بردنەوە بۆ گەل و نیشتیمانە، نەک بۆ حزب…!

بردنەوە بۆ گەل و نیشتیمانە، نەک بۆ حزب…!
بردنەوە بۆ گەل و نیشتیمانە، نەک بۆ حزب…!

هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان کۆتایی هات و دیسانەوە ئێمە یەکەم بوین. دەزگای هەڵبژاردنی پارتیمان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی نەکرد، بەڵکو دەزگای هەڵبژاردنی دەوڵەتی عێراق سەرپەرشتی پڕۆسەکەی کرد. ئاماری دەنگدەران لە مەکتەبی ڕێکستنی پارتییەوە پێشکەش نەکراو، ئەویش هەر بەغدا ئامادەی کرد. بە یەکڕیزی سەرکەوتین.

فەرمودەیەکی بارزانی نەمر هەیە کە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لە زۆربەی موناسەبە و کۆبونەوەکاندا دووپاتی دەکاتەوە "لە وێستگەکانی سەرکەوتنا نابێت غرور بتنانگرێت و لوت بەرزبن". 

سەرکەوتن بۆ ئەوە نییە کە خۆمان بە سەر خەڵکا فەرز بکەین. بە مانایەکیتر، سەرکەوتن چەند سەختە، دوو هێندە بەرپرسیارێتیە و، گەڕانەوەیە بۆ مەبدەئە سەرەکییەکەی مەلا مستەفای نەمر "ئەرکی خەڵکانی شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار ئەوەیە کە خزمەتکاری میللەتی خۆیان بن، نەک ببنە بارگرانی بەسەر میللەتەکەیانەوەو ببنە مشەخۆر بەسەریەوەو نا ئومێدی بکەن".

پێش هەڵبژاردن، هەندێک خەڵک خۆیان کردبووە نوێنەری خوای گەورە و میهرەبان و بە بەکارهێنانی ئایەتە پیرۆزەکان و کەلامی پڕ بەها و ئامۆژگارییەکانی حەزرەتی محەممەد  (هەزار جار درودی خوای لەسەر بێت) بۆ مەرامی سیاسی پێشبینی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەیان کردبوو. هەندێکیتر، قسەیان لە موفاجەئەی گەورە و بێ وێنەیان دەکرد و، تاکە کۆرپەی ئەم میللەتە بێ دەوڵەتەیان (حوکمی کورد لە هەرێمی کوردستان) لە گۆڕ دە نا. لە لایەکیتریشەوە پۆپۆلیستەکان بارخانەیەک وەعدی بێ بنەمایان بە خەڵکی کوردستان بەخشی و، وەک بڵێی، کورسیەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردبوو.

بە درێژایی مێژوی ئینسان، ئەو کەسانەی سیاسەت ئەکەن ئارەزوی گرتنە دەسەڵات ئەکەن. ئەم ئارەزوە نە عەیبەیە و نە عارە. بەشێکی زۆری سیاسەت بریتیە لە معامەلە و شەڕی دەسەڵات لە پێناو خۆشبەختی گەل و سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان. دەسەڵات بە دێلیڤەری نایەتە بەردەم ماڵەکەت، مەگەر کلیلی عەقڵت لە دەستی خەڵکی تردابێت و تۆ خۆت بەتاڵ بیت و کارمەند و خزمەتکاری خەڵکیتر بیت. ئینجا کامیان خۆشترە؟… خزمەتکاری میللەتی خۆت بیت؟… یان خزمەتکاری داگیرکەر و بێگانە؟…! 

هەرچی بووە ناگەڕێتەوە، سیاسەتیش بە ڕق و میزاج و خۆشەویستی ناکرێت. ماڵەکەی پارتی بەڕووی هەموو ئەوکەسانەدا کراوەتەوە کە حەزیان لێیە و ئارەزو دەکەن خزمەتکاری گەل و خاکی پیرۆزی کوردستان بن (فەرمودەکەی مەلامستەفای نەمر). دواجار ئەبێت لە پێناو ئەم گەلە ستەمدیدەیەو، ئەم خاکە پیرۆزە کە خوای گەورە پێی بەخشیوین و بەهەشتی سەر ئەم زەویەیە، ئەرکی سەرەکیمان پێکهێنانی کابینەت دەهەمینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت بە زوترین کات و هیچیتر، چونکە بە نیسبەت ئێمەوە بردنەوە بۆ گەل و خاکی پیرۆزی کوردستانە نەک بۆ ئێمەی پارتی. پارتی تەنیا وەسیلەیە و بەس.