
ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
كابینەی نۆیەمی حكومەت؛ وەرچەرخان بەرەو لۆژیكی دەوڵەتداری

"ئایا ئێمە دەوڵەتێكی فیدراڵین؛ یان بەغدا حكومەتێكی سەنتراڵییە"، ئەمە وتە و هزری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە كۆربەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست MEPS - - 2023 كە هاوكات ئەو مەترسییەی زۆر لە شارەزایان و پسپۆرانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیشە بەرامبەر چارەنووسی عێراق.
عێراقێك وەكو دەوڵەتێكی فیدراڵی كەچی بەرەو تاكڕەویی و پاوانخوازی گرووپێكی عێراقی هەنگاو دەنێت، دژایەتیكردنی هەرێمیان كردووەتە مەرام و ئامانجی سەرەكی خۆیان، گرفتەكە لەوەدایە لەنێوخۆشدا كلتووری حزبایەتی هێشتا پێنەگەیشتووەو لەناو زۆر لەحزبەكاندا رەفتارو كردارەكان دژی حكومەتی خەڵك و قەوارەی هەرێمە، لەكاتێكدا لە پرۆسەی فیدراڵی و دیموكراتی دا مەرجە هەموو ئامانج و ستراتیژییەكان لەپێناو ئامانجە گەورەكە بێت، كە خزمەتكردنی خەڵك و دابینكردنی موچە و پێداویستییەكانیان و پەرەپێدانی بەردەوام بێت، هەروەكو چۆن دەوڵەتمەدار لەماوەیەكی كەمدا بەردی بناغەی كارگەیەكی لە دهۆك و كردنەوەی كارگەیەكی ئاسنی لە هەولێر راگەیاندوو هەرێم بەرەو پەرەپێدانی پیشەسازی هەنگاو دەنێت.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەخەمی ئەوەدایە لەرێگەی بوژانەوەی كەرتەكانی (كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتیاری) هەزارەها هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین بكات، كەچی تازە بەتازە كەسانێك وا رەفتار دەكەن دەسەڵاتەكانی عێراق پاوانخواز بكەن، لەكاتێكدا حكومەتی فیدراڵی پێویستە دەسەڵاتەكانی شۆڕكاتەوە خوارەوە و دەستبەرداریی پاوانخوازی و رق و كین بێت و دوای ئەجێندای نانیشتمانی دەرەكی نەكەوێت.
لەناو هەموو ئەم نارێكی و بەلارێدابردنە و موزایەدە و درووشمی باق و بریقەدارەدا، سەرۆكی حكومەت كار دەكات بۆ ئەوەی هەموو گەلەكەی دەرباز بكات لە هەموو ئەم ناڕەحەتی و پشێوییەی بۆمان دروست دەكرێت، كاتێك هێرشدەكرێتە سەر كورد، سەرەتا هێرش دەكەنە سەر مەرجعە نیشتمانی و نەتەوایەتییەكەی كورد كە بارزانی و هەردوو سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان و كابینەی نۆیەمی حكومەتە. لۆژیكی حوكمڕانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی گەلەكەی زۆر لە حزبایەتی و ئایدیۆلۆژیای تەسك گەورەترە و لە وتەیەكی سەركردەی كورد مەلا مستەفا بارزانی یەوە دێت كاتێك فەرموویەتی: "شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت".
ئالێرەدا رێبازی بارزان دێت بۆ نیشتمانپەروەری و رۆحی نەتەوایەتی، كاتێك سەرۆكی حكومەت بەهەموو توانایەوە دەیەوێت نەتەوەكەی لەخنكاندنی گەمارۆ و مەرامی پشت پەردەی بڕیارە نادەستووری و نایاساییەكانی دادگای فیدراڵی عێراق و دادگای پاریس و پیلانە ئیقلیمییەكان رزگار بكات و گەلەكەی دووچاری چارەنووسی كاولكاری و لەناوبردن نەبێتەوە، كەچی لەبەرامبەردا گرووپێكی بەرژەوەندیخواز و كەسانێكی بەناو ئۆپۆزیسیۆن، شەعبەوییانە بێ هیچ روئیا و ستراتیژییەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و بێ ئەوەی لەواقیعی دۆخی عێراق شارەزا بن، دەچن ژمارەیەك لە لایەنگرانیان فریودەدەن دژی حكومەتەكەی خۆیان، خۆشبەختانە زۆرینەی خەڵك زۆر لەوە شارەزاترن كە بە فیكەی حەڕامزادە هەڵبخەڵەتێن، بەتایبەتی كاتێك بەرەو هەڵبژاردنی پارێزگاكان و پەرلەمانی كوردستان دەچین و موزایەدە و فریودان و ژەهری بیروبۆچوونی نامۆ بەم كۆمەڵگایە لەهەموو لایەكەوە دەرخواردی خەڵكی دەدرێت.
ئەمەش لەپێناو نانەوەی ئاژاوەو دووبەرەكی و پشێویی بۆ ئەوەی كۆتایی بە هزری نەتەوەیی و نیشتمانی كورد لەناوچەكەدا بهێنرێت و بەرەو عێراقێكی پڕ لە هزری شۆڤێنی و مەزهەبی و دژایەتیكردنی كورد رابكێشرێتە ناو چارەنووسێكی نادیارەوە. جوانترین بەڵگەش تەسلیمكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی هەموو پابەندبوونەكانی خۆمان بوو لەگەڵ بەغدا، لەبەرامبەردا لەبری ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان و ماددە و بڕگەكانی دەستوور جێبەجێ بكرێت كەچی بڕیار لەدوای بڕیار بۆ سڕكردن و لەناوبردنی حكومەتی خەڵكی كوردستان دەدرێت، لەم گێژاوەو پیلان و مەرام و فریودانەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە بەهیچ شێوەیەك ئامادەنابێت سازش لە مافە دەستوورییەكان بكات.
ئەم شەڕە سەختەش بەهەمان شەڕی سەركەوتووی بڕینی بودجە و گەمارۆی ئابووری و دابەزینی بەهای نەوت و شوێنەوارەكانی كۆڕۆنا و گۆڕانكاری كەشوهەوا و وشكەساڵی تێیدا سەركەوتوو دەبین، مادام حكومەت خزمەتكار و پارێزەری ژیان و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییانی خۆیەتی و خەڵكیش حكومەت بە حكومەتی خۆیان دەزانن و رۆحی نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی لەوپەڕی بەرزیدایە، لە هەڵبژاردنەكاندا بە روونی دەردەكەوێت كە خەڵكی دەنگ بە كێ دەدەن، دەنگ بە بارزانی و پارێزەری دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دەدەن، دەنگ بە كاندیدەكانی پارتێك دەدەن بە كردار بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان لەناو حكومەتدا جێبەجێ دەكەن، لە رۆژە سەختەكاندا لە بەرپرسیاریەتی هەڵنایەن بە هەموو ئەو كەموكورتییانەشەوە كە داگیركەران دروستیان كردووە، تاكە ئومێد و ترووسكاییەك هەر بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە.