کەرکووک و خانەقین ناوچەی ناکۆکی لەسەر نین
سەیرو سەمەرەی دونیا لەوەدایە خەڵکی غەیری خۆت بڕیار لەسەر ژیان و چارەنووست بدات. دەستەواژەی (ناوچە جێ ناکۆکییەکان) داهێنانی ئێمەی کورد نییە. ئەم دەستەواژەیە لەسەروو بەندی حکومەتی ئینتیقالی لە ساڵی 2003ـوە سەپێندراوە. لە ئێستادا کوردستانی بونی کەرکووک و خانەقین لەژێر سایەی ئەو دەستەواژەیەدا خراوەتە ژێر پرسیارەوە. لەڕاستیدا ئەو ناوچانە کێشە لەسەر نین، بەڵکو بەزە بری هێزی سەربازی داگیرکراون.
کێشەی جددی لە نێوان عەرەبی شۆڤێنیست و کورد دا هەیە. بڕوا کردن بە شۆڤێنیستی عەرەب و دەستوورەکەی عێراق لە خۆش خەیاڵی زیاتر هیچیتر نییە. سەیر ئەوەیە هەندێک لایەنی سیاسی کوردستان قەزیەکە بچووک ئەکەنەوە و ئەڵێن ئەمە کێشمەکێشی حیزبییە. ئەم پاساوانە زۆر گێلانەن و خۆ ئەگەر بە ئەنقەست بگوترێن، ئەوا لە خیانەت زۆر نزیک ئەبنەوە. پارتی حیزبێکی کوردییە، سەیرە حیزبێکی سیاسی لە کاتی کۆنفلیکتی (ئەزمەی) نێوان حیزبێکی کوردی و شۆڤێنیستێ عەرەبدا ئەوەندە ترسنۆک و بێ هەڵوێست بێت جورئەتی ئەوە نەکات کە گوتار و پەیامێکی نیشتمانی هەبێت و، چەپڵە بۆ شۆڤێنیستی عەرەەب لێبدات. زۆر عەیبە بۆ حیزبێکی سیاسی کێشەی نەتەوەیی بە ململانێی حیزبی وێنا بکات. عەیبەیەکی گەورە یە بۆ حیزبێکی سیاسی کێشەی نەتەوەی کورد و نەهامەتیەکانی بەدەست عەرەبی شۆڤێنیەوە نەبینێت (یان نەیەوێت بیبینێت)، ئینجا هۆکاری گوللـەباران کردنی رۆڵەکانمان بخاتە ئەستۆی پارتی و گەڕانەوەی بارەگاکانی. عەجەبا ئێمەی کورد بە درێژایی مێژوو کێشەی قوڵمان لەگەڵ شۆڤێنیستی عەرەب نەبووە. ئەوانەی ئەنفالیان کردین فەڕەنسی و سوویدی بوون؟… یەعنی ئەگەر پارتی نەبێت ئیتر عەرەبی رەگەزپەرست هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورد دا نییە؟…
کورد برای هەموو میللەتانی دونیایە، بەڵام برای کەسانێک نییە کە جلوبەرگی سەربازییان لەبەردایە، چەکیان پێیە و بە پۆستاڵی داگیرکارییانەوە پێ ئەخەنە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان. هیچ داگیرکەرێکی چاوچنۆک برای کورد نییە، بەڵکو دوژمنە. عەرەب قەرزارباری کوردە و، ئەبێت ئەستۆپاکی خۆیان بسەلمێنن، نەک رۆڵەی میللەتەکەمان گولـلەباران بکەن. عەرەب ئەگەر تۆزقاڵە زەڕەیەک ئازایەتییان تێدایە بابچن تۆڵەی خۆیان لە ئیسرائیل لە جوولەکە بکەنەوە. شەرمەزارییە بۆ عەرەب بە 22 دەوڵەتەوە بەدەست یەک دەوڵەتی جوولەکەوە زەلالەتیان بێت و، ئێستاش لە کەرکووک لەبەرامبەر کوردی بێ چەک خۆیان لێ ببێتە پاڵەوان…!
پارتی بزووتنەوەیەکی سیاسی شەڕخواز نییە، بەڵام لەبەرامبەر زوڵم و زۆر و تەعەدای شۆڤینیستەکانیشدا ترسنۆک و بێ هەڵوێست نییە. هیچ کێشەیەکی سیاسی لە دونیا بە شەڕ چارەسەر نابێت، بەڵام کە ئیهانەیان کردیت و جار لە دوای جار شەڕیان پێ فرۆشتی، ئەبێت چەک هەڵگریت و لەسەر خۆت بکەیتەوە. ئەگەر وا نەکەیت، ئەوە مانای ئەوەیە کە شایانی ئەو ئیهانەیەیت کە پێت ئەکرێت.
مەسەلەیەک هەیە کە ئەڵێت: ئەگەر خراپەکاران زەمیان کردیت و دوژمنت بوون، ئەوە مانای ئەوەیە تۆ کەسێکی سەرڕاست و باشیت. شۆڤێنیستەکان خراپن. ئەوان دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکووک، بەڵام موشکیلەیان لەگەڵ خەڵکیتر نییە. ئەمەش مانای ئەوە یە پارتی داکۆکیکارە راستەقینەکەی سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان و سەرفرازی میللەتە، کە ئەمەش مەتحێکی زێدە بەهادارە بۆ پارتی.