زەید عەبدولوەهاب
نووسەر
حکومەتی هەرێمی کوردستان.. ئاستەنگەکان و دەستکەوتەکان
ئەو هەلومەرجەی کە رووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسرور بارزانی بووەوە لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 2019 ئاسایی نەبووە، هەروەها ئەو ژینگە سیاسییە ناوخۆیی و هەرێمییەش کە حکومەتی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی لێ پێکهات ئارام و سەقامگیر نەبوو، بەڵکو دەکرێت بە ئاڵۆزترین قۆناغ بۆ ئێستای خەڵکی کوردستانی عێراق و داهاتووشی دابنرێت.
حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی لە حکومەتەکانی رابردوو بارێکی گرانی قەرز و شایستەداراییەکانی بۆ بەجێمابوو کە دەگەیشتنە نزیکەی 32 ملیار دۆلار، کە زۆربەیان قەرزی ناوخۆیی هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران بوون، دانەوەی قەرزەکە و چارەسەرکردنی کێشەکە بارگرانییەکەی قورس بوو کە کاریگەرییەکی روونی لەسەر ژیانی دوو ملیۆن و 600 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە هەرێمی کوردستان هەبوو. سیاسەتی پاشەکەوتی ناچاری مووچەی فەرمانبەران ئاڵۆزترین کێشە بوو کە بە میرات بۆ حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی بەجێمابوو، کە بەڕوونی بەغدا وەبەرهێنانی تێدا دەکرد وەک کارتێکی فشار لەسەر هەرێم لەکاتی دانووستان لەسەر دۆسییەی نەوت و دۆسییەکانی دیکە.
سیاسەتە نەوتی حکومەتەکانی پێشووی هەرێمی کوردستان لەناو کێشە بێشوومار و چارەسەرنەکراوەکان لەگەڵ بەغدا روون نەبوو، هەروەها بەغدا هەڕەشەی سکاڵای لە دادگە نێودەوڵەتییەکان لە هەولێر دەکرد، ئەمەش بەڕوونی کاریگەری لەسەر کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکرد کە کاری دەرهێنانی نەوتیان لە هەرێم و ئەو وڵاتانە دەکرد کە بازاڕی هەناردەکردنی هەرێمی و نیودەوڵەتی پێدەهێنن.
پەتای کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی لە هەرێمی کوردستان ئاڵنگارییەکی مان و نەمان بوو، بەهۆی بێتوانایی حکومەتەکانی پێشوو بۆ باشترکردنی ژێرخانی تەندروستی و پزیشکی، بۆیە کاریگەری پەتاکە کوشندە بوو، هەروەها لێدانێکی توند بوو بۆ ئابووری هەرێمی کوردستان و گەلەکەی، سەرباری ئەوەی حکومەتی هەرێم هەرزوو کەوتەخۆی و مامەڵەیەکی سەرکەوتووانەی لەگەڵ پەتاکەدا کرد، ناوەندی ئۆپراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای دامەزراند پێش ئەوەی هیچ حاڵەتێکی پشتڕاستکراوە تۆماربکرێت.
کێشەکانی نێوان هەردوو حزبی پارتی و یەکێتی مەترسیدارترین کێشەن بۆ سەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان، دوای شکستی حکومەتی پێشوو لە یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی، یان بەلایەنی کەمەوە کەمکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان، لە ئاکامدا ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا گەیشتە ئەوەی دوو ئیدارەیی بوژایەوە، کاریگەریەکەشی کارگێڕی و ئەمنی و ئابووری بوو، وە تەنیا لە فۆڕمی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی سنووردار نەبوو، بەڵکو لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا وەبەرهێنانیان لەو ناکۆییانەدا کرد و لەزۆرێک لە وێستگەکاندا کە پەیوەندییان بە بەرژەوەندییە زیندووەکانی هەرێمەوە هەبوو پشتیوانی یەکێتییان کرد لە دژی مەسرور بارزانی.
دەتوانین دوو نموونەی جیاواز لە وەبەرهێنانی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا لە ناکۆکی نێوان ئەو دوو حزبە کوردییە وەبیربهێنینەوە بۆ دژایەتیکردنی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە هەولێر، یەکەمیان کاتێک بوو کە دادگەی باڵای فیدڕاڵی لە کانوونی دووەمی 2023 هەموو بڕیارەکانی تایبەت بە ناردنی پارەی مانگانەی بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە، هەروەها کاتێک دادگەی فیدڕاڵی بڕیایدا بە نادەستووری بوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەوەی ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگەوە پووچەڵکرانەوە، دەرئەنجامی رێککەوتنە سیاسییەکان و بەرنامەکانی حکومەت بوون کە پەرلەمان دەنگی لەسەر دابوون، بەڵام ئەو بڕیارانە گۆچانی سیاسی بوون لەلایەن بەغداوە بە پشتیوانی سلێمانی لە دژی هەولێر و حکومەتەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی بەکاردەهێنران.
ئەو ئاڵنگارییانەی بەسمانکرد بەڕێز مەسرور بارزانی کردینە دەرفەت، توانی نەخشەی رێڕەوی هەستانەوەی هەولێر دابڕێژێت بۆ ئەوەی لەسەر پێیەکانی بە وەستاوی بمێنێتەوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی چەرخی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و بنیادنانەوە، تاوەکو سەرباری ئاستەنگەکان وەک مۆدێلێک بۆ عێراقی نوێی تازەگەشەندوو بمێنێتەوە.
حکومەتەکەی مەسرور بارزانی ناسنامەی ئابووری هەرێمی کوردستانی لە ئابووری بەرخۆرەوە کە پێشتر بە تەواوی پشتی بە نەوت دەبەست گۆڕی بۆ ناسنامەی ئابووری نیشتیمانی فرە سەرچاوەی ناوخۆیی، لە رێگەی پشتیوانیکردنی کەرتی کشتووکاڵ. بۆ یەکەمجار بەرهەمی کشتووکاڵی کوردستانی عێراق لەژێر ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە کرا.
خستەسەر ڕێچکەی پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆ و هاندانی خەڵک بۆ کارکردن و پشتبەستن بە دەستپێشخەرییەکانیان و بوونە خاوەن کاری سەربەخۆی خۆیان نەک دامەزران لە حکومەت، جیاواز لە سیاسەتی حکومەتەکانی پێشوو کە وایکرد هاووڵاتییان چاوییان لە دامەزراندان لەنێو حکومەتەدا بێت کە ئەوەش وایکرد بوجەی مووچەخۆران زۆر بێت و تەرکیزی حکومەت تەنیا لەسەر دابینکردنی مووچەی هاووڵاتییان بێت.
حکومەتەکەی بەڕیز مەسرور بارزانی لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا ژمارەیەکی ئێجگار زۆر پڕۆژەی جێبەجێکرد، تاوەکو 3425 پڕۆژەی تێپەڕاند بە تێچووی نزیکەی 13 ترلیۆن دیناری عێراقی، ئەو ژمارە و تێچوونانەش لە سێبەری ئەو قەیران و کێشە ئابووری و سیاسییانە لەدایکبوو کە هەولێر بە تایبەتی و هەرێمی کوردستان بە گشتی بە دەستیانەوە دەناڵێنێت.
سیاسەتەکانی بەڕێز مەسرور بارزانی قەرزەکانی هەرێمی کوردستانی لە 32 ملیار دۆلارەوە بۆ 28 ملیار دۆلار کەمکردەوە، ئەوەش لەڕێگەی بڕیاری توند لە دژی گەندەڵی و شێوازەکانی بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی، لەگەڵ سیاسەتی ئابووری مۆدێرن کە کاریگەریی بازاڕی ناوخۆیی زیاد دەکات بۆ مسۆگەرکردنی بەرهەمی ناوخۆیی سەرەڕای بڕینی بودجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە لە بەغداد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای فشارە داراییەکان، گەرەنتی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ هەموو مانگەکانی ساڵ کرد، کە حکومەتی پێشوو نەیتوانی بە بیانووی "پاشکەوت" بیکات، کە تا ئێستاش ئەو کێشەیە لەنێوان فەرمانبەر و حکومەت هەر ماوە. هەرچەندە بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکرد و تەنیا بڕێک هاوکاری دەنارد ئەویش زۆرکات ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبووە، کە زۆربەیان سیاسی بوون.
مەسرور بارزانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێری نوێکردەوە، توانی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بکات لەسەر دۆسییەی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتی گەورە لەو دوو دۆسییەدا بەدەستهێنا، ئەگەر بڕیارەکانی فیدراڵی نەبوایە کە جارێکی تر قەیرانی مووچە و هەناردەکردنی نەوتی هێنایەوە پێشەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی بەرفراوانی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدا، لەو چوار ساڵەدا ژمارەی کۆبوونەوەکان کە بڕیاری گرنگیان لێ دەرچووە گەیشتە 218 کۆبوونەوە، ژمارەیەک کە لەوانەیە کۆی گشتی کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو لەگەڵ کابینەکانیان تێبپەڕێنێت.
حکومەتی بەڕێز مەسرور بارزانی بەرەو دیجیتاڵکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان هەنگاو دەنێت، کە کارئاسانی بۆ کاروبار و مامەڵەکان بۆ حکومەت و هاووڵاتییان دەکات، لەگەڵ دامەزراندنی داتابەیسێک کە بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەتەکانی پێشوو لە زۆربەی بوارەکاندا لەبەردەستدا نەبووە ئەوەش بووە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەکەدا.
حکومەت لە چوار ساڵی رابردووی تەمەنیدا توانی قەیرانە سەختەکان تێپەڕێنێت، لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو قەیرانە داراییەی کە هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کە خراپتر بوو دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بودجەی دەستوری هەرێمی کوردستانی بڕی. سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، کابینەی نۆیەم دەستکەوتی گرنگی لە هەموو سێکتەرەکاندا بەدەستهێنا، جا چ لە ڕووی پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵی و گەشتیاری و پیشەسازی و بازرگانی و دیجیتاڵکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بێت، یان لەسەر ئاستی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بێت.
* هاوکات ئەم وتارە لە ماڵپەڕی تۆڕی میدیایی ڕووداو بڵاوبووەتەوە.