
رەحیم رەشیدی
پەیامنێر
جەژنی سەربەخۆیی ئەمەریکا

ئەمەریکییەکان هەموو ساڵێک لە رێکەوتی 4ی مانگی تەمموزدا، بە بۆنەی یادی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان جەژن و شادی دەگێرین و بە شکۆوە یادی ئەم بیرەوەرییە بەرز رادەگرن.
4ی جوڵای:
تۆماس جێفرسۆن و بنیامین فرانکلین دوو کەس لەوانە بوون بە واژۆکردنی بەیاننامەی سەربەخۆیی، دەسەڵاتی ئیمپراتۆری بەریتانیایان رەتکردەوەو کۆلۆنیەکانی ئەمریکای باکووریان وەک دەوڵەتی ئازاد ڕاگەیاند.ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە واژۆکردنی جاڕنامەی سەربەخۆیی ئەمریکاوە بوو کە لە لایەن دامەزرێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (باوکەکانی دامەزرێنەر) لە 4/7/1776 هاتە ئاراوەو ئیدی ئەمەریکا پێی نایە قۆناغی سەربەخۆیی و رۆژ بە رۆژ گەشەی کردو پێشکەوت و دەسەڵاتی و کاریەگەری لە ئاستی نێوخۆیی و جیهانی دا فراوانتر بوو.
بوارەکانی هاتنە ئارای راگەیاندنی سەربەخۆیی:
لە سەردەمی ئەلیزابێسی یەکەم، شاژنی ئینگلتەرا، سێر واڵتەر ڕالی بۆ یەکەمجار چەندین شوێنی نیشتەجێبوونی ئەمەریکی لە کەنارەکانی رۆژهەڵاتی ئەمەریکا دامەزراند، لەبەر بەهێزبوونی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا لە "جیهانی نوێ" لە ساڵانی دواتردا ئەم پەلهاوێشتنانە کاریگەری پتربوو.
لە سەدەی هەژدەهەمدا ئەمەریکای باکوور لەلایەن سێزدە کۆلۆنی لە لەندەنەوە فەرمانڕەوایی دەکرا. ئەم سێزدە کۆلۆنیە بریتی بوون لە: ڤیرجینیا، نیویۆرک، دێلاوێر، پێنسیلڤانیا، نیوجرسی، جۆرجیا، کۆنتێکتیکۆت، ماساچوسێتس بەی، میریلاند، کارۆلینای باشوور، نیو هامپشایر، کارۆلینای باکوور و ڕۆد ئایلەند.
سامانی ئەم سێزدە کۆلۆنییە کە بە شێوەیەکی سەرەکی زەوی کشتوکاڵی و بە تایبەتی کێڵگەکانی تووتن بوون، لەلایەن فەرمانڕەواکانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا بە نادادپەروەری یاساورێسای زۆرەملێیان بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەگەرچی لە سەرەتادا پەیوەندییەکانی نێوان کۆچبەرانی ئەوروپی و دەسەڵاتی بەریتانیا دۆستانە بوو، بەڵام لەگەڵ دژایەتی کۆچبەران بۆ سەپاندنی باج و یاساکانی بەریتانیا، لەوانەش "پرۆژە یاسای مۆر" لە ئەمەریکا، گرژیی نێوانیان زیاتر بوو و رۆحی ناسیۆنالیزمی ئەمریکی تەشەنەی کرد بە تایبەتی ئەوانەی لە شوێنە داگیرکراوەکان لە دایک ببوون.
کار گەیشتە ئەوەی ساڵی 1765 ئەمریکییەکان وردە وردە داوای کۆتاییهێنان بە باجدانیان دەکرد بێ ئەوە لە پەرلەمانی بەریتانیادا خاوەن دەنگ و پێگە بن.
پاش ئەوەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان سەریاهەڵدا، بەتایبەتی لە پارتی "ئاهەنگی چا"یی بۆستن و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژی پڕۆژە یاسای چا. لەم بزووتنەوەیەدا گروپی بەناو "کوڕانی ئازادی" کە جلوبەرگی ڕەسەنی ئەمەریکیایان دەپۆشی، کە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە قۆرخکاری چایی لەلایەن کۆمپانیای رۆژهەڵاتی هیندستانەوە، هەموو بارە هاوردەکراوەکانی چایی بەریتانییان لە بەندەری بۆستن راگرت.
ئەم خۆپیشاندانە راوەستان بوو لە ئاست دەستەبژێری دەسەڵاتداری بەریتانیا بۆ خواردنەوەی چایی کە وەکوو نەریتەکی نەتەوەیی وابوو. لە لایەکی دیکەوە رووداوەکانی بەندەری بۆستن خرۆشانێک بوو دژی گەندەڵی و باڵادەستی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا لە ئەمریکای داگیرکراودا.
پڕۆژە یاسای "هێزو تۆقاندن" کە لە نێو نیشتمانپەروەرانی ئەمەریکادا بە "پڕۆژە یاسای لێبوردەیی" ناسراوە، پێگەی ماساچوشێتی وەک کۆلۆنییەکی نیمچە سەربەخۆ هەڵوەشاندەوە.
دوو کۆنگرە نوێنەرانی سێزدە کۆلۆنی ئەمەریکای کۆکردەوە. لە کۆنگرەی دووەم لە فیلادلڤیا لە ساڵی 1775 جاڕنامەی سەربەخۆیی واژۆ کراو شەڕی سەربەخۆیی ئەمەریکا ڕاگەیەندرا. ئەو شەڕەی لە کۆنکۆردو ماساچوسێتس لە مانگی 7ی هەمان ساڵدا هاتە ئاراوە تاکوو ساڵی 1783 واتە بۆ ماوەی 8 ساڵ بەردەوام بوو.
راگەیەندراوی سەربەخۆیی ئەمەریکا لە لایەن تیمێکی 5 کەسی داڕێژرا کە پێکهاتبوون لە: ''فرانکلین، جێفرسۆن، جۆن ئادەمز، ڕۆجەر شێرمان و ڕۆبەرت لیڤینگستۆن و تێیدا هاتبوو کە هەموو مرۆڤەکان بەرانبەرن، مافی ژیان، ئازادی و بەدواداچوون بۆ بەختەوەرییان هەیە".
رەشنووسی بڕیارنامەی سەربەخۆیی ئەمەریکا لە 28\6\1776 پێشکەشی کۆنگرێس کراو لە 2ی مانگی 7ی هەمان ساڵدا بە یاسایی کرا و لە 4ی بە فەرمیی پەسەند کرا. دەقی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بۆ یەکەمجار بە دەنگی زەنگ و یاری ئاگرین لە گۆڕەپانەکانی فیلادلڤیا خوێندرایەوە.
ساڵی 1777 لە شاری بریستۆڵ لە ویلایەتی ڕۆد ئایلەند ڕۆژی سەربەخۆیی بە دەنگی تەقەی 13 تۆپ لە بەیانی و ئێوارەی چواری جوڵای جەژن گێردرا. ئەمە یەکەم رێورەسمی فەرمیی رێکەوتی 4ی مانگی 7 بوو کە لە ساڵی 1785ەوە شانازی شارەکە و نەریتی ساڵانەی سەربەخۆیی بووە.
کۆنگرەی ئەمەریکا رۆژی 17/7/1870 بە پشووی فەرمیی بەبێ مووچە دیاریکرد، کەچی لە ساڵی 1938 بڕیارەکە گۆڕدراو رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا کرایە پشووی نەتەوەیی بەبێ بڕانی مووچە.