حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی و دەستکەوتەکانی

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئیرادەی مرۆڤەکان لە هەلومەرجە سەختەکاندا تاقیدەکرێتەوە، رەسەنایەتی و خۆراگری و سووربوونیشیان لە کاتی سەرکەوتن و خۆ بەدەستەوەنەدان لە کاتی شکستەکاندا دەردەکەوێت، هەروەها لە کاتی بەدەستهێنانی ئەو شتانەی بۆ رۆڵەکانی نیشتیمان گرنگ و پێویستن، لەگەڵ بارودۆخە مەترسیدارەکان و وەرچەرخانە توندەکان لە رێڕەوی گەلان کە هەڕەشە لە بوون و ئاسایش و گەشەسەندنیان دەکەن.

بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نموونەی زیندوو و راستگۆیە، لە پیاوی سیاسەت و دەوڵەتداری کە پڕە لە عەقڵانی و حیکمەت و دیدگای روون بۆ داهاتوو.

رۆژی 10/07/2019، بۆ ماوەی چوار ساڵ سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، کە لەوکاتەدا هەرێم لە هەموو دامەزراوەکان و لەسەر ئاستی بژێوی خەڵک بە گشتی بە چەندین کێشەوە دەیناڵاند.

حکومەتی فیدڕاڵی بوجەی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەدەکرد بەوشێوەیەی لە رێكکەوتنەکانی نێوانیان هاتبوو. هەرچەندە حکومەتی ناوەندی لەکاتی جیاوازدا شایستەی دارایی بۆ هەرێم دەنارد ئەویش دوای دانووستانێکی سەخت و ناڕەزایی زۆری لایەنە جیاوازەکان.

هەروەها کابینەکەی مەسرور بارزانی لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنیدا چەندین بەربەستی سەختی هاتنە ڕێ،  لەوانە هاتنی پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری جیهانی، دابەزینی بەرچاوی هەناردەی نەوتی هەرێم و هەوڵی چەند هێزێکی کۆنەپەرست کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای داخراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەزموونی دیموکراسی هەرێم و لاوازکردنی بە هەموو رێگا و شێوازێک. بە تایبەتی دوای سەرکەوتنە خێرا و زەبەلاحەکانی هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا کە بووە جێی سەرسامی هەموو عێراقییەکان و خەڵکانی ئازادیخواز لە جیهاندا.

حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی کە ولایەتەکەی لە 10/07/2023 کۆتایی دێت، قەدەری ئەوە بوو رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر بەربەست و هەڵە کەڵەکەبووەکانی حکومەتەکانی پێش خۆی ببێتەوە، لە قەرزێکی 32 ملیار دۆلاری و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و دابەزینی نرخی  نەوت بەهۆی کۆرۆناوە تا دەگاتە گەندەڵی کە هۆکاری سەرەکییە لە بە هەردەردانی سامان و داتەپینی ئابووری، هەروەها نەبوونی هاودەنگی و لێکترازانی هێزە سیاسییە کوردییەکان بە تایبەت لە نێو حزبە سەرەکییەکاندا و جەمسەرگیری هەندێکیان لەگەڵ هەندێک گرووپی سیاسی کاریگەری ناوەند و هاوکاریکردن لەگەڵیان  بۆ ناسەقامگیری هەرێم و بڵاوکردنەوەی پشێوی تێیدا، هەروەها داگیرکردنی قەزای شنگالی سەر بە هەرێم لەلایەن هەندێک گرووپی توندڕەوە ئەویش بەهۆی شکستی رێککەوتنامەی سیاسی مۆرکراوی نێوان حکومەتەکەی کازمی و هەولێر لەسەر دۆسیەی شنگال، سەرباری ئەوەی کورد بە خوێن و قوربانیدانی گەورە قەزاکەیان لەژێر دەستی داعش ئازاد کرد.

لە روانگەی هەموو ئەمانەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم هیچ رێگەیەکی تری لەبەردەمدا نەبوو، جگە لە گرتنەبەری رێوشوێن و بڕیاری ژیرانە و دروست و پێویست بە گوێرەی ستراتیژێکی دوورمەودا.

زۆربەی سەرنجی لەسەر پێشخستن و هاندانی تواناکانی هەرێم خۆی بوو لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری، پشتبەستن بە دەستپێشخەرییە تاکە کەسی و بەکۆمەڵەکان، ئەمەش وایکرد بۆ یەکەمجار هەرێم توانای خۆبژێوی پەیدابکات، تەنانەت بووە سەرچاوەیەک بۆ وڵاتانی دراوسێ، گەشتیاری بەشێوەی سەرنجڕاکێش گەشەی کرد بە سوود وەرگرتن لە کەلتووری پێکەوەژیان و هەبوونی دەستی ئاوەدانی و ئاوەدانکردنەوە لە هەرێمی کوردستان.

بەڕێز مەسرور زۆر لێزانانە پردی پەیوەندییەکانی درێژکردەوە و لە رێگەی دیالۆگی بەردەوامەوە پردێکی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دروستکرد بە ئامانجی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی تۆکمە و پەسەندکراو بۆ بەدەستخستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان. هەروەها سووربوو لەسەر بە مۆدێرنکردنی دام و دەزگاکانی کوردستان و بە ئەلیکترۆنیکردنیان سەرباری نەبوونی داتابەیسێکی تۆکمە.

بەوپێیەی بەڕێز سەرۆکوەزیران لە یەکەم وەرگرتنی بەرپرسیارەتییەوە رایگەیاندووە کە حکومەتەکەی بۆ خزمەتکردنی هەموو خەڵکی کوردستانە بەبێ جیاوازی حزبی و نەتەوەیی و ئایینی، بە جۆرێک کە رێگە بۆ هەستانەوەی هەمەلایەنە لە ئاستی ئازادییەکان و ئابووری و فکری و رۆشنبیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی خۆشبکات، لەبەرئەوە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیرییەکان دەبینرا، بە شێوەیەکی راستەخۆ لە نزیکەوە گوێی لە خەم و ئازارەکانیان دەگرت، ئەوەش کارێکی ژیرانەیە بۆ دیاریکردنی کەموکوڕیی و هەڵەکان هەروەها راستکردنەوەی رێڕەوی حکومەت و باشترکردنی ئەدای کارەکانی، لەگەڵ ئەوانەشدا بەردەوام کۆبوونەوەی خولی ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەکەی بەڕێوەچووە کە ژمارەیان دەگاتە 218 دانیشتن  ئەوەش ژمارەیەکە حکومەتەکانی پێشووتری پێی نەگەیشتوون.

حکومەتەکەی بەرێز مەسرور بارزانی لەگەڵ هەوڵەکانیدا دەستکەوتەکانیشی چنییەوە، توانی قەبارەی قەرزەکان لە 32 ملیارەوە بۆ 28 ملیار دۆلار کەمبکاتەوە، 3425 پڕۆژەی تەواو کرد بە گوژمەیەک کە لە 13 ترلیۆن دیناری عێراقی تێناپەڕێت. ئەمانە دەستکەوتی گەورەن لەکاتێکدا قەبارەی گەورەیی بەربەستەکانی بەردەمی هاوشێوەی قەیرانەکانی لوبنان بوون.

ئێستا دۆخی ژیان لە هەرێم بووژانەوەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە هەموو گرەوەکان بۆ شکستی هەرێم، شکستیان هێناوە و هیچ هێزێک کە ناوخۆیی یان ناوچەیی بێت ناتوانێت سەرکەوتووبێت لە هەرەسهێنان بەو ئەزموونە دیموکراسییەی ناوچەکە، وە سەیر و نامۆ نییە کە بەڕێز مەسرور بارزانی ئەو رۆڵە نیشتمانییە شەرەفمەندانەیە ببینێت، ئەو نەوەی ئەو قارەمانانەیە کە قوربانییەکی بێشوماریان بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی لە عێراق داوە، لە بەرپەرچدانەوەی ئەو رژێمە شۆڤینیانەی کە بە درێژایی سەردەمی ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت حوکمی بەغدایان کردووە.

ئه‌م وتاره‌ له‌م ماڵپه‌ڕه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌:

https://jedar.news/%d9%85%d9%82%d8%a7%d9%84%d8%a7%d8%aa-%d9%88%d8%a8%d8%ad%d9%88%d8%ab/%d8%ad%d9%83%d9%88%d9%85%d8%a9-%d8%a7%d9%84%d8%b3%d9%8a%d8%af-%d9%85%d8%b3%d8%b1%d9%88%d8%b1-%d8%a7%d9%84%d8%a8%d8%b1%d8%b2%d8%a7%d9%86%d9%8a-%d9%88%d9%85%d8%a7%d9%82%d8%a7%d9%85%d8%aa-%d8%a8%d9%87/