ڕێفراندۆم دوای 6 ساڵ

ریفراندۆم
ریفراندۆم

کورد گەورە ترین (بە ژمارە) نەتەوەی سەر زە ویە، کە خاوە نی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نیە. خەڵکی کوردستان (بە هەمو پێکهاتەکانیەوە) هەتا ئێستاش لە ژێر حوکمی مەرکەزیەتێکی نامۆدا ژیان و گوزەران ئەکەن. هەتا کەی ئەم قەدەری بێ دەوڵەتیە یەخەمان بەرنادات؟

ڕێفراندۆم هەڵوێستەی میللەتێک بوو بەرامبەر بە چارە نوسی خۆی. میللەتان لە کەسایەتی و حیزبەکان گەورە ترن، بۆیە هەمو ئەو بوختان و ناتۆرانەی ئەڵێن ڕێفراندۆم موبادەرەی تاکە کەسی (سەرۆک بارزانی) و بەحیزبی کرا (پارتی بە دەستکەوتی خۆی زانی) بە هەمو جۆرێک خۆڵ کردنە ناو چاوی خەڵک درۆیەکی زەبەللاحە. باشە ئەگەر ئەم ڕیفراندۆمە موبادەرەیەکی شەخسی و دەستکەوتێکی حیزبی بو، بۆچی ٧٢% ی خەڵک بەشداری تێداکرد؟… بۆچی ٩٣%ی بەشداربوان بە بەڵێ دەنگیان پێ دا؟… عەجەبا جەماوەری پارتی بەوجۆرە ڕەهایە زۆرە؟… ئەوکەسە سیاسیانەی کە بەشداری ڕێفراندۆمیان کرد و پاش داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی پاشگەز بونەوە، کەسانی ترسنۆک، پۆپۆلیست و مەسڵەحچین.

هەندێک کەس ئەڵێن کاک مەسعود ئەبوایە بە قسەی تێلەرسۆنی بکردایە کە پێی گوتبو: لەم هەل و مەرجەی شەڕی داعشدا لەبری ڕێفراندۆم، بەدیلێکی ترمان بدەرێ. جارێ پێش هەمو شتێک شەڕی داعش سوپای عێراق نەیکردوە، بەڵکو هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە پشتیوانی هاوپەیمانان کردویەتی. لە دوای ٢٠٠٣ وە ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق لەسەر ڕێفراندۆم سازانمان کرد و، دەستورێکی نوێ بۆ عێراق نوسرایەوە. بەڵام دەوڵەتی عێراق بە هیچ جۆرێک پابەندی دەستور نەبو. هەتا کار گەیشتە ئەوەی مالیکی لە میحوەری کەرکوک هێزی جوڵاند و، عەبادیش لە ٢٠١٤ میزانیەی هەرێمی بڕی، ئەوە جگە لەوەی شایستە داراییەکانی پێشمەرگەیان نەنارد. ماددەی ١٤٠ لەبار برا و هیچ حسابێکیان بۆ نەکرد. بۆ جارێک بە دەمیانا نایەت بڵێن کوردستان و هەر ئەڵێن (شمال العراق). شۆڤێنیستی عارە ب (بە شیعەو سوننە) بە بەردەوام دژایەتی هەرێمی کوردستانیان کردوە. ئیتر چ بەدیلێک بۆ خەڵکی کوردستان ماوەتەوە هەتا کاک مەسعود بارزانی پێشنیاری بکات بۆ تێلەرسۆن؟…


هەندێک کەسی تر (پاش داخستنی فڕۆکەخانەکانمان) ئەیانگوت و ئەڵێن: ئێمە بڕوامان بە ڕێفراندۆم هەبو، لەگەڵ کاتەکەی هاوڕا نەبوین. باشە ئەگەر لەگەڵ کاتەکەی هاوڕا نەبون، بۆچی بایکۆتتان نەکرد؟… دواجار کاتی گونجاو بۆ سەندنی ئەم مافە سەرەتاییە کەیە؟… ڕۆژی قیامەت؟

هەندێکیتر ئەڵێن: هۆکاری بڕینی میزانیەی هەرێم لە لایەن بەغداوە، داخستنی فڕۆکەخانەکان و دە ستدرێژیە داگیرکاریەکەی ١٦ ئۆکتۆبەر ڕێفراندۆم بو. بڕینی میزانیەی هەرێم لە لایەن عەبادیەوە لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤ بو، ڕێفراندۆم لە ٢٠١٧/٩/٢٥ بەڕێوەچو، واتە سێ ساڵ و نۆ مانگی لە نێواندا بو. خۆ ئەوکات نە باسی ڕێفراندۆم لە ئارادابو و، نە بەرنامەشی بۆ داڕێژرابو؟… داخستنی فڕۆکەخانەکانیش کۆتایی دونیا نەبو. بێ گومان ئینسان کە بەرە و خۆر کەوتەڕێ، ئەبێت تەحەمولی گەرماکەشی بکات. بەرواری ١٦ ئۆکتۆبەر چیرۆکێکی ترە. ئەگەر بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی فرمانی کشانەوەیان بە هێزەکانی یەکێتی لە کەرکوک هەتا خانەقین نەدایە، حەشدی شەعبی چۆن ئەیتوانی نیوەی خاکەکەمان داگیر بکات. ئەی بۆچی بە درێژایی شەڕی داعش ئەم قارەمانێتیەمان لە حەشدە شەعبی نەدی؟… یەکێتی خاوە نی لەشکرێک پێشمەرگەی شەهیدە (کە هەمویان پێش یەکێتی شەهیدی کوردستانن). ئازایەتی و نیشتیمان پەروەری پێشمەرگەی ژێر فەرمانی یەکێتی ئەوەندە لە ئاستێکی بەرز دایە، کە ئەگەر بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی ڕێککەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ حەشدی داگیرکەردا نەکردایە، کەرکوک و ئەو ناوچانەی دیکەش لەدەستمان نە ئەچون. لەدەستدانی نیوەی خاکەکەمان لەبەر ترسنۆکی پێشمەرگەو ئازایەتی حەشد نیە، بەڵکو هۆکارەکەی لاوازی بڕیاری سیاسی و مەبدە ئی ئەو کەسانەیە کە خاکیان تەسلیم کرد.

ئێمەی خەڵکی کوردستان بڕیاری ڕێفراندۆممان دا و جێبەجێشمان کردو بەڕێژەیەکی باشی بەشداریکردن و دەنگی بەڵێ، بە دەوڵەتی عێراقمان گوت: ئێمە خەڵکی خاکی پیرۆزی کوردستانین.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانمان… سڵاو لە پێشمەرگە… سڵاو لە کاک مەسعود بارزانی کە لەبری ئەوەی بەرژەوەندی خۆی و پۆستی سیاسی بپارێزێت، خۆی کردە قەڵغانی سەربەخۆیی گەل و نیشتیمان.