رۆبینا تیاری
نووسەر
كاری پهرلهمانتار نییه دەستێوەردان لە بڕیاری دادگاکان بکات
"بهشێكی زۆر لەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان لەسەر بابەتی دەستبەسەرکردنی ئەم چەند کەسە کردووە زۆرینەیان ھیچ لە یاسا نازانن"
سەبارەت بە سەروەری یاسا لە ھەرێمی کوردستان ھەموومان دەزانین ئێستا ئەنجومەنی دادوەری و دادگاکان سەربەخۆکراون و تا رادەیەکی زۆر باش ئازادن لە بڕیاردان. پێویست بەوە ناکات بۆ موزایەدەی سیاسی و حزبی و بانگەشەی ھەڵبژاردن بابەتی حوکمدانی چەند کەسێک تەنھا لەبەر ئەوەی لە ھەولێر حوکمدراون ئاوا زەق بکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە زۆنی سلێمانی چەندینجار یاسا پێشێلکراوە و خەڵک کوژراوە ھیچ کەس دەنگی لێوە نەھاتووە.
ئێمە ھەموو کاتێک قسەمان لەسەر لاوازی دادگاکان کردووە، وەکو لایەنێکی کریستیان پێمانوایە دەبێت یاسا توندتر لەوەی ئێستا بڕیار بدات و کەس زوڵم لە کەس نەکات و ھەموومان پێگیر بین بە قەوارەی ھەرێم، پێویسته لێبگەڕێن با یاسا سەروەر بێت و دادگاکان خۆیان بڕیار بدەن.
وەک دەبینین کاریان گەیاندووهتە ئەو رادەیە کە 29 پەرلەمانتار واژوو کۆبکەنەوە لە دژی بڕیاری دادگا.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەو چەند پەرلەمانتارە رێژەیەکی کەمینەن لە پەرلەمان و زۆرینەی دەنگی پەرلەمان نین، لە لایەکی تریشەوە ئەمە کاری پەرلەمان نییە کە دەست تێوەردان لە بڕیاری دادگاکان بکات. پەرلەمان دەسەڵاتی یاسادانانە نەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن، پەرلەمانتار دەنگ لەسەر یاساکان ھەڵدەبڕێت نەک حوکم دەکات.
ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان لەسەر بابەتی دەستبەسەرکردنی ئەم چەند کەسە کردووە لە کاتێکدایە کە زۆرینەیان ھیچ لە یاسا نازانن و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بابەتەکە نەکردووە و دان پێدانانی تاوانبارانیان نە خوێندۆتەوە یەکسەر ھاتوون خۆیان کردۆتە دادوەر و بڕیاریان داوە، ئەمە کاری پەرلەمانتار نییە.