ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
کابینەی نۆیەم؛ دیدگایەكی نوێ بۆ ئایندەیەكی گەش
لە تەممووزی 2019دا؛ کاتێک کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی دەستبەکار بوو، هەرێمی کوردستان لەناو گێژاوی تەحەددا و قەیرانی قووڵی دارایی و سیاسی و ئابووریی ئاڵۆز و تونددا بوو؛ کۆرۆنا و قەیرانی دارایی و داڕمانی مێژوویی بەهای نەوت و وشکەساڵی، لەگەڵ ململانێی بەغدا لەگەڵ قەوارەی هەرێم و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆ كە تاكو ئەمڕۆ رێگرە لەدروستبوونی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێم، هەموو ئەم هۆكارانە کۆمەڵێک هۆکاری مەترسیداریان دروست کردبوو، بە جۆرێک کە چاودێران پێشبینیی پەککەوتن و قەیرانێکی قووڵی حوکمڕانییان دەکرد و تەنانەت پێیان وابوو مەحاڵە کابینەی نۆیەم بتوانێت مووچەکان دابین بکات.
لەناو هەموو ئەم نائومێدییەدا، رێگە و ستراتیژییەتێکی نوێ بۆ چاکسازی و بنیاتنانی دەوڵەتمەداری سەریهەڵدا، بەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو سەردەمەشدا تەنیا لەناو گێژاوی قەیرانەکان نەمایەوە و خۆڕاگر بوو دۆخەکەی تێپەڕاند؛ هەرچەندە دواتر بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، رێگریی لە هەناردەکردنی نەوت، دژایەتییەکانی عەقڵیەتی مەرکەزییەت و رەتکردنەوەی فیدراڵی، کۆمەڵێک گرفت و تەنگژەی دیکەی گەیاندە ئەم میللەتە مەزڵوومەی کوردستان. هاوکات لە نێوخۆشدا پروپاگەندەی راگەیاندنەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن و بڵاوکردنەوەی بێئومێدی و رەشبینی دەستیپێکرد، بێ ئەوەی حزب و ئەم كەسە بەناو شەعبەوییانە بتوانن هیچ پرۆژە و رێگایەكی راست و دروست نیشانی حكوومەت بدەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان، بە پێچەوانەوە جگە لەهاندانی خەڵكی دژی بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لەم قۆناخە هەستیارەدا كەچی کەوتنە دژایەتیکردنی هەڵمەتەکانی چاکسازیی و دامەزراندنی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە سەرۆكی حكوومەت بەردەوام پێداگیری دەكات لەسەر گرنگی بەگەڕخستنەوەی دەزگا تەشریعی و جێبەجێكارەكانی قەوارەی هەرێم.
رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگال و بەلاڕێدابردنی ئاسایكردنەوەی دۆخەكەو جێبەجێ نەكردنی ماددەی 140ی دەستووری و کەمکردنەوە و بڕینی بودجەی هەرێم لەگەڵ قەرزی کەڵەکەبووی سەرشانی حکوومەت، تەنیا زنجیرەیەک شۆک نەبوون کە رووبەڕووی کابینەی نۆیەم بوونەوە، بەڵکوو پلانێک بوو بۆ لێدانی تەواوەتیی قەوارەی هەرێمی کوردستان. لەم دوو ساڵەی دواییشدا هەڕەشە ئەمنییەکانی مووشەکبارانی هەولێر و کوردستان هاتە سەر، گرووپە لەیاسادەرچووەکان وەکوو باڵی سەربازیی هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی بەغدا کە بەردەوام دژی خەڵکی کوردن و خاوەن ماڵ وەکوو هاووڵاتیی پلە دوو سەیری دەکەن، هەموو ئەمانە ئامانج لێی تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و راگرتنی هەوڵە بەردەوامەکانی کاروانی ئاوەدانی و گەڕانەوەی ئومێد بوو بۆ خەڵکی کوردستان.
شێوازی دەوڵەتمەداریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ئەزموونی «لی کوان یو»ی بنیاتنەری سەنگافورای مۆدێرن بوو، کە لە گەرمەی دوژمنکاری و نەبوونی سەرچاوەدا توانی مۆدێلێکی پێشەنگ لە حوکمڕانی دابهێنێت. سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە گەشبینی و دانبەخۆداگرتنێکی عەقڵانی لە بەرامبەر گێژاوە ئیقلیمییەکان و پێشخستنی راستگۆیی و بەرژەوەندیی گشتی بەسەر هەموو ململانێیەکی حزبی، توانی متمانەی نێوان میللەت و حکوومەت نوێ بکاتەوە؛ بێگومان هەرگیز ئەوەشی نەشاردووەتەوە و لە زۆر بۆنە و مەراسیمدا جەختی لەسەر کردووەتەوە بەوەی کە لە قۆناخی قەیرانەکانی دارایی و ئابووری دەربازمان نەبووەو گلەیی و رەخنەی خەڵكی بەكارو چارەسەركردن و كردار وەڵامی دەداتەوە لەمەشدا پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر نموونەیەكی بەرچاوە ، سەرۆک باش دەزانێت لە چ سێکتەر و کەرتێکدا کەموکوڕی و گلەیی هەیە، بۆیە لەناو هەموو ئەم تەنگژە و قەیرانانەدا لە بەرپرسیارێتی رای نەکرد و گەلەکەی لەناو ئەم گێژاوەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێنەهێشت؛ بە پێچەوانەی ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی ناوخۆوە کە لە بەغدا کاریان کرد بۆ نەهێشتن و نەهاتنی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت راگەیاندنەکانیان گرفت و کێشە و قەیرانێکیان هەبێت باسی بکەن، کە لە بنەڕەتدا بەشی زۆری بەر خودی خۆیان دەکەوێت.
شەڕی گەندەڵکاران، جێبەجێکردنی چاکسازی و راگرتنی خوێنبەربوون (نەزیف) و بەفیڕۆدانی ماڵ و دارایی گشتی کارێکی وا ئاسان نەبوو، بەتایبەتی کاتێک لەلایەن ئەوانەی بەرژەوەندییەکانیان دەکەوتە مەترسییەوە، بەرامبەری راوەستانەوە. لەم نێوەندەدا کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی شۆڕشێکی گەورەی بەسەردا هات، کەرتی وزە و کارەباش وێڕای هەموو تێبینی و سەرنجەکان، کەوتە سەر رێگای راست و زانستی بەرەو گەیشتن بە کارەبایەکی بەردەوام و دوای 30 ساڵ ئومێدی دروست كرد؛ هەروەها بە دەیان پرد و هەزاران کیلۆمەتر رێگاوبان و تونێل و شەقام لەبەرچاوی شوفێران و هاووڵاتییاندایە. خۆ ئەگەر باسی وشکەساڵی بکەین، هەموو ئەو بەنداو و پۆندانە ئەو راستییە دەردەخەن کە لە 50 ساڵی رابردوودا پڕۆژەی زۆر گەورەو ستراتیژیی ئەنجام درا. هاتن و مانەوەی نیو ملیۆن کەسی پەنابەر و ئاوارە و خەڵکی شارەکانی عێراق و لە هەر سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان (رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوا) و تەنانەت زۆر لە وڵاتانی بیانی، بەڵگەیەکی زیندووە بەوەی بۆ بەدەستهێنانی کار و بژێوی ژیان روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان کردووە، چونکە خەڵک بەدوای کار، خۆبژێوی و خۆشگوزەرانیدایە.
ستراتیژی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و کۆتایهاتن بە سیاسەتی پشتبەستنی تەواو بە نەوت و کڕینەوەی بەرهەمی جووتیاران و هاناردەكردنی بەرهەمی هەنارو پەتاتە و گەیشتنی بۆ بازاڕەكانی كەنداوو ئەوروپا و دروستکردنی سایلۆ و کارگەی خۆراك تەنیا بەعەقڵیەتێك كرا كە بڕوای بەكردارە نەوەكو بەڵێنی بێ كردار. خۆ ئەگەر باسی پرسی پاراستنی ژینگە و ئاسایشی ئاو بکەین، پێشوەختە خرایە ئەولەویەتەوە و بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی 17 بەنداوی گەورە و مامناوەند و دەیان پۆند تەرخان کرا تا توانای گلدانەوەی ئاو بگاتە سەدان ملیۆن مەتر سێجا، هاوکات بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە نزیکەی دووسەد پاڵاوگەی نایاسایی داخران و پڕۆژەی ماستەرپلانی سەوزایی و پشتێنەی سەوزی هەولێرو ریسایکڵین کەوتنە گەڕ. لە رووی بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکانیشەوە، وەرچەرخانێکی گەورە بەرەو بەدیجیتاڵکردنی تەواوەتی جێبەجێ کرا، بە جۆرێک کە رووتین لەناوبچێت، شەفافییەت بەرقەرار بێت و زەمینەی پێشوازی لە زیرەکیی دەستکرد خۆش بکرێت.
هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوە دەدەن کە کوردستان لە چوارچێوەی «بەشێک لە کێشەکان» دەرچووە و وەک «بەشێک لە چارەسەرەكان» مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەوەشی ماوە لە دابینکردنی سووتەمەنی و چارەسەرکردنی گرفتەکان، کاری جیددی و دڵسۆزانەی لەسەر دەکرێت.
لە کۆتاییدا، کابینەی نۆیەم تەنیا ئیدارەدانی کاروبارە رۆژانەییەکان نەبوو، بەڵکوو قۆناخی دانانی بەردی بناخەی کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر و بەردەوام بوو، تاوەکوو ئامادەکاری بۆ تەحەددییەکانی سەردەم بکرێت؛ حوکمڕانیی لە هەرێمدا لە بازنەی «بەرگریی لە مانەوە» گواستەوە بۆ قۆناخی «بونیادنان و گەشەسەندن». ئەم ئەزموونە مێژووییە سەلماندی بەوەی تا خەڵکی نیشتمانپەروەر و سەرکردەیەکی دڵسۆز هەبێت، دەتوانرێت لەناو دڵی تاریکترین تەنگژەکانیشدا ئایندەیەکی گەش بنووسرێتەوە.