سیاسی
د. گۆران مامه‌ند مه‌میخه‌لی
د. گۆران مامه‌ند مه‌میخه‌لی

نووسەر

بۆ تێگەیشتن لە ئەمڕۆ پێویستە دوێنێمان لە بیر بێت!

شیکردنەوەیەکی مێژوویی بۆ جەنگ و ناکۆکی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا

بۆ تێگەیشتن لە ئەمڕۆ پێویستە دوێنێمان لە بیر بێت!
بۆ تێگەیشتن لە ئەمڕۆ پێویستە دوێنێمان لە بیر بێت!

ململانێی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ رەگێکی درێژی لەمێژوودا هەیە، جەوهەری ململانێکە ئەوەیە کە کرێملین دان بە سەربەخۆیی ئۆکرانیا نانێت، من هەوڵ دەدەم ئەو ڕووداوە گرنگانە بە کورتی بەبیربێنمەوە کە پێش دەستپێکردنی هێرشی رووسیا لە دژی ئۆکرانیا روویانداوە.

پێشینەی گرژی لەپەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و دەستپێکردنی جەنگێکی گەورە کە لە بەرەبەیانی 24ی شوبات بەرپابوو دەیان ساڵە لە گەشەسەندن دایە و ئەو کێشەیەی کە ئێستا ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا رووبەڕووی بووەتەوە، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست، کاتێک کە ئۆکراینا و ڕووسیای ئەمڕۆ بەشێک بوون لە (ڕووس کیڤان) لەوێوە تێزەکانی کرێملین لەبارەی "یەک نەتەوە"ەوە، دروست دەبێت.

هاوکات سەرۆکی رووسیا زۆر بەدەگمەن باسی جیاوازی رووسەکان و ئۆکرانییەکان دەکات کە لە زۆربەی قۆناغە مێژووییەکان لەسەر یەک رێچکە نەبوون و لە بنەڕەتیشدا خاوەنی دوو زمان و دوو کولتووری جیاوازن.

کاتێک هەردوو کۆمارەکە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت بوونە وڵاتی جیا، جیاوازییەکی تر سەریهەڵدا لە سیاسەتی دەرەوەیان. دەرکەوت کیێڤ بە شوێن ڕێبازی دیموکراسی رۆژئاوادا دەکەوێت، کە ئەمەش هەمیشە ناکۆک بووە لەگەڵ بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و ئەمنی نەتەوەیی رووسیا.

بە رەچاوکردنی روداوەکانی 30 ساڵی رابردوو دەکرێت بڵێین ئەم شەڕە گەورەیه‌ی ئێستا دەرئەنجامی سیاسەتی 30 ساڵی ڕابردووە کە دەکرێت دابەش بکرێت بۆ سێ قۆناغ.

1. لە ساڵی 1992 - 2003 ئۆکرانیا لە رووسیا جیادەبیتەوە و رووسیا بەرهەڵستی ناکات: 

لە کانوونی یەکەمی 1991 ئۆکرانیا لەگەڵ رووسیا و بیلارۆس یەکێک بوو لەو سێ کۆمارەی کە لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت دروست بوون. مۆسکۆ لە سەرەتاوە هیواخواز بووە کە بە پێدانی گازی پێویست بە نرخی هەرزان کاریگەری خۆی بەسەر وڵات (کۆماره‌) سەربەخۆکان بهێڵێتەوە، بەڵام سیناریۆکان بە شێوەیەکی جیاواز دەرکەوتن و ڕووسیا و بیلاڕووس دەوڵەتی هاوپەیمان و یەکگرتوویان دروستکرد، و ئۆکرانیا رووی لە ولاتانی ڕۆژئاوا کرد.

ئەم کارە کرێملینی بێزار کرد، بەهۆی ئەوەوە ئۆکرانیا  ئەو میراتە سەربازییەی لە سوپایەکی یەک ملیۆنی و سێهەمین جبەخانه‌ی ناوەکی جیهان بۆی مابووەوە  تەسلیم بە مۆسکۆی کردەوە، لە بەرامبەر گەرەنتی ئەمنی (یاداشتی بوداپێست) و یارمەتی ئابووری.

هەتا دەرکەوتنی نیازی ڕۆژئاوا بۆ بە ئەندامکردنی ئۆکرانیا لە یەکێتیەکەیان، کاردانەوەی مۆسکۆ دان بە خۆداگرتن و بوو و هیچ گرژی وئاڵۆزییەک دروست نەبوو. هیچ تەقەیەک نەکراوە، جگە لە ڕووداوی تەقەکردن لە هەوادا لە ساڵی 1992، کاتێک کەشتی ئێشکگری دەریای ڕەش ئاڵای ئۆکرانی بەرزکردەوە و سیڤاستۆپۆلی بۆ ئۆدیسا بەجێهێشت.

رووسیا لە یەکەم دەیەی دوای سۆڤیەتدا لە ڕووی ئابوورییەوە لاواز بوو و جەنگەکانی چیچان ئابوورییەکەی لاوازتر کرد، لە ساڵی 1997دا، ڕووسیا دانی بە سنوورەکانی ئۆکرانیا نا لە نێویشیاندا کریمیا، کەشتیگەلی دەریای ڕەشی دابەشکرد و پەیماننامەیەکی گەورەشی واژۆ کرد.

2003-2013 درز لە دۆستایەتی دوای سۆڤیەت 2:

یەکەم قەیرانی دیپلۆماسیی سەرەکی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ لەکاتی فەرمانڕەوایی سەرۆک پۆتیندا کە ڕوویدا لە پاییزی 2003بوو . رووسیا لەناکاو دەستی کرد بە دروستکردنی بەنداوێک لە گەرووی کێرچ بە ئاڕاستەی دوورگەی تووزلەی ئۆکرانی. کیێڤ ئەمەی وەک هەوڵێک بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی سنوورەکان هەست کرد ، ئەم ململانێیە دوای کۆبوونەوەی شەخسی سەرۆکەکان چارەسەرکرا و بنیاتنانی بەنداوەکە ڕاگیرا، بەڵام بۆ هەمیشە درزی خستە دۆستایەتیی نێوان ئەم دوو وڵاتە.

ئەمە زیاتر رەنگی دایەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا لە ساڵی 2004دا، ڕووسیا بە شێوەیەکی چالاک پشتگیری لە ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ کاندیدی ڕووسی کرد، بەڵام شۆڕشی پرتەقاڵی لە نێو بانگەشەکانی ساختەکاریدا ڕێگەی لە بردنەوەی گرت. ڤیکتۆر یوشچنکۆ سیاسەتمەداری نزیک لە ڕۆژئاوا بوو بە سەرۆک. سەرکەوتنی یوشچنکۆ خاڵی دەستپێکی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی ڕووسیای فیدڕاڵ بوو بەرامبەر ئۆکرانیا، لە ماوەی دەسەڵاتی یوشچنکۆدا، ڕووسیا دوو جار غازی لەسەر ئۆکرانیای بڕی، لە ساڵی 2006 و 2009 کە بووە هۆی بڕینی گواستنەوەی غازی پێویست بۆ ئەوروپا.

ڕووداوێکی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لەم دۆخەی ئێستا لە ساڵی 2008 ڕوویدا. لە لووتکەی ناتۆ لە بوخارست، سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج دەبلیو بۆش هەوڵیدا کە ئۆکرانیا و جۆرجیا بخرینە پلانی وەرگرتنی ئەندامی نوێ لە ناتۆ. پوتن بەتوندی دژایەتی کرد و مۆسکۆ رایگەیاند کە دان بە سەربەخۆیی ئۆکراینا نانێت. لە ئەنجامدا ئەڵمانیا و فەرەنسا پلانی بۆشیان رەت کردەوە و بە شێوەیەک هەردوو وڵاتی دوای سۆڤیەت ئۆکراینا و گورجستان بەڵێنی ئەندامێتی ناتۆیان پێدرا، بەڵام بەبێ دیاریکردنی کات.

لەبەر ئەوەی نەتوانرا بەخێرایی بچێتە ناو هاوپەیمانی سەربازییەوە، ئۆکرانیا هەوڵی بۆ یەکگرتنی ئابووری لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا دانا لە هاوینی ساڵی 2013دا، چەند مانگێک پێش واژۆکردنی ، ڕووسیا دەستی کرد بە فشارێکی گەورەی ئابووری بۆ سەر ئۆکرانیا و بڕینی هەناردەی وڵاتەکەی بۆ سنورەکانی ئۆکرانیا. لە پایزدا حکومەتی یانۆکۆڤیچ کە لە ساڵی 2010 بوو بە سەرۆک کۆمار، ئامادەکارییەکانی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی لەگەڵ برۆکسل راگرت و ئاماژەی بە فشارەکانی ڕووسیا کرد بڕیارەکەی یانۆکۆڤیچ لە ئۆکرانیا ناڕەزایی لێکەوتەوە و لە مانگی شوباتی 2014 هەڵات بۆ ڕوسیا

2014-2021 لکاندنی کریمیا و شەڕ لە دۆنباس:

بۆشایی هێز لە کیێڤ سەریهەڵدا و لە ئازاری 2014 ڕوسیا کریمیای گرتەوە ئەمە خاڵێکی وەرچەرخان بوو، سەرەتای جەنگێکی ڕانەگەیەندراو لە هەمان کاتدا هانی پێکهاتە سەربازیە ڕووسی و لۆکاڵیەکان لە دۆنباس دا بە جیابونەوە " کۆمارەکانی خەڵک" لە دۆنێتسک و لوگانسک بە پێشەنگایەتی ئەو چەکدارانەی لە ڕووسیاوە هاتبوون بە جلی سەربازی نەناسراوەوە.کیێڤ بە هێواشی کاردانەوەی هەبوو، لە کۆتایی مانگی ئایاردا چاوەڕێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کرد و لە کۆتایی دا بڕیاری بەکارهێنانی هێزی دا، کە بە ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆر ناودەبرێت.

لەسەرەتای حوزەیرانی 2014 لەفەرەنسا و لەڕووداوەکاندا بەبۆنەی 70هەمین ساڵیادی نیشتنەوەی هاوپەیمانان لە نۆرماندی سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی ئۆکرانیا پترۆ پۆرۆشینکۆ بۆ یەکەم جار لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی پوتین بە نێوەندگیری سەرکردەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا کۆ بووەوە. لە هاویندا سوپای ئۆکرانیا دەستی کرد بە فشارخستنە سەر جوداخوازەکان، بەڵام لە کۆتایی مانگی ئابدا کیێڤ لە دۆنباس سوپاکەی بە فراوانی بەکارهێنا. مۆسکۆ ئەمەی رەتکردەوەو و سەرەرای ئەوەی کە لە لوتکەی ململانێکاندا هێزەکانی ئۆکرانیا لە ئیلۆڤایسک شکستیان هێنا و شەڕەکە بەدرێژایی هێڵی پێشەوە کۆتایی هات بە ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە مینسک ، کە ئەم ریکەوتنەش بە خێرایی شکستی هێنا.

پاشان شەڕ دەستی پێکردەوە. لە سەرەتای ساڵی 2015دا جوداخوازەکان هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد .کیێڤ جارێکی تر مۆسکۆی بەوە تۆمەتبارکرد کە بەبێ جلی فەرمی سوپا بەکاردێنێت، ڕوسیا دووبارە هەموو شتێکی ڕەتکردەوە هێزەکانی ئۆکرانی لە نزیک شارۆچکەی نۆدال لە دێبالتسێڤ شکستیان هێنا، کە ناچاربوون بە پەلە بەجێبهێڵن. پاشان بە نێوەندگیری ئەڵمانیا و فەرەنسا مینسک-2 واژۆ کرا، ڕێککەوتننامەیەک کە تا ئێستا بە بەڵگەنامەی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ماوەتەوە  و هیچ کام لە خاڵەکانی بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە و هەرلایەنە و لایەنەکای تر تۆمەتبار دەکات.

دواجار پێشکەوتنێک روویدا لە هاوین و پاییزی 2019دا کە لایەنەکان ڕازی بوون و پاشەکشەی هێزەکان لە چەند ناوچەیەکدا جێبەجێ کرد، ئەمە هەنگاوێکی باش بو بەڵام دوای کۆبوونەوەی نۆرماندی لە پاریس، هیچ کۆبوونەوەیەکی تر نەبەسترا.

ڕووسیا ڕەتیدەکاتەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی و گفتوگۆیەک لەگەڵ ڤلادیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ببەستێت و تۆمەتباری دەکات بەوەی مینسک-2 جێبەجێ ناکات.

لە ساڵی 2021دا، ڕووسیا دوو جار هێزی کۆکردەوە بۆ سنوورەکانی ئۆکرانیا - لە بەهار و کۆتایی پاییزدا. لە مانگی کانونی یەکەمدا سەرۆک پۆتین بۆ یەکەم جار لە فۆرمێکی دوائاگاداریدا داوای لە ئەمەریکا و ناتۆ کرد کە ئۆکراینا و وڵاتانی تری دوای سۆڤیەت قبوڵ نەکەن بۆ ناو هاوپەیمانێتیەکە و هەروەها یارمەتی سەربازیان پێ نەدەن بەڵام هاوپەیمانەکە (ئەمەریکا و ناتۆ) ئەم داوایەی مۆسکۆیان ڕەتکردەوە.

3. دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا 2022:

‎لە 21ی شوباتی 2022 ڤلادمیر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا ،"کۆماری گەلی دۆنتسک" و "کۆماری گەلی لوگانسک"ی وەک دوو کۆماری سەربەخۆ ناساند. بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکان لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەپەسندکراون پۆتین گوتیشی ئەو قەوارانە ناوچەکانی دۆنتسک و لوهانسک ی ئۆکرانیا دەگرێتەوە ئەمە بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو زیاترە لەو هەرێمەی کە لە لایەن جوداخوازانەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو.

‎بەرەبەیانی ڕۆژی 24ی شوبات سەرۆکی دەوڵەتی ڕوسیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت لەدژی ئۆکرانیا ڕاگەیاند ، نەک تەنها لە دۆنباس بەڵکو هێزە چەکدارەکانی رووسیا لە زۆربەی سنورەکانەوە چوونە ناو شارەکانی ئۆکرانیا و بەشێکی زۆری ژێرخانی سەربازی ئۆکرانیایان ووێران کرد .

وە بە رەچاو کردنی وتارەکانی پوتن بە بۆنەی  سالی نوێ لە 2014 – 2015 بە روونی دیارە کە پلانی درێژ مەودای سەرۆک پۆتین تەنیا ئۆکراینا نیە بەڵکو بە دوایی دا نۆرەی کۆمارەکانی تریش دێت بە تایبەت جۆرجیا.