
ئاسۆ حاجی
نووسەر
حوکمڕانیی مەسرور بارزانی، حەقیقەت و چانس

گواستنەوەی عەقلییەتی شۆڕش لە شاخەوە بۆ شار، بە درێژایی زیاتر لە 34 ساڵ گەورەترین ئاڵنگاری بووە، کە بەرۆکی ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن و حوکمڕانی کوردستانی گرتووە.
لەو مێژووەدا، ئازادی ئەگەر گرنگترین پێداویستی ژیان بووبێت، بەڵام تاکە پێداویستی گرنگ نەبووە و نییە، بەڵکو:
- گەنجان چاویان لە کارە.
- خەڵک چاویان لە خزمەتگوزاری باشتر و زۆرترە.
- کارەبای 24ر کاتژمێرییان دەوێت.
- ئاوی خواردنەوەیان پێویستە.
- شەقام و شاڕێگای نوێیان دەوێت.
- کەرتی کشتوکاڵی و ژینگە پێویستیان بە پەرەپێدان هەیە.
لەو ڕۆژەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکایەتی حکوومەتی وەرگرتووە، ڕێگەی حوکمڕانی گوڵڕێژ نەبوو، بەڵکو ڕێگەیەکی سەخت و دژوار بووە، چەندین دۆسیەی یەکلانەکراوە هەبووە. دەستی بۆ هەر دۆسییەیەک دەبرد، دەیان بۆمی چێنراوی بۆ داندرابۆوە:
- دۆسیەی نەوت و مووچە.
- دانوستان لەگەڵ بەغدا.
- لەوانەش گرنگتر و هەستیارتر، نەوەی ئێستایە کە لە سەردەمی دیکتاتۆرییەت و زووڵم بەعس نەژیاون، واتا زۆر سەیری ڕابردوو ناکەن، بەڵکو بە ئومێدی داهاتووێکی گەشتر تێدەکۆشن.
لە سەرەتاوە هەتا هەنووکە، مەسرور بارزانی، لە ناو ململانێیەکی دوولایەنە دایە:
- بەرەی ناوخۆیی بەرانبەر هەندێک لایەنی سیاسی و دەزگایی میدیایی کە هەست کردنیان بە بەرپرسیارێتی ویژدانی و ئەخلاقی لە ئاستێکی نزم دایە.
- بەرەیەکی دەرەکی کە لە کۆمەڵێک هاوکێشەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئاڵۆز پێکهاتووە.
لە نێو ئەو ئاڵۆزیی و ئەو دۆخە تەمومژاوییەدا، مەسرور بارزانی چرایەکی ئومێدی هەڵکرد:
- ژمارەیەکی یەکجار زۆری پڕۆژە جێبەجێ کرانم کە ژێرخانی حوکمڕانیان بەهێزتر کرد.
- کار بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی دیجیتاڵی دەستی پێکرد، پلانسازی بۆ پێشخستنی خوێندن لە ئاستە جیاوازەکان کرا.
- کەرتی وەبەرهێنان گەشەی کرد و گەشایەوە.
- تا ئەوپەڕی تواناشەوە بەپیر چاوەڕوانی و داوای لاوانەوە چوو.
مەسرور بارزانی باوەڕی وایە و دەزانێت کە پرۆژەکان بە ژمارەی وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان پێوانە ناکرێن، بەڵکو ئەو کاتانە دەست پێدەکەن کە کامێراکان دەکوژێندرێنەوە. ئەوەش دەزانێت کە نەوت داهات و ئافاتە لە یەک کاتدا، هەر هەنگاوێک لەو بوارەدا جەنگێکی یەکلاکەرەوەیە، دواخستنی هەر هەنگاوێکیش واتا قەیرانێکی دیکە، بۆیە هەنگاوەکان پێویستیان بە بە دیقەت و بڕیارەکانیش بە حیکمەت هەیە.
مەسرور بارزانی باوەڕی وایە ئایندە تەنها لە هۆڵەکانی کۆبوونەوە دروست ناکرێت، بەڵکو لە بیر و مێشکی منداڵێک دەست پێدەکات، کە یەکەمین دێڕی دەربارەی خۆشەویستی نیشتیمان فێردەکرێت، بە شێوازێک کە تێبگات ئەوە جوانترین حەقیقەتی ژیانە.
ئەوەی دونیابینی و حەقیقەتی حوکمڕانی مەسرور بارزانی، کە بنیاتنانی وڵات و دەوڵەت و مسۆگەرکردنی ئاییندەیە ئەو میللەتەیە. جا ئەگەر کەسانێک، با مووچەخۆری ئەو بن و بە ناوی ئەویش قسە بکەن، بەڵام کە نەزانن ئەو حەقیقەتە بڵێن، ئەوە گوناحی ئەو نییە، بەڵکو چانسە و نایهێنێ!