بوێری بۆ زانا.. لەپێش زانستەوەیە

دیمه‌نێكی چینه‌ به‌رده‌كان
دیمه‌نێكی چینه‌ به‌رده‌كان

ساڵی 1937 کۆمپانیایەکی بواری کانەبەردەکان، خوازیار بوون لە ناوچەیەکی باشووری وڵاتی دانیمارک و لە چوارچێوەی پلانی فراوانخوازیی خۆیاندا بەردەکانی دوورگەی زیلاند لە ناوچەی (ستیڤین کلینت) ببەن و لە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکاندا بەکاری بێنن.

زەویناسی ناوداری ئەو سەردەمەی وڵات "ئەلفرێد ڕۆسێنکرانتز" بە توندی ڕووبەڕووی پلانی کۆمپانیاکە بووەوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتی ھۆشیار کردەوە کە ئەو شوێنە بایەخێکی مەزنی زانستی ھەیە بۆ تێگەیشتن لە مێژووی زەوی و مرۆڤایەتی پێویستی پێیەتی بپارێزرێت.

 لۆبیکردن و ھەوڵەکانی زانا دووربینە دانمارکییەکە سەرکەوتوو بوون  و حکومەت بڕیاری پاراستنی ناوچەکەی دا و لە ژێر چنگی کۆمپانیاکانی بەردھاڕین  رزگار کرا.

چینەبەردەکەی خوارەوە کە لە وێنەکەدا دیارە، لە زەمەنی جیۆلۆجیی کریتاسی لە ناو دەریادا دروستبووە، لەو زەمەنەدا دایناسۆرەکان بوونەوەری باڵادەستی سەر رووی زەوی بوون. دوای کەوتنەخوارەوەی بەردێکی ئاسمانیی زەبەلاح لە ناوچەکانی دەریای کاریبی و کەنداوی مەکسیک لە کیشوەری ئەمریکادا، دایناسۆرەکان لەناوچوون و ئەو بەردەقوڕینە تەنکەی ناوەڕاست تەمەنی بۆ 65 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لەو سەردەمەدا دروستبووە و لە بەشێکی فراوانی رووی زەوی (بە کوردستانیشەوە) بوونیان هەیە و زانایان لە سەرتاسەری جیهاندا بە دوایدا دەگەڕێن.

یەکێک لەو بەڵگانەی کە ئەو چینە بەردەقوڕینە لەو سەردەمەدا نیشتوون ئەوەیە کە چینە تەنکەکە دەوڵەمەندە بە توخمی  ئیریدیۆم (IR).

ئەو توخمە کیمیاییە لە ناو بەردە ئاسمانییەکاندا هەیە و لە کاتی بەرکەوتنی تەنێکی ئاسمانی گەورە 65 ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا، ژینگەی زەوی پڕ بووە لە ئیریدیۆم و توخمەکە خۆی خزاندووه‌تە ناو ئەو بەردەقوڕینە.

زەویناسی ناوداری دانیمارك
زەویناسی ناوداری دانیمارك "ئەلفرێد رۆسێنکرانتز"

"رۆسێنکرانتز" ئەودەم ئەو وردەکارییانەی نەدەزانی بەڵام بە هۆی لێکۆڵینەوەکانی لە سەر بوونەوەری بەبەردبووی ناو چینەکانی سەرەوە و خوارەوە، دەیزانی بەردەقوڕینەکە سنووری نێوان چاخی کریتاسی و چاخی پالیۆجینە و دەشیزانی رووداوێکی مەزنی زەبەلاح لە نێوان ئەو دوو چینەدا روویداوە.

 ئێستا روون بووه‌تەوە کە ئەو شوێنە لە دانیمارک کە بە  "ستیڤین کلینت" ناسراوە، یەکێکە لە گرنگترین ئەو شوێنانەی کە لە سەر زەویدا زانایان دەتوانن بە وردی لە سەر هۆکاری کۆتاییهاتنی کتوپڕی چاخی کریتاسی رابوەستن و بیبەستنەوە بە کەوتنەخوارەوەی ئەو تەنە وێرانکەرەی لە ئاسمانەوە بەر زەوی کەوتووە.

دوای نزیکەی هەشتا ساڵ لە هەوڵەکانی ئەو زەویناسە دووربین و بیرتیژە دژ بە تێکدانی ئەو شوێنە، یونیسکۆ ناوچەی  "ستیڤین کلینت"ی خستە ناو شوێنە پارێزراوەکانی زەوی و خستییە ژێر چاودێریی خۆی و ساڵانە هەزاران گەشتیار و توێژەران لە سەرتاسەری دونیادا رووی تێدەکەن.

لە هەرێمی کوردستاندا دەیان شوێنی هاوشێوەی  "ستیڤین کلینت" بوونیان هەیە و رۆژانە دووچاری شێواندن و لەناوچوون دەبنەوە. پێویستییەکی زۆرمان بە کەسانی وەک "ئەلفرێد رۆسێنکرانتز" و سیاسەتمەدارانی هاوشێوەی ئەوسای دانیمارک هەیە کە گوێ لە زانایان بگرن.

 

د. هاوڕێ مەنسوربەگ

پڕۆفیسۆری زەویناسی