
هەڵگورد مەسعود ساڵەیی
نووسەر
کابینەی نۆیەم و بەهاناوەچوون لەودیو سنوور (شاهێدی نامە)

زۆر جار گوتراوە کە حکومەت باوکی گەلە، ئەم گوتارە لە زۆر قۆناغ لە زۆر کونجوبەری ئەم دونیایە، زیاتر لە چوارچێوەی دروشم ماوەتەوە. هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر لایەک لە گۆشە نیگایەکەوە لە پێناسە و چەمکی حکومەت و گەل دەڕوانێت. کەوایە ئاسان نیە تەرجومەی باوکایەتی حکومەت بۆ گەلەکەی وەک خۆی بکرێت. هەڵسەنگاندنی ئەدای حکومەت لەبەرامبەر بەرپرسیارەتی باوکایەتی بۆ گەلەکەی، ڕەهەند و تێڕوانینی جیاوازی هەیە و کارێکی وا ئاسان نیە، بەتایبەت لە دۆخێکدا کە باوک بە جەنجاڵی و ئاڵۆزی دەرەوەی ماڵ و مەترسی و بەربەستانی دەرەوە بە تەواوی سەرقاڵ کراوە.
لەبەر ئەوەی بەندە کارمەندێکی حکومەتە و لەم کابینەیەدا بەرپرسیارەتیم هەیە، بۆیە نە حیکمەت وە نە عەداڵەتی تێدایە گەر بکەومە مەتح و سەنای حکومەت و کابینەی نۆیەم، ئەگەر چی وەک مەبدەئی نیشتیمان پەروەری، باوەڕم بە رەخنە لەخۆ گرتن هەیە و لە کوێش پێویست بووبێت دەنگمان دلێر بووە. لەلایەکی تر، خەڵکانێکی زۆریش هێشتا باوەڕیان بە (کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە) ماوە، بۆیە خۆم لە قەرەی هەڵسەنگاندنی کابینە 9 نادەم، ئەوەی مەبەستمە، وەک شاهێدێک کە لەناو گەرمەی زۆر بابەت و ئەرک و راسپاردە دابووم بۆ مێژوو بیخەنە روو کە ئەویش پەیوەستە بە پەرۆشی و خەمخۆری سەرۆکی حکومەت، جەنابی کاک مەسرور بارزانی لە بەدەنگەوە هاتنی گەلەکەی لە کاتی تەنگانە و کارەساتی مرۆییدا لە دەرەوەی سنوور و دەسەڵاتی ئیداری خۆی. بەشێک لەو رووداوانە زۆر حکومەت و رێکخراوی نێودەوڵەتی بە چۆک داداوە و نەیانتوانیوە وەڵامدەرەوەی خێرای کارەساتەکان بن، بەتایبەت ئەو کارەساتانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت دووچاری هاوڵاتیان دەبێتەوە. زۆرێک لەو کارەسات و نەهامەتیانە وەک دۆسیەیەکی نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و دەدرێنە دەست ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کە چارەسەرکردنیان هەندێک جار وەک مەتەڵ وابووە.
کابینەی 9، کە تەمەنی هێندە تێپەڕی نەکردبوو، قەیران بەرۆکی گرت، قەیرانێک کە نە سەری هەبوو نەبن، نە رەنگ و نە دەنگ و نە بۆن. جیاواز لە هەموو تەنگەژە و ئاڵەنگاریە باوەکان. نە ڕێکەوتن لەگەڵ نەیار و نە هاوپەیمانی لەگەڵ یار چارەسەری نەدەکرد، ئەویش پەتای کۆرۆنا بوو کە سوپرایز بوو بۆ کابینەی نۆیەم و سەرۆک حکومەتەکەی. لە کاتێکدا کە حکومەتی هەرێم هاوشێوەی حکومەتەکانی تری دونیا سەرقاڵی ڕێگری کردن لە پەتای کۆڕانا بوو، بەر لە ڕاگەیاندنی گەرەنتینی سەرتاسەری، چەند قوتابیەکی هاوڵاتی هەرێم لە وڵاتی قوبرسەوە پەیوەندیان پێوەکردین و لە دۆخی مەترسی و نائارامی خۆیان ئاگاداریان کردینەوە و داوایان کرد کە حکومەت بە هانایانەوە بچێت و رزگاریان بکات، ئەوکات دۆخی کۆرۆنا لە کوردستان باش بوو و پەتاکە بڵاوەی نەکردبوو، دەنگی ئەو گروپە قوتابیەمان هەمان رۆژ گەیاندە سەرۆکی حکومەت. هێندەی نەبرد لەدوای چەند کاتژمێرێک بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئاگاداری کردینەوە کەوا جەنابی سەرۆکی حکومەت فەرمانی کردووە کە بە پەلە و بەر لەوەی خەڵکی ئێمە دووچاری هیچ کارەساتێک ببنەوە، هەرچیتان لەدەست دێت و چی تێ دەچێت، درێغی مەکەن لە بەهاناوەچوونی هاوڵاتیان کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیریان خواردووە.
ئەگەر چی کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام خەمخۆری و وەڵامدانەوەی خێرای جەنابی کاک مەسرور بارزانی، هانی داین و وزەیەکی لە ڕادەبەدەری پێ بەخشین تا ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەین. ئێستاش گریانی قوتابیە میسریەکەم لەبەرچاو ماوە کە داوای لە حکومەتەکەی دەکرد، هاوشێوەی حکومەتی هەرێم بەهانای قوتابیان و خەڵکی میسر لە دەرەوە بێن کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی یوتیوب بە فراوانی بڵاوبوویەوە. لەو ئەرکەدا لەسەر فەرمان و راسپاردە و ئەرکی جەنابی سەرۆکی حکومەت زیاتر لە چوار هەزار هاوڵاتی کە لەدەرەوە گیریان خواردبوو تواندرا بەسەلامەتی بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی هەولێر و دەروازە سنوورەکان لەلایەن تیمە تەندروستیەکانەوە پێشوازیان لێ کرا کە زۆرینەیان قوتابی و ئەوانە بوون کە بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشی سەردانی دەرەوەیان کردبوو وەک، قبڕس، یۆنان، تورکیا، ئەڵمانیا، سوید، ئیسپانیا، رۆمانیا، هەنگاریا، کوریا، بەریتانیا، فەڕەنسا، روسیا، مالیزیا، ئەمەریکا، هیندستان، ئەرمینیا، ئۆکرانیا و ئیمارات و میسر و ئەردەن.
کارەساتێکی تری مرۆیی کە بەرۆکی بەشێک لە خەڵکی هەرێمی گرت، کارەساتی بیلاڕوسیا بوو کە ژمارەیک کۆچبەری نایاسایی لە سنوورەکانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا و لیتوانیادا گیریان خواردبوو لە سەرماسۆڵێکی سەختدا نە رێگەی دەربازبوون وە نە ڕێگەی گەڕانەوەیان هەبوو، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە ژمارەیک لەبەر سەرما لەناو دارستانەکان رەق بوونەوە و گیانیان لەدەستدا و ژمارەیکی زۆریان ئەشکەنجەدران و لەلایەن گرووپی مافیاوە کڕین و فرۆشتن پێوەکراو و برسی و بێ پارە لە جەنگەڵەکان جێدەهێڵدران. هەر کە سەرۆکی حکومەت لەو دۆخە ئاگادار کرایەوە، دەستبەجێ، جارێکی تر فەرمانی کرد بە بەهاناوەچوون و رزگارکردنی ئەو هاوڵاتیانە و گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ باوەشی نیشتیمان. لەم ئەرکەدا زیاتر لە دوو هەزار هاوڵاتی رزگار کران، تەنانەت ئەو تەرمانەش گەڕێندرانەوە و ڕادەستی کەس و کاریان کران کە لەو کارەساتەدا گیانیان سپارد.
تراژیدیای ڕووداوی نۆکەندی ئینگلیز و نقومبوونی بەلەمە یەک لەدوای یەکەکانی دەریایی ئیجە کە زیاتر لە شەست پەناخواز و کۆچبەر لەماوەی حەفتەیەکدا بوونە قوربانی دەستی قاچاخچی و مافیاکانی ڕێگەی مەرگ، هەواڵێکی جەرگ بڕ بوو بۆ کەس و کاریان. ژمارەیەکیان سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەیان کرد و داوایان لە حکومەتی هەرێم کرد بۆ سۆراغکردنی سەرنشینی بەلەمەکان. لەم بابەتەشدا جارێکی تر سەرۆکی حکومەت هاتە سەرخەت و هەر لەو ڕۆژەوە دەستی فەرمانگەی کردەوە کە لە ئەگەری کارەساتێکی لەو شێوەیە، هەوڵ و کۆششی بێ وچان بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی کۆچبەرەکان، هاوکات فەرمانی بە دەزگاکانی ئەمنی کرد کە ڕێکاری توند بگرنە بەر بۆ ئەوەی مافیا و قاچاغچیەکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە. لە هەڵمەتێکدا، ژمارەیەکی زۆر لەو تاوانبارانە درانە دادگا و سزدران. سوور بوونی جەنابی سەرۆکی حکومەت بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی کۆچبەرەکان، هۆکاری سەرەکی بوو بۆ بەردەوامی هەوڵەکانی فەرمانگە لەگەڵ حکومەتەکانی تورکیا و یۆنان و فەڕەنسا و بەڕیتانیا کە بەداخەوە لە دوای ماوەیەک تەرمی ژمارەیەکیان دۆزرانەوە و دوای ناسینەوەیان لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکومەت، لە هەولێر ڕادەستی کەس و کاریان کران.
هەر لە زنجیرەی ئەو رووداوانەدا، چیرۆکی (ڕێوار)ی تەمەن دەسەڵان سەری هەڵدا کە لەدوای لەدەستدانی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی و رزگار کردنی خۆی بە شێوەی معجیزە ئاسا لە دەریای ئیجە، ناخی هەموو لایەکی لە یۆنان و کوردستان هەژاند. ڕێوار کە خەڵکی کۆیێ بوو، دوای ئەو کارەساتەی بەسەری هات، خواستی گەڕانەوەی بۆ لای باپیر و مامەکانی هەبوو لە زێدی خۆی، بەڵام لەبەر یاساکانی ئەوروپا و کەمی تەمەنی، ڕێگە نەدرا کە ئەم خواستەی بەدی بێت و دادگا بڕیاری دا کە ڕێوار پێویستە لە ئەسینا لەژێر چاودێری چڕی تەندروستی و توێژەری کۆمەڵایەتی دابێت لە یەکێک لە شێڵتەرەکان و دواتر لە یەکێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا درێژە بە ژیان بدات تا تەمەنی هەژدە ساڵی.
لە سەرەتا دا زۆر لایەن بۆ ئەم بابەتە لە هەوڵدابوون، فەرمانگە لە ڕێگەی کونسوڵگەری گشتی یۆنانەوە لە هەڵدابوو، بەڵام دوای دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی ڕێوار لە کەناڵی ئاسمانی (کودرستان 24) کە تیایدا پەیامێکی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرد، سەرۆکی حکومەت هاوشێوەی ڕووداوەکانی پێشوو، بە دەنگ داواکاریەکەی رێوارەوە هات و تیمێکی لە فەرمانگە بۆ گەراندنەوەی ریوار راسپارد و دوای دانوستان لەگەڵ حکومەتی یۆنان و یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و چەند کۆبوونەویەک لە ئەسینا، دواجار (ڕێوار) بە زێد و کەس و کارەکەی شاد بوویەوە و هەموو ئاسانکاری پێشکەش کرا تا بگەڕێتەوە قوتابخانە و درێژە بە خوێندن بدات. لەناو هەموو ڕووداوەکاندا چەندین چیرۆکی هاوشێوەی ڕێوار هەن و سەرۆکی حکومەت بە هانایانەوە چووە. خەمخۆری و بەهاناوە چوونی سەرۆکی حکومەت تەنها بۆ هاوڵاتیانی هەرێم نەبووە، بەڵکو بەبێ جیاوازی ناوچە و شار و شارۆچکە، هاوکاری کوردانی بەشەکانی تری کوردستانی کردووە بەتایبەت لە رۆژئاوای کوردستان. چەندین حاڵەتی تر هەن کە لە ئێستادا راگەیاندن و باسکردنیان رێگەپیدراو نیە، بەڵام بۆ میژوو تۆمارکراون.
لە چوارساڵی پڕ قەیرانی سیاسی (ناوخۆیی و عیراقی) و ئابووری و تەندروستی، زۆرێک گرەویان لەسەر شکستی کابینەی نۆیەم و جەنابی سەرۆکی حکومەت کرد، تەنانەت هاوڕێی نیوەرێگەشی هەبوو بەڵام باوەڕبەخۆ بوون و ئیرادەیی پۆڵاینی بۆ خزمەتکردن و چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، شکستی هێنا بە هەموو ئەو گرەو و پیلانە رووخینەرانەی تابوری پێنجەم کە بە بەرنامەی پێشوەختە بڕیاریان لەسەر شکستی کابینەکە دابوو. سەرباری هەموو ئەو ئاڵەنگاریانە، سەرۆکی حکومەت لە ماوەی چوارساڵی رابردوودا، لە رووی مرۆییەوە بە هانای هەموو ئەو هاولاتیانەوە (کە دەنگیان بیستراوە) هاتووە کە لە دەرەوەی هەرێم لە دۆخێکی ناهەمواری مرۆیی و سەختدا بوون. ئەم رۆڵەی سەرۆکی حکومەت لە رووی رووماڵی راگەیاندن بایەخی ئەوتۆی پێ نەدراوە نەک لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنی سەربەخۆ، تەنانەت لە بڵاوکراوەکانی حکومەتیش لە کەمترین بۆنە باس کراون. بۆیە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و پیشەیی و وەک شاهیدێک لەناو رووداوەکاندا کورتەیەکمان لە خەمخۆری جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێم خستە روو کە لە ئایندەدا بە داتا و زانیاری و وەردەکاریەوە بڵاوی دەکەینەوە.
خزمەتکردن و بەهاناوەچوونی هاولاتیان لەلایەن حکومەتەوە ئەرکە و منەتی تێدانیە، بەڵام لەناو قەیران و دۆخی ئیستای ناوچەکە و عیراق، رووبەرووبوونەوەی قەیرانەکان لەلایەک و پیشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لەلایەکی تر و باوک ئاسا بەهاناوە چوونی خەڵک لەکاتی تەنگاندەدا بەهاوتەریبی و لە یەکاتدا هەموو ئەمانە، هونەری سەرکردایەتی و خاوەنداریەتیە.