حکومەتی هەرێم و نەخشەڕێگەی دروست بە ئاراستەی دروست

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

کابینەی نۆیەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند رۆژێک لەمەوبەر ماوەی دەستووری کۆتایی هات، بۆئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەم ئەزموونەی حکومداری بکەین، دەبێت یەکەمجار ئەو دۆخ و هەلومەرجە بخەینەڕوو، کە دەوری کوردستانیان داوە و ئێستاش هەیە و هەڕەشە لە مانەوەی هەرێم دەکەن، ئەم کابینەیەی حکومەتیش رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەوە، کە هیچ کام لە حکومەتەکانی پێشتری کوردستان رووبەڕووی نەبووەتەوە.

بۆ نموونە قەرزی 32 ملیار دۆلار، یەکێکە لە ئاڵنگارییە گەورە و مەترسیدارەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونی کێشەی دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا بەبێ چارەسەرکردن، سەرەڕای هەڕەشەی سکاڵاکانی بەغدا لە دادگا نێودەوڵەتییەکان لەسەر هەرێم.

لەسەر ئاستی سیاسیش، کێشە سیاسییەکانی نێوان دوو حزبە سەرەکییەکە، هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە دۆخی دوو ئیدارەیی، ئەوەش هەمیشە کاریگەری لەسەر سەقامگیری کابینەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی هەبووە.

لەگەڵ دروستبوونی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە کوردستان، گرەویان دەکرد لەسەر رێککەوتن یان هاوپەیمانی لەگەڵ بەغدا لە دژی حکومەتی مەسرور بارزانی، هەروەها دەیانەویست حکومەتی ناوەندی وەک گۆچانێک دژی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن.

ئاڵنگاری سەرەکی، ئەو واقیعە ئەمنییە ناجێگیرە بوو کە لە شنگال و دەشتی نەینەوا هەبوو، سەرەڕای ئەو ناوچانەی دەکەونە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێگا هاوسنوورەکانییەوە.

لەگەڵ ئەو هەموو ئاڵنگارییانە، بەڕێز مەسرور بارزانی و کابینەکەی بە بێدەنگی کاریانکرد و شەفافانە مامەڵەیان لەگەڵ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا کرد، بۆ خستنەڕووی کێشەکان و چارەسەرەکانیشیان حکومەت ڕاشکاو بوو.

هەرچەندە بەڕێز مەسرور بارزانی، رووبەڕووی زۆر کێشە و قەیران بووەوە، کە هەندێکیان ناوخۆیی بوون و لەو لایەنانە پێکهاتبوون کە هەستیان بە هەڕەشە دەکرد و نەیاری حکومەت بوون و هەوڵی شکستپێهێنانیان دەدا، هەندێکیشیان دەرەکی بوون بە ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی دروستدەکران بۆ بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکان، بەڵام ئەوەی بۆ بەڕێز مەسرور بارزانی هەژمار دەکرێت، بەردەوامی و گرنگیندانیەتی بە دیدگاکەی، کە ناوی ناوە (حکومەتی خزمەتگووزاری نەک قەیران)، ئەو بەردەوامبوو لە کارکردنی بێدەنگ و شەفاف، لەسەر بنەمای ئەزموونی قووڵ و دێرێژخایەنی بارزانی باوک، سەرەڕای زیادکردنی دیدگای سیاسی و ئەمنی خۆی لە رێگەی کارەکانی وەک راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە سەرەتا بە پێشخستنی داهاتی ناوخۆیی بەتایبەت لە کەرتی کشتووکاڵ و گەشتووکار دەستیپێکرد، سەرەڕای ئەوەی لە داهاتی نەوتەوە دەستدەکەوت، رەنگە ئەمە یەکەم جار بێت، کوردستان بەرهەمی کشتووکاڵی هەناردە بکات، لەگەڵ ئەوەشدا زیادبوونی گەورە لە کەرتی گەشتیاریدا هاتەکایەوە.

حکومەت توانی بەم هەنگاوانە، هەرێم بپارێزێت و دوورکەوێتەوە لەو داڕمانە ئابوورییەی، کە هێزە سیاسییە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان گرەویان لەسەر دەکرد، سەرەڕای چەند جارێک بڕینی بوودجەی هەرێم و بەردەوامبوونی بەغدا لەسەر راگرتنی مووچەی فەرمانبەران.

زۆر دیدار و سەردانی لەگەڵ سەرۆکی پێشوو و ئێستای حکومەتی ناوەندی هەبوو، ئەنجامی ئەمەش، لێکتێگەیشتن و کارکردنی بۆ رێکەوتن لە نێوان هەردوو حکومەتدا باشتر کرد، بەوجۆرە مانگی هەنگووینی بەرهەمدار بۆ بەرژەوەندی هەرێم هاتەکایەوە، بەرهەمی رێککەوتنەکەش کۆتایی هێنان بوو بەو مشتوومڕەی لە نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر دۆسیەی نەوت هەبوو، بەوجۆرەش رێگاکە روونبووەوە بۆ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان، کە بە لەبەرچاوگرتنی بەهێزی و کاریگەری لایەنە (شیعەکان)، رەنگە لەمپەرێک بخەنە بەردەم پەسەندکردنی یاساکە.

لەسەر ئاستی ئەمنیش حکومەتی توانی هاوسەنگی لە نێوان هێزە کاریگەرەکان بپارێزێت و بوونی خۆی و بوونی سەربازی هەبێت لەناوچەکەدا، هەروەها رێککەوتنی شنگال، هەوڵێکی ئەرێنی بوو بۆ چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری ململانێ هەرێمییەکان، ئەگەر بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرایە.

بەگشتی کابینەی نۆیەمی حکومەت، توانی هەرێمی کوردستان لە مەترسی داڕمانەوە بگەیەنێتە کەناری ئارام، بەڕێز مەسرور بارزانی توانی بە باشی بەڕێوەبردن و وردبینیەکەی، دیدگاکەیدا خۆی بۆ خێراتربوونی گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان بسەلمێنێت، هەروەها لە نێوان گرژی ناوچەکە و زیادبوونی ململانێی وڵاتانی چواردەوری کوردستاندا، توانی پارێزگاری بکات لە بێلایەنی و کەشێکی هێمن.

لە کۆتاییدا کابینەی نۆیەمی حکومەت، هەرێمەکەی خستە سەر رێگای راست بەرەو دەستەبەرکردنی سەقامگیری و گەشەی بەردەوام، ئەوەی لەسەر حکومەتی داهاتوو پێویستە ئەوەیە، ئەم سیاسەتە بپارێزێت بۆ ئەوەی بگاتە حوکمڕانییەکانی باش، کە مایەی خێر بێت بۆ خەڵکی کوردستان و عێراقیش.

*ئەم بابەتە هاوکات لە ماڵپەری رووداو بڵاودەکرێتەوە.