د. فاخیر عالی
نووسەر
توركیا له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ده دا
پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له سیسته‌می حوكمڕانی هه‌ر وڵاتێكدا به باشترین كاری ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات داده‌نرێت، به‌دیلی هه‌ڵبژاردن ته‌نها ململانێ و شه‌ڕكردنه، بۆیه ده‌سه‌ڵات و وڵاتانی تێگه‌یشتوو پێگه‌یشتوو له حوكمڕانی، ته‌واوی كێشه‌كانیان له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه. هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌گوێره‌ی بارودۆخی ناوخۆی وڵاته‌كان ده‌گۆڕێت، گه‌رموگوڕی بانگه‌شه‌كان و ئاستی جه‌ماوه‌ری پارته‌كان و ڕێژه‌ی به‌شداریكردنیان ئه‌نجامه‌كان دیاری ده‌كه‌ن، زۆرجار پرسێكی تایبه‌تی ناوخۆ یاخود ده‌ره‌كی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی ده‌كاته‌وه، بۆیه ده‌كرێ بگوترێ هه‌ڵبژاردنی هه‌ر وڵاتێك له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكی دیكه جیاواز ده‌بێت. هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی توركیا به هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ده داده‌نرێت، له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیادا به هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نوسساز ته‌ماشا ده‌كرێت، بۆیه له هه‌موو لایه‌كه‌وه چاوێكی زۆری له‌سه‌ره‌و به بایه‌خه‌وه چاودێری ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ی یارو نه‌یاری حیزبه‌كانی توركیان، له ئاست و بڵندگۆی جیاوازه‌وه له چوارچێوه‌ی ویست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیاندا دژایه‌تی و ده‌سته‌واری پارته به‌شداربووه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی توركیا ده‌كه‌ن.
ئه‌م هەڵبژاردنه سەرۆکایەتی و پەرلەمانییهی کە وا بڕیارە له ڕۆژی یەکشەممەی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ بەڕێوە بچێت، له‌به‌ر دوو هۆكاری سه‌ره‌كی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه جیاوازتره، هۆكارێكیان ئه‌وه‌یه بۆ یه‌كه‌مین جاره زۆرترین هاوپەیمانی و پارتی سیاسی لە مێژووی کۆماری توركیادا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، زیاتر له (35) پارتی سیاسی له چوارچێوه‌ی چه‌ند هاوپەیمانیهتێكی جیاواز و شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆدا به‌شداری له هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن، له هه‌مان كاتدا چوار كه‌سایه‌تی جیاوازیش خۆیان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار كاندید كردووه، (ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان) (1954 - .....)، كاندید‌و سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانییه‌تی كۆمار ده‌كات كه له حیزبه‌كانی: ( پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په، پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رست (مه‌هه‌په)، پارتی یه‌كگرتنی گه‌وره (به‌به‌په)، پارتی سه‌رله‌نوێی ڕه‌فاهـ (یهڕپه)، پارتی چه‌پی دیموكرات (دسهپ) و پارتی هودا پاڕ)، هه‌روه‌ها (كه‌مال كڵچدار ئۆغلوش) (1948 - .....)، كاندید‌و سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانییه‌تی میلله‌ت ده‌كات كه له حیزبه‌كانی: پارتی گه‌لی كۆماری (جه‌هه‌په)، ئیی پارتی، پارتی ئاینده، پارتی ده‌ڤا، پارتی سهعاددهت (له كاتی نووسینی ئه‌م وتاره‌دا له هاوپهمانییهتهكه پاشه‌كشه‌ی كرد)، جگه له‌م پارتانه پارتی گه‌لان (هه‌ده‌په) پاڵپشتی خۆیان بۆ هاوپه‌یمانییه‌تی میلله‌ت ڕاگه‌یاندووه. هه‌روه‌ها (موحه‌ره‌م ئینجه)(1964 - ....) سه‌رۆكی پارتی مه‌مله‌كه‌ت به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ و (سینان ئۆغان) (1967 - ....)یش كاندیدی (هاوپه‌یمانییه‌تی عه‌تا)یه. هه‌ندێك له‌مانه له لایه‌ن چه‌ند پارتێكی دیكه‌ی سیاسییه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن و بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرێت. هۆكاری دووه‌می جیاوازییه‌كه له‌وه‌دایه: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له نێوان دوو سه‌ده‌ی مێژوویی وڵاته‌كه‌دا ده‌كرێت، سه‌ده‌یه‌كیان كه سه‌ده‌ی بیسته‌م بوو بۆته مێژوو، چه‌ندین ڕووداوی مێژوویی و گۆڕانكاری فره چه‌شن له‌م وڵاته ڕوویداوه، هه‌ر له كوده‌تای سه‌ربازییه‌وه بگره هه‌تاكو گۆڕینی سیاسه‌ت و بنه‌ماكانی حوكمڕانی و ...هتد. هه‌روه‌ها سه‌ده‌یه‌كی دیكه‌شیان كه ئێستایه به سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م داده‌نرێت، له ئاستی ناوخۆ و دهركییدا گرنگی و بایه‌خێكی زۆر مه‌زنی بۆ توركیا هه‌یه، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه سیاسه‌تمه‌دارانی توركیا به گشتی و حیزبی ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان به‌تایبه‌تی كارنامه‌و نه‌خشه‌ڕێژی جۆراوجۆری تایبه‌تیان بۆ ئه‌م سه‌ده‌یه داناوه، بۆیه ده‌رچوونی كاندیدانی هه‌ر یه‌كێك له‌م دوو هاوپه‌یمانییه‌تییه سه‌ره‌كییه كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا ده‌بێت، چونكه به‌بێ گومانكردن هه‌ر یه‌كێك له‌م كاندیدانه، ڕوانگه‌و كارنامه‌ی خۆی بۆ ئێستا‌و دوای هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌و ده‌بێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک و سەرۆکی ئاکەپە، بۆ جاری دووەم وەک کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەل و بۆ جاری سێیەمیش بە گشتی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید دەکاته‌وه. وه‌ك له پێشه‌وه ئاماژه‌ی بۆ كرا ئاكه‌په، مەهەپە، بەبەپە، یهڕپ و هودا پار لەو پارتانەن پشتیوانی ئەردۆغان دەکەن. ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2014دا 51.79%ی دەنگ و لە هەڵبژاردنی 2018شدا 52.59%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە، کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی نەتەوەیی، بۆ یەکەمجاره ڕکابەری لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەکات. هه‌ر یه‌كێك له پارته‌كانی: جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی دێڤا، پارتی ئایندە، پارتی دیموکرات، پارتی ڕزگاریخوازی گەل، پارتی گۆڕانی تورکیا، پارتی كۆمه‌نیستی تورکیا‌و له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردووش‌دا پارتی گه‌لان (هه‌ده‌په) به ڕاسته‌خۆیی پاڵپشتی خۆی بۆ هاوپه‌یمانی میلله‌ت ڕاگه‌یاند، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش له تویتێكیدا داوای ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌ی بۆ کلیچدارئۆغڵۆ كرد‌و به سه‌رۆكی نوێ ناوی برد. هه‌روه‌ها موحەرەم ئینجه‌ش، كه کاندیدی جه‌هه‌په بوو بۆ هه‌ڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨، به‌ڵام دوای شكست و ده‌رنه‌چوونی، له پارتی جەهەپە جیابوه‌وه‌و پارتی مه‌مله‌كه‌تی دامەزراند. له ئێستادا جگە لە پارته‌كه‌ی خۆی، هیچ حیزب و لایەنێک هاوپه‌یمانی موحه‌ره‌م ئینجەو پارته‌كه‌ی نیه.
سینان ئۆگان، سیاسەتمەداری پێشووی مەهەپە بووه. لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ – ٢٠١٥ له‌سه‌ر بازنه‌ی شاری ئیغدر ئەندام پەرلەمان بووە. ساڵی ٢٠١٥ دا کاندیدی مه‌هه‌په بووه بۆ سەرۆکایەتی، دوای ئه‌وه‌ی لە پارتەکەی دەرکرا، لە هەمان ساڵدا بە تۆمارکردنی سكاڵا‌و داوای یاسایی گەڕایەوە ناو پارتەکەی، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی نه‌یاربوونی خۆی بۆ ڕاپرسی ساڵی ٢٠١٧ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور ڕایگەیاند، جارێکی دیكه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له سیاسەتمەدارانی دیكه‌ی مەهەپە كه هه‌مان بۆچوونیان هه‌بوو، له حیزب دەرکران. له ئێستادا هه‌ر یه‌كێك له پارتی زافەر، پارتی وڵاتەکەم و پارتی هاوپەیمانی تورکیا پاڵپشتی له سینان ئۆغان و "هاوپه‌یمانی عه‌تا" ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی پارتی بچووك بچووك ده‌مێننه‌وه، ئه‌وانیش چ به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ بێت یاخود هاوپه‌یمانی، به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌كه‌ن خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م چه‌ند هاوپه‌یمانییه سه‌ره‌كییه یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه.
به‌م شێوه‌یه ئه‌م كاندیدانه‌ی سه‌رۆك كۆمار و هاوپه‌یمانییانه‌ی كه له پێشه‌وه باسكران، به‌شێوه‌یه‌كی چڕ‌وپڕ بانگه‌شه بۆخۆیان ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تای بانگه‌شه‌و كارنامه‌ی كاندیدی هه‌ر هاوپهیمانییهتێك له‌گه‌ڵ ئێستای جیاوازه، بارودۆخی هاوپه‌یمانی كۆمار به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ردۆغان له سه‌ره‌تادا باش نه‌بوو، زۆربه‌ی ڕاپرسی و سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه ده‌كرد ناوبراو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا چانسی بردنه‌وه‌ی زۆر كه‌مه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ڕۆژانه‌ی بانگه‌شه‌كاندا تێبینی ده‌كرێ، خه‌ریكه هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه‌و ورده ورده ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی هاوپه‌یمانی كۆمار كه له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت و ژماره‌ی لایه‌نگره‌كانی زۆر ده‌بن، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه هه‌روا له خۆڕا نیه، له به‌رئه‌نجامی كۆمه‌ڵێك هۆكار و ڕه‌هه‌ندی تایبه‌ته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، ده‌كرێ له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا كورتیان بكه‌ینه‌وه:
1. جیاوازی سه‌رده‌می حوكمڕانی و سیاسه‌تی ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می كابینه حوكمدارییهكانی جه‌هه‌په، ده‌نگی ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ ئه‌ردۆغان یه‌كلایی كردۆته‌وه كه سه‌رده‌می حوكمداری جه‌هه‌په‌یان بینیوه. ئینجا به‌شێكیان به‌هۆی خزمه‌تگوزارییه‌وه بێت یاخود به‌هۆی نه‌ریتخوازی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه بێت، به ئاشكرایی ده‌نگی خۆیان بۆ ئه‌ردۆغان و هاوپه‌یمانییه‌تی كۆمار یه‌كلایی كردۆته‌وه.
2. وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی ساڵانی ڕابردوو ڕاگه‌یاندنی چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری به‌گشتی و توێژی گه‌نجان به‌تایبه‌تی، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا ئه‌ردۆغان كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ی وه‌ك: دامه‌زراندنی بانكی خێزانی و پێدانی پاره به‌بێ سو‌و، لێخۆشبوونی پاره‌ی غازی ماڵان بۆ ماوه‌ی ساڵێك، خستنه‌بازاڕی تڕومبێلی تایبه‌تی توركیا، دروستكردنی چه‌ندین جۆری دڕۆن و فڕۆكه‌ی تایبه‌ت، دروستكردنی كه‌شتیگه‌لێكی فڕۆكه هه‌ڵگر و كردنه‌وه‌ی به ڕووی هاوڵاتییهكان، ده‌نگی به‌شێكی زۆری ئه‌و گه‌نجانه‌ی گۆڕیوه كه له ماوه‌ی حوكمڕانی ئاكه‌په له دایكبوونه.
3. بێ هێزی كه‌سایه‌تی كه‌مال كڵچدار ئۆغلۆ و خۆشه‌ویست نه‌بوونی له‌نێو خه‌ڵكی توركیا، له به‌رامبه‌ردا ئه‌ردۆغان پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی له ناو خه‌ڵكدا بۆ دانراوه، هه‌تا نه‌یاره‌كانیشی گه‌واهی بۆ ده‌ده‌ن و له زۆر پرسدا پاڵپشتی زیاتریان بۆ ئه‌و هه‌یه نه‌وه‌كو كڵچدار ئۆغلۆ.
4. نه‌بوونی پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی له لایه‌ن هاوپه‌یمانی میلله‌ت، جگه له چه‌ند دروشمێكی دووباره هیچ پڕۆژه‌و ڕوانگه‌یه‌كی نوێیان بۆ دوای هه‌ڵبژاردن پێ نیه كه قه‌ناعه‌ت به ده‌نگده‌ری خۆڵه‌مێشی بكات. له‌لایه‌ن زۆرێك له هاوڵاتییه‌كانی توركیا به حیزبی په‌یكه‌ر دروستكردن ناوزه‌د ده‌كرێن نه‌وه‌كو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری. له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو ئه‌كڕه‌م ئیمام ئۆغلو و هاوكاره‌كانی به نیازی بانگه‌شه‌كردن سه‌ردانی شاری ئه‌رزڕومیان كرد، به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكه‌وه وازیان له بانگه‌شه‌كردن هێناو شاره‌كه‌یان جێهێشت.
5. ماوه‌ی حوكمڕانی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی ئاكپارتی زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری بۆ زیادبوونی ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانی ڕه‌خساندووه، ئه‌مه‌ش وایكردووه ڕێژه‌ی ئه‌ندامه‌كانی له هه‌ر شه‌ش پارتی ئۆپۆزسیۆن زیاتره كه نزیكه‌ی 13 ملیۆن ئه‌ندام ده‌بێت، بۆیه ئه‌ندامه‌كانیان له ئاستێكی فراوانتردا كار ده‌كه‌ن و قه‌ناعه‌ت به ده‌نگه ناڕازییه‌كان ده‌هێنن.
6. ڕاڕای و كۆك نه‌بوونی حیزبه‌كانی هاوپه‌یمانی میلله‌ت له‌سه‌ر یه‌ك كارنامه‌ی گشتگیر و تۆكمه، پێش ڕاگه‌یاندنی هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كه مێڕال ئاكشنه‌ر كشایهوهو دواتر گه‌ڕایه‌وه ناو هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كه، هه‌روه‌كو له پێشه‌وه ئاماژه‌ی پێكرا، له كاتی نووسینی ئه‌م وتاره‌شدا (ته‌مه‌ل كهڕهموڵڵا) سه‌رۆكی پارتی سه‌عاده‌ت له هاوپه‌یمانییه‌تی میلله‌ت كشایهوهو داوای له ئه‌ندام و لایه‌نگرانی كرد كه ده‌نگ به كه‌مال كڵچدار ئۆغلۆ نه‌ده‌ن.
7. بانگه‌شه‌كردن بۆ ئازادكردنی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش له لایه‌ن كه‌مال كڵچدار ئۆغلۆوه ڕای گشتی توركیای به یارو نه‌یاره‌وه وروژاندووه، شه‌ڕو به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رده‌وامی ساڵانی ڕابردووی نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و (په‌كه‌كه) ڕقێكی ئه‌ستووری له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و حیزبه دروستكردووه، بۆیه كه‌م تا زۆر بانگه‌شه‌كانی كه‌مال كڵچدار ناڕه‌زایه‌تی و نیگه‌رانی له‌لای زۆرێك له ده‌نگده‌ری تورك دروستكردووه.
8. دروشمی ئاینی و به‌رگریكرن له شه‌ریعه‌ت و بنه‌ماكانی ئاینی ئیسلام له لایه‌ن ئه‌ردۆغان و هاوپه‌یمانییه‌تی كۆمار، جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی و سه‌رنجڕاكێشانی به‌شێكی زۆر ده‌نگده‌رانی توركیایه، به پێچه‌وانه‌وه حیزبی جه‌هه‌په به‌و بهرگریكردنهی كه پێشتر له هاوڕه‌گه‌زخوازه‌كانی ده‌كرد، دڵی زۆرێك له خه‌ڵكی ڕه‌نجاندووه، هه‌تا ئه‌وانه‌ی پابه‌ندی ئاینیشیان نه‌بووه نیه وه‌ك حیزبێكی سه‌ره‌كی هاوپه‌یمانییه‌تی میلله‌ت دژایه‌تی خۆیان بۆ ئه‌م حیزبه ده‌ربڕیوه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م خاڵانه‌و چه‌ندین خاڵی دیكه كه له‌به‌ر درێژ نه‌بوونه‌وه‌ی وتاره‌كه ئاماژه‌مان بۆ نه‌كردووه، كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ده‌نگده‌ری توركیا دروستكردووه، وایكردووه ڕێژه‌ی لایه‌نگری و ده‌نگه‌كانی ئه‌ردۆغان و هاوپه‌یمانییه‌تی كۆمار به‌رزبێته‌وه، له به‌رامبه‌ردا ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌مال كڵچدار ئۆغلۆو هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كه‌ی كه‌مبێته‌وه. ئه‌م بارودۆخه‌ش واده‌كات ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌رچوون و بوونه‌وه سه‌رۆك كۆماری بۆ خولێكی تازه زیاتر بێت و مه‌ترسی ده‌رنه‌چوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌مێنێت.
ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه، ده‌نگ و پێگه‌ی كورده، ئایا پێگه‌و ده‌نگی كورد چی به‌سه‌ردێت؟ له دوای ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌ده‌په ڕووبه‌ڕووی چ چاره‌نووسێك ده‌بێته‌وه؟. وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕوون ئاشكرایه، هه‌ده‌په‌و ئه‌و حیزبانه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌و بیر ده‌كه‌نه‌وه، تاكو ئێستا له بۆته‌ی ئایدۆلۆژیا ده‌خولێنه‌وه‌و خه‌وی پڕۆڵیتاریی بوون به‌ری نه‌داون، ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر فكر‌و ئومه‌میه‌تی گه‌لانی دونیا پێداگرن ئه‌وه‌نده به‌دوای مافه گشتی و سه‌ره‌تاییه‌كانی خه‌ڵكی خۆیانه‌وه نین، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه هه‌ڵه له‌دوای هه‌ڵه ئه‌نجام بده‌ن، تاقیكردنه‌وه‌و یاری به ماف و چاره‌نووسی گه‌لێك ده‌كه‌ن كه هه‌تاكو ئێستا هیچ خێری له‌خۆی نه‌دیتوه، ئه‌و ههڵانهشیان به‌بێ به‌رامبه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌جێندای تایبه‌ته‌وه پێیان ده‌كرێت و دواتر وه‌ك په‌رچه كردارێك به تووندترین شێوه تێیده‌كه‌ون، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سوودێكیان ده‌ستبكه‌وێت به باج و قوربانیدانێكی زۆریشه‌وه لێ ده‌رباز نابن. به تێگه‌یشتنی خۆمان له ڕووداوه مێژووییه‌كانی ساڵانی ڕابردوو مێژووی ئه‌م پارته، ئه‌و پاڵپشتی و بانگه‌وازه‌ی كه سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش بۆ كه‌مال كڵچدار ئۆغلۆی كرد هه‌ڵه‌یه‌كی شاشی مێژوویی بوو، ده‌بوو بانگه‌وازه‌كه‌ی ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵات كردبایه نه‌وه‌كو كڵچدارئۆغلو، چونكه له هه‌موو بارێكی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردندا ده‌كرا هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان هه‌ردوو هێزی سه‌ركه‌وتوو دۆڕاوی بكرێت. ئێستاش نه‌چووه بچی، له‌م كۆتا هه‌فته‌ی بانگه‌شه‌كاندا ئاماژه‌كانی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی ده‌سه‌ڵات دایه، بۆیه به هه‌مان شێوه‌ی حیزبی سه‌عاده‌ت ده‌كرێ و واباشتره ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵات و هاوپه‌یمانی كۆمار بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ر كۆتایی هێنان به شه‌ڕی یه‌كجاره‌كی داوای دانوستاندن بكه‌ن، به گوێره‌ی هه‌ڵوێست و وه‌ڵامدانه‌وه‌كان كاردانه‌وه‌یان هه‌بێت نه‌وه‌كو په‌رچه‌كردار، چونكه بارودخهكه زیاتر ئاڵۆز ده‌كات، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كه چاوه‌ڕوانی ده‌رچوونه‌وه‌ی زیاتر له ده‌سه‌ڵاتی ئێستا ده‌كرێت نه‌وه‌كو ده‌رنه‌چوونه‌وه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌م لێكدانه‌وانه له‌سه‌ر بنه‌مای پێشهات و ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه نووسراون، ده‌كرێ له كۆتا خوله‌كدا بارودۆخه‌كه بگۆڕێت و گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان دابێت و سه‌رله‌به‌ری بگۆڕێت.
مامۆستا له زانكۆی سۆران