
مەلا عهبدوڵڵا شێرکاوەیی
نووسەر
یادەوەری مەرگی (فــەرسەت سۆفی) و قسەیەک!

سێ ساڵ بەسەر مەرگی والی هەولێری پایتەخت رەوانشاد فەرسەت سۆفی تێپەڕی، هێشا ناو و یادگاری ئەم مرۆڤە نیشتمانپەروەرە لە زاکیرەی زۆربەمان ماوە، یادکردنەوەی ئەم جۆرە کەسانە گرنگە فاکتەری مکوڕتر بوون بێت بۆ خزمەتی خەڵک خاک نەک خۆویستی، چونکە مرۆڤ بە کردەوەو هەستی خزمەتکردنی گەل و وڵات مەزن دەبێت، نەک دروشم و قسەی بێ کردار!
کەسێکی بە وزەو چالاک، بەئاگا لەیاسا، شارەزا لە ئیدارە، دڵسۆز بۆ خاک و خەڵک و نیشتمان، رەمزێکی سەرسەختی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی، بەداخەوە لەوەرزی پاییزو بەهاری تەمەنى خۆی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەری نایەوە.
لەخانەوادەیەکی لادێ نشین و هەژارو دینداری دەڤەری باڵەکایەتی چاوی بەدونیا هەڵهێناو بووە کەسایەتیەکی دیاری گۆڕەپانی کارو خزمەت لە کوردستان، سادە ژیاو بە سادەییش گەڕایەوە، بەڵام مێژووێکی گەورەو پڕ لەشانازی تۆمار کرد.
ئاراستەی سیاسەتی کارکردنی ئەو پیاوە بۆ خزمەتی هاونیشتمانیان بوو، نەک تەنها خود بینی و خۆتێرکردن و خۆقەڵەوکردن لەسەر حیسانی ئەوانیترو میللەت، بۆیە کەم وابوو خەریکی پۆزش و پینەکردن و پاساو بێت، بەڵکو بە روئیاو ئاسۆیەکی روون بۆ زیاتر بەواقعکردنی دڵسۆزیەکەی سەرقاڵی هەنگاونان بوو..
هەر ئەمەش وای کرد پۆستی جوان لێ بێت و پۆست بە ئەو جوان بێت، نەک بەپۆست وەرگرتن خۆیی و کورسیەکەی ڕەزا قوڕس و ناویستی ناو جەماوەر بێت، بۆیە کە مردیش هەمووان بە هی خۆیان دەزانی و شارو شەقام پەرۆشیان لێ دەباری تا گەیشتە ئەوەی ئاڵای کوردستان بۆ مەرگی ئەو بێتە خوارو نیشتمانیش سەری رێز بۆ دڵسۆزی و خزمەتی ئەو دانەوێنێ.
ئەو میتۆدە لە فەرهەنگی خزمەت و ئیدارەدان مۆدێڵێکی بەرپرسانەو سەرکەوتووانەیە، دەکرێ هەموو ئەو بەرپرسانەی لەجیاتی خزمەت سەرقاڵی بازرگانی و لەجیاتی دڵسۆزی خەریکی خۆ تێرکردنن دەرسی گەورەی لێ فێر ببن.. شکۆمەندی و شانازی گەورە ئەوە نیە پارەدار بیت، بەڵکو ئەوەیە پەرێزت دیار بێت.
زۆر بوون ئەوانەی بەناوو و پێگە قەبەو گەورە بوون، کە مردن بچووک بوونەوە، بە پێچەوانەوە فەرسەت یەکێک بوو لەوانەی بەوەغەرکردنی نیشتمان کەوتە شیوەن و بەو تەمەنە کەمەی تا مردنی بووە سیمبول و شانازی مەزنی کوردستان.
مردن هەقەو هەمووان دەبی بمرین، وەلێ ئەوەی جۆری مردنەکان لێک جیا دەکاتەوە کارو پەرێزی چاک و پاکە، پلەو پۆست و پارە کەس نابوورێ لەمردن و نمایشی ناجۆرو رووکەش دەرنجامی باش نیە، گرنگ ناوک و ناوەڕۆکە توێکڵ زۆر بایەخی نیە.
بە کورتی فەرسەت کەم ژیا بەڵام کەڵ ژیا.. بۆیە پەرۆشی و گەواهی زۆرینەو خەڵکی باش و دیندارو نوخبە بۆ ئەو، هێمای باشی و پاکی و دڵسۆزی ئەو دەگەیەنێ، کە شانازیەکی گەورەیە بۆ هەردوو دونیا.. خوای گەورە بە لوتف و میهرەبانی خۆی بە بەهەشتی شاد بکات..