بۆ گلەیی لە سه‌رۆك بارزانی دەکرێ؟

بۆ گلەیی لە سه‌رۆك بارزانی دەکرێ؟
بۆ گلەیی لە سه‌رۆك بارزانی دەکرێ؟

زۆر جار ئەو گلەییانە ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکرێن، کە گوایە پێویستە تەنها وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێست وەرنەگرێ و لێدوان نەدات، زۆربەی ئەو گلەییانە لە کەسانێکی غەیرە پارتی دەبیسترێن و رۆژ بە رۆژ لە زیاد بوون دان.

دوای راگەیەندراوەکەی سەرۆک بارزانی دەربارەی دۆخی نوێی ئەفغانستان و دڵنیاکردنەوەی خەڵکی کوردستان لەوەی هەرێمی کوردستان هەمان چارەنووس چاوەڕوانی ناکات، لە کاردانەوە جیاوازەکاندا دیسان ژمارەیەک هەمان گلەییان لە سەرۆک بارزانی کردەوە، کە پێویستە بە ناوی هەمووان قسە بکات و تەنها وەک سەرۆکی پارتی نەبێت.

ئەو گلەییانە لە کەسانێک و هەندێک لایەن دەکرێن کە رکابەر و نەیاری پارتی دیموکراتی کوردستانن، بۆیە هەندێک لە کادیرانی پارتی بە قسەکانیان ناڕەحەت بووینە و بە توڕەیی وەڵامیان دەدەنەوە، دڵنیام ئەو پەرچەکردارە خێرایە و ئەو توڕەییە لێناگەڕێ وێنەکە بە تەواوی ببینن و بە دروستی لە پەیامی پشت گلەییەکان بگەن.

کاتێک پەڕلەمانتارێکی یەکگرتوو، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی یان گۆڕان، سەرکردەیەکی کۆمەڵی ئیسلامی و کەسانی دیکەی ناو حزبەکان داوا لە سه‌رۆك بارزانی دەکەن، بە ناوی ئەوانیشەوە هەڵوێست وەربگرێ و لێدوان و راگەیەندراوەکانی شانازییە مێژووییەکانی حزبەکانی ئەوانیشی تێدا بێت، کاتێک جووڵانەوەی نەوەی نوێ یان هەر لایەنێکی دیکەی سیاسی هەمان داوا دەکەن، تەنها راستەقینەیەک لە پشت ئەو گلەیی و داواکاریانەوە هەیە، کە سه‌رۆك بارزانی وەک هەبوون و کەسایەتی گەورەترە لەوەی لە چوارچێوەی حزبێک پێناسە بکرێ، بە تایبەتی لەو قۆناغەدا کە کوردستان پێویستی بە کەسایەتیەکی کاریزماتیک و کاریگەر هەیە، کەلێنی رابەر و سەرکردە کۆچکردووەکانمان پڕبکاتەوە و لاباری کەوتوومان راست بکاتەوە، وەک مەرجەع و چەتری کۆکەرەوەی هەمووان رابەرایەتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بکات تا بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دەگات.

ئەوەی ئەو جوامێرانە لە رێگای گلەییەکانیەوە داوای دەکەن، بۆ پارتییەکان دەبێ جێگای دڵخۆشی بێت نەک دڵڕەنجان، چونکە ئەوەی پارتییەکان لە کەسایەتی سەرۆک بارزانییان دەبینی، ئەوە بەشێوەیەکی خۆڕسک و لە سەر ئاست و رووبەرێکی فراوانتری نەتەوەیی و نیشتمانی دەڕسكێ و دەبێتە راستەقینەیەک، کە سه‌رۆك بارزانی لێڤەگەڕ (مەرجەع)ی کوردستانیانە و ئەو پێگە و وەسفە خەڵک پێی دەبەخشێ نەک بەخۆی داوای کردبێ و داوای بکات، چونکە هەڵویستی بارزانی لەو بارەیەوە روون و ئاشکرایە، لە کاتی وازهێنانی لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بارزانی بەو شێوەیە پێناسەی خۆی کرد: "من پێشمەرگە بووم و هەر بە پێشمەرگایەتیش دەمێنمەوە"، هیچ ناو و نازناوێکی دیکەی لە خۆ نەنا و بەهیچ وشە و دەستەواژەیەکی دیکەش وەسفی خۆی نەکرد.