ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
بەرەو كارەبایەكی بەردەوام و سەقامگیر
جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی گرنگی وەكو پریپەید بۆ گەیشتن بەكارەبایەكی بەردەوامی 24 كاتژمێری و سەقامگیر و كەمكردنەوەی بارزۆری و سەرپێچییەكان، ئومێد و خواستی هەموو هاووڵاتییەكی كوردستانە، كاتێك پرۆژەی پێوەری زیرەكیش دەستی پێكراو لە ئێستادا زیاتر لە یەك ملیۆن و 350 هەزار هاوبەش پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە پارە و خەرجییەكی زۆری بۆ حكومەت و دواجار بۆ دابینكردنی مووچەكان گەڕاندەوەو بە هەزارەها سەرپێچی و نەبوونی هاوبەشی چارەسەركرد، یەكێك لە سیستەمە پێشكەوتووەكانی دنیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا و گەیشتن بە كارەبایەكی 24 كاتژمێری پێوەری زیرەك و پرۆژەی پێدانی پێش وەختەی كارەبایە.
ئەم بابەتە دوور لە موزایەدە و هەڵچوونی ناو سۆشیال میدیاوە چارەسەری بنەڕەتی كێشەی كارەبایە كە زیاتر لە 30 ساڵە بەرۆكی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی كردووە ، پرۆژەی پێوەری زیرەك ماوەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەكات و دەیگەیەنێتە نزیكەی 24 كاتژمێر و هاوڵاتیان ناچار نابن دوو سەرچاوەی پارەی كارەبا بە كارەبای حكومەت و موەلیدە بدەن ، ئەمە وێڕای ئەوەی بەدادپەروەرانە كارەباكە دابەش دەكات نەوەكو هەر كەسێكی سەرپێچیكار بەئارەزووی خۆی و لەسەر حسابی تۆی هاوڵاتی كارەبایەكی باش و بەلاشی هەبێت و كاریگەریی خراپ لەسەر تۆ دابنێ.
لەمەش گرنگتر لەو هەموو ژاوەژاوو دەنگ و دوكەڵ و پیسبوونی ژینگە دەمانپارێزێت كە بووەتە هۆی سەرچاوەی زۆری نەخۆش ، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی سەرەكی زیادكردنی ماوەكانی پێدانی كارەبا و رزگاربوون لەم پیسبوونی ژینگەیە دادەنرێت و بەردەوام هاوكارو هەماهەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كارەبا بووە تاوەكو بتوانرێت وەكو زۆر وڵاتانی پێشكەوتوو بگەینە كارەبایەكی باش و بەردەوام و یەك سەرچاوەیی ، لە ئێستادا تیمەكانی پێوەری زیرەك لە هەنگاوە سەرەتاییەكانی جێبەجێكردنی پرۆژەی پریپەید- دان و وەكو نموونە ژمارەیەكی زۆری كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون ئەوانەی بە High cost واتا سیتییەكان لەئاستێكی بەرزدان و زۆربەیان پێشتر بەنرخێكی زیاتر لە رێگەی كڕینی كارتەوە كارەبایان بەكار دەهێنا.
لێرەدا هاووڵاتی مافی خۆیەتی بپرسێت لەكاتی جێبەجێكردنی پریپەید سوودەكانی پرۆژەكە چی كە لێرەدا بەچەند خاڵێك گرنگترین سوودەكانی دەخەینەڕوو:
1- كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان بۆ نموونە لە 14 پرۆژەی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی شاری هەولێردا كە 15,181 هاوبەشی هەیە 3320 سەرپێچی دەستنیشان كراوە ، ئەمەش گەڕانەوەی دادپەروەریی و وزەی كارەبایە بۆ ناو تۆڕی كارەبا.
2- قەرزی كەڵەكەبوو بۆ گەنجینەی حكومەت دەگەڕێنێتەوە.
3- بارزۆری سەر فیدەرەكان بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بووەتەوە بەمەش بڕە كارەبایەكی زیادە دەگەڕێتەوە ناو تۆڕەكانی كارەبا بۆ هاوڵاتیان و شكاندن و سووتانی محاویلە كەم دەبێتەوە.
4- بەكوژانەوەی موەلیدەكان ژینگە پارێزی دروست دەكات و خەڵكانێكی زۆر لە رێگەی پاراستنی ژینگەوە سوودمەند دەبن.
5- پێدانی یەك سەرچاوەی پارەی كارەبا لەبری دوو سەرچاوەی كارەبای نیشتمانی و كارەبای موەلیدە كە زۆربەی جار بارگرانی بووە لەسەر هاوڵاتیان.
6- بەفیڕۆنەدانی كارەبا و كەمكردنەوەی زیادمەسرەفی لەبەكارهێنانی كارەبای زیاد كە لەهەردوو وەرزی زستان و هاویندا دەبووە هۆی بچڕ بچڕ بوونی ماوەكانی پێدانی كارەبا و بگرە زیانگەیاندن بەئامێرەكارەباییەكان.
7- بەكارهێنانی لە 8% ئەو داهاتەی دەست وەزارەتی كارەبا دەكەوێت بۆ ئەنجامدانی پرۆژەو كاری نوێ و باشتركردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كارەبا.
لێرەدا ئێمە لەوەزارەتی كارەبا لەوە تێدەگەین كە گرفتی كارەبا چەندین ساڵە وەكو موزایەدە و ماددەیەكی ئیعلامی نێوان زۆربەی حزبەكان و لەناو ژمارەیەكی زۆری تۆڕی سۆشیاڵمیدیا و راگەیاندن بۆ گەرمكردنی بەرنامەكان بەكار دەهێنرێت ، بۆ پێوەری زیرەك و چەندین پرۆژەی دیكەی وەزارەت ئەمە هەبوو ، ئەوەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بۆ بەرنامەیەكی وا گرنگ و پرۆژەیەكی ستراتیژی بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەی كارەبا دانراوە كەچی هێشتا خەڵكانێك خوازیارن ئەم پرسەش بە لاڕێدا بەرن ، ئەوەیان لەبیر كردووە هەر سامانێك لەژێر چاودێری و بەدواداچوون و پرۆژەیەكی ئەلەكترۆنی و دادپەروەرییەك نەبێت مومكین نییە بەردەوام بێت و بەشێوەیەكی باش بگاتە هەموو تاكێكی ناو كۆمەڵگەكەن هاوڵاتیانی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە خەمخۆری راستەقینە و بەكرداری خەمەكانی هاوڵاتیانە بە جێبەجێكردنی ئەم سیستەمە كارەبایەكی باشتر و دادپەروەرانە دەگاتە دەستی خێزانەكان و ماڵەكانی كوردستان هەر بە رووناكی دەهێڵینەوە.
*بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كارەبا و ئەندامی لێژنەی باڵای پێوەری زیرەك