کراونەتەوە کە سبەی پشووی فەرمی نییە و دەوامی دامودەزگاکان بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان ئاسایی دەبێت؛ بەڵام دەسەڵاتی تەواو دراوە بە سەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسانی فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندن کە هەموو ئاسانکارییەک بکەن و مۆڵەت بدەنە فەرمانبەران و مامۆستایان تاوەکو بتوانن بەشداری لەو گردبوونەوەیەدا بکەن.