سیاسی
مەلا عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی
مەلا عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی

نووسەر

مانگی رەمەزان دەرفەتێك بۆ بەخشین و یارمەتیدانی هەژاران

به‌خشین
به‌خشین

ساڵانە لەگەڵ هاتنەوە مانگی پڕ خێری رەمەزان، دەرگای خێر و بەخشین و کۆمەک و یارمەتیدانی هەژاران و کار و هەنگاوی خێرخوازی بەڕووی کۆمەڵگە دەکرێتەوە و زیاتر لە کاتەکانی تر گیانی هاوکاری دەردەکەوێت.

ئەمەش بەشی هەرە زۆری سەرچاوەی لەو قەناعەتەوە گرتووە، کە خێرکردن لەناو رەمەزان پاداشتێکی گەورەی هەیە و دەبێتە هۆکاری رەزامەندی خودا و ئاسودەبوونی دەروون و بوژاندنەوەی ئابووری کۆمەڵگە.

كار و پڕۆژەی خێر و گەیاندنی كۆمەكی، وە نەبێ تەنیا شتێكی مرۆیی و ویژدانی و رواڵەتی و دڵخۆشكەر بێت، بەڵكو هەوڵ و هەنگاوێكی گەورە و شایستەی پێزانین و خێرێكی نەبڕاوەیە لە تێڕوانینی ئیسلامدا، كە دەیان دەق لە ئایەت و فەرموودە هەن، جەخت لەوە دەكەنەوە ئەو جۆرە هەست و هەڵوێستە یەكێكە لە كردەوە هەرە گەورەكانی نێو دونیابینی ئیسلام و مرۆڤایەتی.

خودای گەورە كە مرۆڤی نیشتەجێی سەر زەوی كردووە و، ئەركی ئاوەدانی و گەشەی شارستانیەت و كاری مرۆڤانەی پێ سپاردووە، یەكێ لە بنەماو كارە بنەڕەتیەكانی پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك بریتییە لە كاری خێرخوازی و هاوكاریكردنی یەكتر، كە دواجار ئەمە بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی و بەهێزبوونی پەیوەندەیەكان و سەقامگیری و دروستكردنی هاوسەنگی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی خاڵێكی پاڵپشت و بەهێز دەبێت.

لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دەیان ئایەت و فەرموودە هەیە، كە جەخت لە بەخشین و یارمەتیدان و ئەنجامدانی كاری مرۆیی و كۆمەككردنی خەڵكی كەمدەرامەت و لێقەوماو دەكات، ئەمە یەكێكە لەو رەهەندە گرنگانەی ئیسلام لەپێناو بەهای ویژدانی مرۆڤ و خزمەتی مرۆڤایەتی و دروستكردنی هەستی هاوكاری و بەدەمەوەچوونی یەكتری، بەپێی فەلسەفەی ئەو تێڕوانەی ئیسلام بێت! بەختەوەریی مرۆڤ بەندە بە بەختەوەركردنی ئەوانی ترەوە، واتە هەركات بە فاكتەری ئینسانی یان ئیمانی توانیمان كەسانێك دڵخۆش بكەین، بەهەر شێوازێكی یارمەتیدان، راستەوخۆ لەناخەوە هەست بە ئارامی و بەختەوەری دەكەین و بەرهەمی چاكەكە دەبێتە مایەی خۆشبەختی و ئاسوودەیی دەروون و ئارامیی ویژدان.

خودای گەورە لەو قورئان باسی لەو هەنگاوە خێرییەی نێو مرۆڤ كردووە و دەفەرموێ: (وَأَنْفِقُوا خَيْرًا لِأَنْفُسِكمْ وَمَنْ يُوقَ شُحَّ نَفْسِهِ فَأُولَئِك هُمُ الْمُفْلِحُونَ) التغابن/16. واتە: خێرو چاكە بكەن، ئەوانە هەمووی بۆ خۆتان چاكە، جا ئەوەی خۆی بپارێزێت لە رەزیلی و رژدی نەفسی خۆی، ئا ئەوانە هەر خۆیان سەرفرازن.

هەروەها لەبارەی كارە مرۆیی و هەڵوێستە بەرزو مرۆڤدۆستییەكانەوە دەفەرموێ: (وَأَحْسِنُوا إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِینَ) البقرة/195. واتە: هەمیشە خێرو چاكە ئەنجام بدەن‏ و چاكەخواز بن و (ماڵ ‏و سامانتان لە پێناوی خودادا ببەخشن) چونكە بەڕاستی خودا ئەو چاكەكارانەی خۆشدەوێت.

لەبارەی پاداشت و گەورەیی ئەو جۆرە هاریكاری و پرۆسە خێریانە دەفەرموێ: (وَمَا تُقَدِّمُوا لِأَنْفُسِكمْ مِنْ خَيْرٍ تَجِدُوهُ عِنْدَ اللَّهِ هُوَ خَيْرًا وَأَعْظَمَ أَجْرًا)المزل/20. واتە: هەر دەستپێشخەرییەكی چاكە بكەن، بۆ خۆتان سبەی دەیبیننەوە لای خودا دەستتان دەكەوێتەوە بە باشتر و پاداشتی گەورەتر.

هەر لەسەر ئەو روانگە مرۆیی و هەڵوێستە جوان و كردە باشەیە، پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) دەفەرموێ: (يَقول الله: يا بن آدَمَ أَنْفِقْ أُنْفِقْ عَلَيْك) رواە مسلم، واتە: خودای گەورە دەفەرموێ: ئەی نەوەی ئادەم ببەخشە، منیش پێت دەبەخشم.

پیاوێك هاتە لای پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) پێی فەرموو: (يا رَسُولَ اللَّهِ أَيُّ الناس أَحَبُّ إلى اللَّهِ وَأَيُّ الأَعْمَالِ أَحَبُّ إلى اللَّهِ؟ فقال: رسول اللَّهِ (صلى اللَّهُ عليه وسلم) أَحَبُّ الناس إلى اللَّهِ تَعَالَى أَنْفَعُهُمْ لِلنَّاسِ وَأَحَبُّ الأَعْمَالِ إلى اللَّهِ تَعَالَى سُرُورٌ تُدْخِلُهُ على مُسْلِمٍ أو تَكشِفُ عنه كرْبَةً أو تَقْضِي عنه دَيْنًا أو تَطْرُدُ عنه جُوعًا وَلأَنْ أَمْشِيَ مع أَخِ في حَاجَةٍ أَحَبُّ إلي من أَنْ أَعْتَكفَ في هذا الْمَسْجِدِ يَعْنِي مَسْجِدَ الْمَدِينَةِ شَهْرًا وَمَنَ كفَّ غَضَبَهُ سَتَرَ اللَّهُ عَوْرَتَهُ وَمَنْ مَشَى مع أَخِيهِ في حَاجَةٍ حتى يَتَهَيَّأَ له أَثْبَتَ اللَّهُ قَدَمَهُ يوم تَزُولُ الأَقْدَامِ)المعجم الكبير للطبرانى، واتە: ئەی پێغەمبەری خودا كامە خەڵكە باشترین و خۆشەویستترین خەڵكە لای خودا؟ لە وڵامدا پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) فەرمووی: باشترین كەس لای خودا ئەو كەسەیە كە سوود و نەفعی بۆ خەڵك هەیە، باشترین كردەوەش ئەو كارەیە، كە مرۆڤ بتوانێ خۆشی و خەندە بخاتە دڵی بەرامبەرەوە، یان خەمێكی لەسەر لابدا، یان قەرزێكی لەجیاتی بداتەوە، یان برسێتی كەسێك بشكێنی، یان لەگەڵ موسڵمانێك بڕوات و كارەكەی بۆ راپەڕێنێ، چونكە بەلای منەوە بەجێگەیاندنی پێویستییەكی خەڵك لە مانەوەی یەك مانگی ناو مزگەوت باشترە، هەر كەسێك تووڕەیی خۆی بخواتەوە خودای گەورە كەموكورتییەكانی دادەپۆشێ، هەر كەسێك لەگەڵ كەسێك بڕوات و لەگەڵی بمێنێتەوە تا كارەكەی جێبەجێ دەكات، ئەوە خودای گەورە لە رۆژی دوایی پێیەكانی جێگیر و سابت دەكات.

كۆی ئەو دەقانە ئەوەمان پێ دەڵین كە ئیسلام كاری چاكە و یارمەتیدانی خەڵكان، دەكاتە یەكێ لەو بنەما و پێوەرە گرنگانەی كۆمەڵگەی پێشكەوتوو، كە سەرەنجام گیانی هاوكاری دەبێتە سیمایەكی جوانی نێو مرۆڤەكان و بەشێكی زیندووی شارستانیەت.

هەموو ئەو كارە خێر و هەنگاوە دڵسۆز و دڵخۆشكەرانەی لە فەرهەنگ و هەستی موسڵمانان و مێژووی كورد هەبووە و بەرجەستەیە، یەكێكن لەو شانازی و هەڵوێستە جوامێرانەی نێو كەلتووری گەلەكەمان و رەوشتی بەرزی دینداری و ژیان لەپێناوی ئەوانی تر،  فەلسەفەی كوردپەروەری و خێرخوازی لە تاکی کورد وابووە، وەك مۆم بۆ خۆی بسووتێ و رووناكی ببەخشێتە رۆڵەكانی گەل و نیشتمان! ئەم هەستەش كەلێنێكی یەكجار زۆری پڕكردووه‌تەوە و پانتاییەكی گەورەی كاری خێر و مرۆیی بەر كەوتووە، كە جێگای سوپاس و پێزانینی كوردپەروەران و شانازی نەتەوەییمانە.

* بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان