
د. هاوڕێ مهنسوور بهگ
نووسەر
لەدایکبووی مەککە، دەرچووی هاڕڤارد....

لە کۆتامانگی ساڵی 1975دا، گەورە تیرۆریستی جیهانی بە ڕەچەڵەک ڤەنزوێلی ناسراو بە‘’کارلۆس-چەقەڵ’’ لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئۆپێکدا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا، سەرجەم وەزیری نەوتی وڵاتانی ڕێکخراوەکەی بە بارمتە گرت و هەواڵەکە وەک شەپۆلی تسونامی، هەموو جیهانی هەژاند.
دوای گفتوگۆکردن و هەڕەشەی کوشتنی بارمتەکان و لە سەر داوای کارلۆس، وەزیرەکان خرانە ناو فڕۆکەیەک و بەرەو ئافریکا فڕین. دوای درامایەکی گەورە و فڕین بە سەر ئاسمانی چەندین وڵاتدا، وەزیرەکان لە جەزائیر لە چنگی کارلۆس و هاوەڵانی ڕزگار کران. چەندین سەرۆک و سەرەکوەزیران و پاشای وڵاتان بەردەوام لە سەر هێل بوون بۆ ڕزگارکردنی ئەو وەزیرانە لە دەست تیرۆریستان. کارلۆس لە سەرووی خۆیەوە فەرمانی وەرگرتبوو کە دەسبەجێ هەردوو وەزیری نەوتی سعودی ‘’ئەحمەد زەکی یەمانی’’ و وەزیری نەوتی ئێرانی ‘’جەمشید ئەموزێگار’’ بکوژێت.. بەڵام فەرمانەکەی دەمودەست جێبەجێ نەکرد.
ئەحمەد زەکی یەمانی کە لە ساڵی 1962دا وەک وەزیری نەوت و کانزاکانی سعودیا دەستنیشانکرابوو، لە سیاسەتکردن و گەمەی جیۆستراتیجیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ئەستێرەیەکی هێندە گەورەی لێدەرچووبوو ، بە شێوەیەک کە وڵاتانی دونیا پێش ئەوەی تاوتوێی سیاسەت و پێشهاتە سیاسییەکان لەگەڵ پاشا و جێنشینی سعودیا بکەن.. لەگەڵ ئەودا باسی هەموو وردەکارییەکانیان دەکرد و نەخشەیان دەکێشا. کەسایەتییە جیهانییەکان لە پێشبڕکێدا بوون، کە کێ پەیوەندیی نزیکتری لەگەڵ ''یەمانی''دا هەیە. ڕەنگە تەنها ڕێکەوتیش نەبێت کە ئەو ئەستێرە سیاسییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵ دەبینن، پێشینەیەکی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکییان هەیە.
"یەمانی".... ژمارەیەکی قورسی هاوکێشەیەکی ئاڵۆز، لەدایکبووی مەککە و دەرچووی هارڤارد، لە سەرجەم بوومەلەرزە سیاسییەکانی سەردەمی خۆیدا وەک ڕووبەڕووبوونەوەی عەرەب و ئیسرائیل، ئابڵوقەی وڵاتانی عەرەبی دژ بە ئەمریکا و ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت بە واشینگتۆن، هەمیشە خۆی لە چەقی بازنەی ڕووداوەکاندا بوو.
کەم توێژەر و ئەکادیمی و سیاسەتوان هەیە لە جیهاندا، وتە ئەڵماسییەکەی ئەویان نەیبیستبێت و ئیلهامیان لێ وەرنەگرتبێت کە دەڵێت:
‘’ وەک چۆن کۆتایی چاخی بەردین بە هۆی نەمانی بەردەوە نەبوو.. هەر ئاواش سەردەمی نەوت، زۆر پێش کۆتاییهاتنی نەوت، بەسەر دەچێت’’
لە سەر ئاستی جیهاندا، یەمانی پاڵەوانی دروستکردنی هەژموونی ئۆپێکە بە سەرکردایەتی سعودیا و لە سەر ئاستی ناوخۆشدا قارەمانی خۆماڵیکردنی نەوتی ئەو وڵاتەیە و داهێنەری بیرۆکەی دروستکردنی کۆمپانیا زەبەلاحەکەی جیهان، ئارامکۆیە…
''دانیال یهرگن''،گەورە شارەزای وزه له ئەمریکا، له وهسفی ئەو وەزیرەی نهوتی سعودیدا دهڵێت:
'' تا زێتر ڕهخنهت لێ گرتبا.. "ئەو" هێمنتر دەبوو.
تا پتر هێرشت بۆ بردبا... "ئەو" ئارامتر دهبوو'' .
بە دووری نازانم هێمنی و ئارامییەکەی یەمانی هۆکاری سەرەکی ڕزگاربوونی خۆی و هاوەڵەکانی بووبێت لەو کاتەی لە لێواری مەرگدابوون لە ژێر چنگی کارلۆسدا.
‘’یەمانی’’ دوو کێشەی هەبوو کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە نەخۆشیی کوشندە هەژمار دەکرێن:
یەکەم: حەسوودی پێبردنی چینی سیاسیی خۆماڵی، کاتێک ئەستێرەت بە ڕادەیەک دەدرەوشێتەوە، درەوشاوەتر لە ئەستێرەی سەرۆک و پاشاکان لە جیهاندا، ئەوکات تەواوی ئایندەی سیاسیت دەکەوێتە ژێر مەترسیی پووکاندنەوە. دووەم، دووربینی و دنیابینیی ‘’یەمانی’’ لە بەرامبەر کۆلکە سیاسەتمەدارە قازانجویستە کورتبینەکانی دەوروبەری.
فەلسەفەی یەمانی سادە بوو، دەیگوت نابێت نرخی نەوت بەرز بێت!. ئەو دەیگوت، ئەگەر نرخ بەرز بێت، کۆمپانیاکان قازانجی زۆر دەکەن، پارەیان دەستدەکەوێت و لە شوێنی نوێدا نەوتی نوێ دەدۆزنەوە و لە دوورمەودادا وڵاتانی ئۆپێک زەرەرمەند دەبن و خستنەڕوو زیاد دەبێت. بەڵام ئەوانەی لە سەرووی یەمانیدا بوون باوەڕیان تەنها بە قازانجی خێرا و پارەی بە لێشاو هەبوو. هەر بۆیە جگە لە پاڵنەری سەرەکیی حەسوودی پێبردن، ‘’یەمانی’’ تاوانبار کرا بە بوونە هۆکاری داڕمانی نرخی نەوت لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.
لە 29ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1986دا، جیهان بەهەواڵی لەسەرکارلابردنی ئەحمەد زەکی یەمانی لە لایەن شا فەهد بن عبدولعەزیز ڕاچڵەکی و هەواڵەکە وەک بوومەلەرزە هەموو جیهانی هەژاند!