یەکڕیزی وێڕای جیاوازییەکان کلیلی ناودەستتانە

كۆنفرانسی "یه‌كڕیزی و ده‌ستوور"
كۆنفرانسی "یه‌كڕیزی و ده‌ستوور"

خاتو جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، له‌ كۆنفرانسی "یه‌كڕیزی و ده‌ستوور"دا وتارێكی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قی وتاره‌كه‌یه‌:

میوانانی بەڕێز

ئامادەبووانی خۆشەویست

دەمەوێت بە سوپاسکردنی زانکۆی کوردستان دەست پێ بکەم بۆ بانگهێشتکردنم بۆ ئەم چالاکییەی ئەمڕۆ. شانازییەکی گەورەیە و خۆشحاڵم کە من لێرە ئامادەم.

من ئەمڕۆ دەمەوێت ئه‌گەر رێگەم بدەن زۆر بە راشکاوی قسە بکەم. مەبەست لە سەرنجەکانم هەم تەحەددی کردنە و هەمیش بۆ هاندانی بیرکردنەوەیە بۆ ئەوەی بتوانین راستگۆیانە و بنیاتنەرانە هەوڵ بدەین لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەندێک لە گیروگرفتەکان و کێشەکانی سیستەم، بە واتایەکی دیكه‌، رەنگە هەندێکتان ئەم رایانەی منتان لە رادەبەدەر بە راشکاو بزانن، بەڵام وەک کورد دەڵێت "دۆست ئەو کەسەیە بتگریێنێت".

دەبا رووبەڕووی ببینەوە. لە هەندێک لە گفتوگۆیەکانم لە هەرێمی کوردستاندا دیدە دەربڕاوەکان، پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، دلێرانەن، لەهەمانکاتیشدا، ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە من پێی سەرسامم. هەروەها نابێت ئاڵوگۆڕی بیروڕا تەنیا بۆ مەبەستی کۆبوونەوە بێت و بەس، بەڵکو پێویستە لەپێناو باسکردنی کرۆکی بابەتەکان بێت، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر.

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست

خەباتی نەپساوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چارەنووس یەکێكه‌ له‌ پێویستەییه‌كان بۆ هەر کەسێک. بە سەیرکردنی مێژوو و جوگرافیای ئەم ناوچەیەش، بە رای من باشترە بڵێین کە ئەم دۆخە بە تایبەتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانیش راستە. سەیرکردنی رابردوو بەسە لەم رووەوە و هەروەها ئێستا و ئایندەش پڕە لە نادڵنیایی و مەترسی.

ئەوەی کە ئێمە دەیزانین ئەوەیە، کە ئەم قەوارە فیدراڵییه‌‌ى ئێستا کات و قوربانییەکی زۆری ویستووە. بەڵام وەک هەر شوێنێکی دیكه‌ی ئەم جیهانە، ماف و ئازادیيەکان هەروا بە ئاسانی بەدی نەهاتوون، نەخێر، هەرگیز.

ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە، کە هەرگیز وا مه‌زانن ئەم جۆرە فیدراڵییه‌‌ هەر بە مسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە یەکڕیزی بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە لەوپەڕی پێویستیدایە.

لە راستیدا، من هەر وەک لە هەفتەی رابردوودا بە ئەنجومەنی ئاسایشیشم گوت، کە هێزی سیستەمی فیدڕاڵی لە بەهێزیی ئەو گرێبەستانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لەنێوان پێکهاتەکاندا هەیە، ئەمانیش هێزی خۆیان لە ئاشتەوایی و یەکڕیزی نێوان کۆمەڵگاکانەوە وەردەگرن.

سەبارەت بە عێراقيش، وڵاتەکە بە قەد ئەو پەیوەندییەی کە پێکهاتە جیاوازەکانی بەیەکەوە گرێدەدا، بەهێزە. بە زۆریش ئەم خەڵکە جیاوازانە پێویستیان بە ئاشتەوایی نێوان کۆمەڵگاکان هەیە.

ئێستا هەرێمی کوردستان بە دڵنیاییەوە و بە شێوەیەکی بۆماوەیی و بەرفراوان پڕە لە جیاوازی و فرە ئاینی و فرە زمانی ئەمەش بە روونی لە سەردانەکەی ئەمدواییەی "پاپا فرانسیس"دا رەنگی دایەوە.

هه‌موو كه‌س بۆى هه‌يه‌ بڵێت بەهێزیی و بووژانەوەی بەرچاوی هەرێمی کوردستان لە هەبوونی ئەم جیاوازییانەوە سەرچاوەی گرتووە.

ته‌نانه‌ت دەتوانین بشڵێین: "یەکێتی دژەکان" یەکێک بوو لەو هۆکارە بناغەییەی کە بووە هۆی دروستبوونی هەرێمی كوردستان و بە دڵنیاییشەوە هەر ئەم بنەمایەشە کە دەتوانێت ئایندەی مسۆگەر بکات.

بەڵێ وەک زۆربەی وڵاتان، لە عێراق و هەرێمی کوردستانيشدا ناکۆکی سیاسی هەیە و زۆربەی دیموکراسییە بەهێزەکانی ئەمڕۆش دوێنێ بە هەمان دۆخی شەڕ و خوێنڕشتن و نەهامەتیدا تێپەڕیون.

هیچ پێویست بە گوتن ناکات، کە کوردستانێکی بەهێز مانای توانابوونیەتی له‌وه‌ى كه‌ بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت. بە پێچەوانەوەشەوە، پەرتەوازەیی دەبێتە هۆی لاوازی.

بێگومان، هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەبێتە مایەی بەهێزبوونی عێراقی فیدڕاڵیش، نەک هەر لەسەر ئاستی ناوخۆیی بگرە جیهانیش. هەروەها گومانیش لەوەدا نییە، کە بەهێزبوونی ناوخۆیی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەرەكيش.

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست

من وەک سیاسەتمەدارێکی پێشووى ئەوروپايى، دەتوانم لە ئەزموونی خۆمەوە پێتان بڵێم کە فه‌راهه‌مكردنی دیموکراسی، بە تایبەتیش ئەوەی کە ئاستی زۆر جیاوازی فەرمانڕەوایی هەیە، کارێکی سەختە.

ئەمە زۆر راستە کە دیموکراسی درێژخایەن لە کۆمەڵگاکاندا لە چاوتروکانێکى موعجیزەئاسا بەدی نایەت، بەڵکو سازشکردن پێویستی بە ئارامگرتنی لەڕادەبەدەر و بڕیاری شێلگیرانە هەیە.

بێئارامی ئاساییە و من بە تەواوی ئاگادارم لێی. رەنگە هەتا بۆ پاڵنانی شتەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هاوبەشی زیاتر ویستراویش بێت. بەڵام بە شێوەیەکی مسۆگەریيانە پێویستە پڕۆسەی دیموکراتی کاتی بدرێتێ، بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بکات.

ئەمە رەنگە رووبدات. پێویستە کارلێکی تەندروستانەی ئۆپۆزسیۆن و حکومەت و پێکهاتەی پارتە سیاسییەکان لە سەر هەموو ئاستەکانی ناوخۆیی و هەرێمی و نیشتمانی رێگەپێدراو بێت.

لە میانەی هەموو ئەمانەدا، دوا ئامانجی سەرکردایەتی پێویستە بریتی بێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیيەکانی. چەقەکە پێویستە لەسەر ئەو چارەسەرانە بێت، کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن، به‌ڵام ئەو چارەسەرانەی کە لەسەر بنەمای زۆرینە داده‌مه‌زرێن ئەوە ناتوانن بە دوورمەودایی بمێننەوە.

هەر وەک گوتم، یەکڕیزی ئەگەر بۆ یەکجاریش بەدەست بێت، بەڵام هێشتاش نابێت بە مسۆگەر دابنرێت و بۆیە پێویستە بەردەوام کاری بۆ بکرێت. ئەم "کاری به‌رده‌وامبوونه‌"، خۆگەیاندن و هانابردنی بەردەوام بۆ ناو خەڵکی سادە و گفتوگۆ و کاری تۆکمەى پێويسته‌، کە ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە پێکهاتەکان و کۆمەڵگاکان لە هەموو کاتێک گوێیان لێ گیراوە.

کاتێک یەکڕیزی تووشی هەڕەشەی لێکترازان دەبێت، ئەوە ئەرکی سەرکردایەتییە کە رێنمایی بدات و بەرژەوەندییە دژەکان یەک بخات. لە هەمانکاتدا، ئەرکی هەر هاووڵاتییەکيشە کە دان بەو راستییەدا بنێت، کە هاوسەنگی راگرتن لە نێوان دید و بەرژەوەندییە جیاوازەکاندا پێویستی بە سازش و نه‌رمى نواندنه‌ وەک هەر کۆمەڵگەیەکی فرەڕا.

سیاسەت بە "هونەری ئەنجامدانی ئەوەی دەکرێت بكرێت" پێناسە کراوە. پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، نه‌رمى نواندن رێگەیەکە بۆ نه‌هێشتنى جیاوازییەکان. من ئەوەش رەت ناکەمەوە کە نه‌رمى نواندن رەنگە لەپڕ ببێتە هۆی بێ هیواییش، بەڵام هەرچۆنێک بێت نه‌رمى نواندن بۆ یەکتر دەبێتە مايەی کردنەوەی دەرگای سەرکەوتنی درێژخایەن.

بەو پێیەی کە هەموو سیاسەتێک دواجار هەر ناوخۆییە، بۆیە زۆر پێویستە کە گیانی یەکڕیزی و هاوبەشکاری بە کردەنی لەسەر ئەم ئاستە پیادە بکرێت. سیستەمی هاوسەنگ ئەو سیستەمەیە کە تێیدا دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە هەموو کات و شوێنێکدا بە تەواوی مسۆگەر کراوە، بێگوێدانە ئەوەی کە چ هێزێکی سیاسی لە دەسەڵاتدایە.

لەگەڵ گوتنی هەموو ئەمانە، ئێمە پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان یەکگرتوویی لەگەڵ یەکڕایی. ئەوە کە تەنیا کە کۆمەڵێک بتوانێت یەکبگرێت و ببێتە یەک، ئەوە هەرگیز مانای ئەوە نییە کە ناتوانرێت تاووتوێی تەندروستییانەی ناوخۆیی ئەنجام بدرێت، یانیش ناتوانرێت چەندین دەنگی جیاواز ببیسترێن. رای جیاواز هەرگیز هەڕەشە نییە و بگرە بە پێچەوانەشه‌وه‌ سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندییە.

ئەوەی کە شانبەشانی ئەمە گرینگە ئەوەیە، کە قسە بۆ کردار بگۆڕدرێت. راسته‌ قسە و راگەیاندنی بریقەدار باشە، بەڵام دواجار بۆ ئەوەیە کە شتەکان ئەنجام بدرێن.

هەر لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە تا دەگاتە وازهێنان لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی، بۆ هەنگاونان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی. بەڵێ "دیدی پێشمەرگە بۆ 2025" یەکێکە لە نمونە باش و تۆکمەکان. هەرێمی کوردستان چیتر نابێت بەسەر دوو ناوچەی "زەرد" و "سەوز" یان بەسەر هەر رەنگێکی دیكه‌دا دابەش بێت. هەر بە راستی کاتی ئاشتبوونەوە و یەکگرتن هاتووە بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسیی بێتە ئاراوە.

با بێینە سەر سەروەریی نیشتمانی. بەداخەوه، هەڵکەوتەی ناوازەی جوگرافیی عێراق هەموو کات لە قازانجیدا نییە و لەمەدا هەرێمی کوردستانيش بەدەر نییە. بە واتایەکی دیكه‌، ئێوە رووبەڕووی چەندین بارودۆخی جیۆپۆلەتیکی دەبنەوە و هەر ئەم راستییەش بەسە بۆ ئەوەی وا لە یەکێک بکات کە دوو جار بیر بکاتەوە.

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست

بەهۆی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمەوە، عێراق لە بەردەم گۆڕانکارییەکی چارەنووسسازدایە. بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە بەشدارییەکی فراوانەوە دەبێتە مایەی دابینکردنی ئایندەیەکی سەقامگیرتر و خۆشگوزەرانتر بۆ وڵات. لەلایەکی دیكه‌شەوە، ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنەش بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش لەوپەڕی گرینگیدان.

ئێستا هەرێمی کوردستان بژاردەیەکی هەیە لەو رووەی کە دەتوانێت یەکبگرێت و رێزی خۆی سەبارەت بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بەهێز بکات و پێشڤەچوونی بەرچاو لە چاکسازیی ئابوری و ئاسایشدا، کە ئاواتی لەمێژینەی خەڵکن، ئەنجام بدات و سەرەڕای جیاوازییە ناوخۆییەکانیش، کە من لەو باوەڕەم کە هه‌تا لە رابردووشدا نەهێشتنیان زۆر ئەستەم بووبێت، دەست بەگفتوگۆ بکات، یانیش رەنگە لە دروستکردنی تەبایی و یەکڕیزیدا شکست بهێنێت و بەمەش هەموو دەسکەوتەکان بخاتە مەترسییەوە.

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست

لەمدواییەدا، بابەتی دەستووری کوردستان هاتەوە بەر باس و خواس و هەموو خەڵکیش لەسەر گرنگی هەبوونی دەستوور هاوڕان، ئه‌گەر من هەڵە نەبم یەکەم رەشنووس لە ساڵی 2009 پێشکەش کرا. چەندین هەوڵ دران، بەڵام لە چەند قۆناغی جیادا بەهۆی نەبوونی کۆدەنگیی و سازانی سیاسییەوە شکستیان هێنا.

رێگەم بدەن با راشکاوتر بم. سەرکردایەتیی سیاسی و دەستوور بۆ خەڵکه‌ كه‌ پێويسته‌ مافەکانیان و هەروەها چۆنیەتی پاراستنی مافەکانیشيان مسۆگه‌ر بكات و هەروەک چۆن سنووری دەسەڵاتەکانیش دیاری بكات.

راستە دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام چالاککردنی پڕۆسەکانی دیكه‌یش بە دڵنیاییەوە دەبێتە هەلێکی گرنگ بۆ هەموو پێکهاتە و کۆمەڵگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەیەکەوە دانیشن.

رەنگە ببێتە مایەی نەهێشتنی جیاوازی و ناخۆشییەکان و قبوڵکردنی خەڵکی دیكه‌، هەروەها ئه‌گەر پێویست بێت، ببێته‌ مايه‌ى هۆی لێبوردن و رێزگرتن لە مێژووی یەکتر و هەروەک چۆن رەنگە ببێتە مایەی زاڵبوون بەسەر کێبڕکێی سیاسیی و هاوبەشکاری و چەقبەستوویی نێوان پارتە سیاسییەکانیش. هەروەها دەکرێت ببێتە مایەی هەلێکی زۆر باش بۆ دروستکردنی شانازی بەرەوپێش و متمانەش.

ئەمە دەرفەتێکیشە بۆ بە روونی دەستنیشانکردنی هێز و بەرپرسیاريى دامودەزگاییش،  ناڕوونی یاسایی زیانی هەیە لەسەر ئاستی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.

بە هەر حاڵ، ئه‌گەر ئێوە دەتانەوێت پڕۆسەکە سەرلەنوێ چالاک بکەنەوە؛ ئەوە پێویستە بە رێکی و دروستی ئەنجامی بدەن. بەڵێنی بۆش و جێبەجێنەکراو دەبێتە مایەی بێمتمانەیی زیاتر. هەرگیز ڕقی هەڵچوو بە كه‌م وه‌رمه‌گرن.

شەڕی سیاسی و حیزبحیزبێنێ تا ئێستاش هەر پەتایە و هەموو کون و کەلەبەرێکی گرتووەتەوە، بەشێوەیەک کە جێگەی سەرسوڕمان نییە ئه‌گه‌ر خەڵک متمانەی بەوە نه‌مابێت کە پڕۆسەی سیاسی لە خزمەتی ئەواندا بێت یان ببێتە مایەی هیچ گۆڕانکارییەک. دووبارە، ئه‌گەر ئێوە ئەمە دەکەن ئەوا بە رێکی و دروستی ئەنجامی بدەن.

بێگومان دیکۆمێنتی ئەنجام پێویستە لەگەڵ دەستووری فیدراڵی گونجاو بێت. ئەمە خۆی لەخۆیدا گرفتێکی دیكه‌ی دروست کردووە، چونکە دەستووری فیدراڵی بەرچاوڕوونی تەواوی تێدا نییە. لەو کاتەی کە دەستوور گەڵاڵە دەکرا، بنەما گشتییەکانی تێدا جێگیر کرا، بەڵام جێبەجێکردنیان بە یاسایەکانی دواتر سپێردران.

دوای شانزە ساڵ نەبوونی ئەم تایبەتمەندییە، بووەتە سەرچاوەی مشتومڕی بەردەوام لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. هەر بۆیە چارەسەرێکی درێژخایەن لەوپەڕی پێویستیدایە. من دڵنیاشم کە ئێمە هەر هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە کاتی ئەوە هاتووە عێراق رێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت.

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست

لە کۆتاییدا رێگەم بدەن با جارێکی دیكه‌ جەخت لەسەر گرنگیی ئەو دەستکەوتانە بکەمەوە، کە لە سەدەکانی رابردوودا لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون.

پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئایا چۆن ئەم دەستکەوتانە درێژە و پەرەی پێ بدەین؟

لە کاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێوەدایە، ئەوەش گرنگە کە پێش هەموو شتێک ئەوە بزانن کە هەر هەمووتان لەم پرسە بەیەکەوەن. یەکڕیزی وێڕای جیاوازییەکان کلیلی ناودەستتانە.