لەئەمەریکاوە؛ هەژاری و ڕەگەزپەرستی

هەژاری لە ئەمەریکا
هەژاری لە ئەمەریکا

دوو دیاردەی بەرچاوی گەورەی نێو ئەمەریکایە. ململانێی ڕەگەزپەرستی بەشێکە لەمێژووی خوێناوی و توندوتیژیی و ئازاربەخشی ئەمەریکا. ئەم دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بەپێی یاسا کۆتایی پێهێنرا، بەڵام لەئەنجامی ژمارەیەک هۆکاری سیاسی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاردەی (هەژاریی و ڕەگەزپەرستی) ماوە ماوە دەردەکەنەوە.

زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و ڕاپرسییەکان بەڕاشکاوی ئاماژە بەم جۆرە دیاردانە دەکەن و لەهەمان کاتدا مەترسی پەرەسەندنی توندوتیژی و ڕەگەزپەرستی بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆلاند ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمەریکا ناشارنەوە، کە ئێستا لەدەرکەوتنەوەیەکی بەرچاوە، تاکو کار گەیشتە کوشتنی (جۆرج فلۆید) لەلایەن پۆلیس و هێرشەکانی سەر کەپیتۆل لەلایەن لایەنگرانی ترەمپ و توندڕەوەکانەوە. لەهەمان کاتدا پەرەسەندنی ڕاستڕەویی و گەڕانەوە بۆ جۆرێکی نوێ لەڕەگەزپەرستی و بەتایبەتی دژی پەنابەران لە ئەوروپا و ڕەشپێستەکان و پەناهەندە و جوو و موسلمانەکان لە ئەمەریکا سەریهەڵداوە.

بەپێی سەرچاوەکان هەر تەنیا بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیس هۆکار نییە بۆ پەرەسەندنی دیاردەی دەرکەوتن و گەشەکردنی ڕەگەزپەرستی هەرچەندە لەساڵی 2019دا (1098) کەس بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیسەوە لەسەرتاسەری ئەمەریکا بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە.  بەپێی داتاکان ساڵی 2017 (99.8%)ی زیندانەکان پڕ بوون لەتاوانباران بەپێی زانیارییەکانی ساڵی 2020 (2.3) ملیۆن کەس لەزیندان بوون.  (هیلاری کیلنتن) لەساڵی 2015 ئاماژەی بەوە کردووە، کە "چارەگێکی زیندانییەکانی جیهان لە ئەمەریکان". بەپێی ڕاپۆرتی (بریزن پۆلیسی)  لە 74%ی حووکمدراوەکان لەزیندان هێشتا بەتەواوی تاوانەکانیان ساخ نەبۆتەوە.  هەندێکیان دەتوانن لەڕێگەی بەڵێنامەی بریکارەکانیان لەزیندان دەرچن، بەڵام ئەوانی دیکە پارەی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی لەڕێگەی بریکارەوە لەزیندان دەرچن، بۆیە لەپشت دەرگاکانی زیندان دەمێننەوە. لە 13 ویڵایەتی ئەمەریکا تەمەن بۆ دادگایی کردنی تاوانباران دیاریی نەکراوە، بۆیە دەتوانن منداڵ لەسەرووی تەمەنی هەشت ساڵی بەپێی بۆچوونەکانی (ئیکوال جەستس) لەژمارەیەک ویڵایەت دادگایی بکرێن.

"خەونی ئەمەریکی" یەکێکە لەگوتن و دەربڕینە بەنێوبانگەکان، زۆرکەس کەس لەگەڵ جیاوازی ڕەگەز و نەژاد و ئایینەوە دەیەوێت بەم خەونە ئەمەریکییە بگات. کوشتنی (فلۆید) خەریکبوو ئەمەریکا دابەشی سەر دوو بەرەی توندی دژ بەیەک بکات. بەرەی چەپڕەوە مەدەنییەکان و ئەوانەی داکۆکی لەئازادی ژیان و یەکسانی و دادپەروەریی لەنێوان نەژادە جیاوازەکان دەکەن، کە حزبی دیموکرات بەشێوەیەکی گشتی لایەنگیری ئەم ئاراستەیە. لەلایەکی دیکە بەرەی ڕاستڕەوی توندڕەو، کە تاوانبار دەکرێن بە (ڕەگەزپەرستی) ئەمانەش پتر حزبی کۆماری هاوکارییان دەکات.  هاووڵاتیان وەکو کاردانەوە دروشمی (ژیانی ڕەشپێستەکان کێشەیە!!)یان بەرزکردەوە.

ساڵی 1964 بەپێی یاسای مافە مەدەنییەکان بەفەرمی کۆتایی بەسیاسەتی ڕەگەزپەرستی هێنرا، بەڵام کوشتنی (فلۆید) جارێکی دیکە ئەم مێژووە خراپەی بیری هاووڵاتیان هێنایەوە و لەتەک ناڕەزایەتی دەربڕین، لەهەندێک شوێندا توندوتیژیشی لێکەتەوە. (مارتن لوسەر کینگ) لەگوتارە بەنێوبانگەکەیدا گوتی (من خەونم هەیە)، توانی ئەو سنوورە بشکێنێت و لەڕێگەی بزاڤێکی مەدەنی پشت ئەستوور بەڕەشپێستەکان و ئازادیخوازی دیکەی یەکسانیخواز توانی ئەم (خەونە) بەدی بهێنێت و بەپێی یاسا کۆتایی بەناکۆکی و توندوتیژی و نایەکسانی بهێنێت.

(جۆزیف ستینگلەر)ی زانای ئابووریناسی ئەمەریکی و خاوەنی نۆبل دەڵێت: "چینەکانی کۆمەڵگا هێشتا بەدەست جیاوازیی لەپرۆسەی فێرکردن و کار دەناڵێن، ئەمەش جیاوازییەکی گەورەی لەداهات و سەرمایە دروستکردووە، ئەمەش وایکردووە کارێکی ئاسان نەبێت لە "ڕیشەوە ڕەگەزپەرستی بەدامەزراوەیی کراو دەربهێنرێت" و چارەسەر بکرێت. جیاوازی ئابووری وایکردووە "سێ چارەگی ڕەشپێستەکان نەتوانن دەستیان بەخوێندنی زانکۆیی بگات".

پسپۆرێکی دیکە بۆ (دی دبەلیوی) ئەلمانی لەبارەی جیاوازیی ئابووری و ڕەگەزپەرستی دەڵێت: "ڕەگەزپەرستی تاکو ئێستاش هەیە. دوای هاتنی (دۆنالد ترەمپ) زیادی کردووە، و کۆچبەر و بێگانەکان دەکرێنە ئامانج، هاتنی (ترەمپ) جارێکی دیکە دەرفەتی بەتوندڕەوی لای سپیپێستەکان داوە  بۆ ئەوەی پەنا ببنە بەر توندوتیژی".

بەپێی داتاکان لەساڵی 2017دا لە ئەمەریکا ڕێژەی هەژاری گەیشتۆتە (17.8%) ئەم ژمارەیە نیشانی دەدات، دۆخی نێو ئەمەریکا خراپترە بەراورد بەوڵاتەکانی وەکو مەکسیک و چیلی، کە خودی ئەمەریکا هاوکاریان دەکات. ژمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن (38) ملیۆن کەس لەژێر هێلی هەژاریدا دەژین، لەنیو ئەو داتایانەدا (21%)ی ئافرەتە ئەمەریکییە ڕەشپێستە بەڕەچەلەک ئەفریقییەکان لەژێر هێلی برسیەتیدا دەژین، ئەم ڕێژەیە بەراورد بە نەژادەکانی دیکە لەهەموویان پترە.  پەتای کۆرۆنا دۆخەکەی خراپتر کردووە. بۆ نموونە لەویڵایەتی ئیلینوی کە(14%) دانیشتوانەکەی ڕەشپێستن، کەچی ڕێژەی مردووەکان بەم پەتایە (42%)یان لەڕیزی ڕەشپێستەکانن. تەنیا هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن، کە گەڕەکی ڕەشپێستەکان نەخۆشخانەکانیان لەئاستێکی نزمی خزمەتگوزاری دایە لەچاو ئەو شوێنانەی سپیپێستەکانی تێدا دەژیت. تەنیا هەندێک ئاماژە بەوە دەکەن دوو کۆمەڵگەی جیاوازی نێوان سپی و ڕەشەکان لەنێو ئەم وڵاتە گەورە و پێشکەوتووەدا هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەی بی سی نیوزی ئەمەریکی (ترەمپ) لەکاتی خۆکاندێکردن دا داوای کردووە بڕی (1.6) تریلۆن دۆلار لەبواری خزمەتی چاودێری کۆمەڵایەتی کەم بکاتەوە، لەپێناو چارەسەری کورتهێنانی بودجەی فیدرالیی، کە ئەم کەمکردنەوەیە نزیکەی (451) ملیار دۆلارە لەچوارچێوەی (میدیکێر)ی بواری تەندروستییەوە بووە.

ئەم بەرنامە خزمەتگوزاریی و کۆمەڵایەتی و تەندروستیانە کاریگەرییان لەسەر زەقبوونەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژی و تاوان و جیاوازی ڕەگەزیی و نەژادی دەبێت. هەندێک لەپسپۆرەکانی بواری سیاسی و ستراتیژی و کۆمەڵایەتی ئەمە دەبەستنەوە بەهۆکار بۆ پەرەسەندنی ڕەگەزپەرستی و پەرەسەندنی جیاوازی نەژادی لەنێوان ڕەش و سپییەکان و پەرەسەندنی ڕێژەی پتری هەژاری.

پێویستە لەم باسەدا ئاماژە بەهەندێک زانیاریی گرنگ لەبارەی پێناسەکردنی هەژاریی لەنێو ئەمەریکا بکەین، کە جەزیرە لەڕاپۆرتێکدا بڵاوی کرۆدتەوە "بەپێی پێوانەکان لەنێو ئەمەریکا هەر خێزانێک، کە پێکهاتووە لەچوار کەس داهاتەکانیان لە (25.7) هەزار دۆلار کەمتر بوو، یان خێزانێکی سێ کەسی (20) هەزار دۆلار و خێزانێکی دوو کەسی (16.247) دۆلار و  کەسێک کەمتر لە (12.748) دۆلاری داهاتی هەبێت ئەوە ئەو کەس و خێزانانە بەئاستی ژێر هەژاری دادەنرێن. کەمتر لە (12) ملیۆن منداڵ لە ئەمەریکا لەژێر هێلی برسیەتی دەژین و (14.3) ملیۆن کەس لەنێو ئەمەریکا پشت بە ویلفەر، یان کارتی هاریکاری خۆراک دەبەستێت. بەشێوەیەکی وردتر بەپێی زانیارییەکانی ساڵی 2018 لەنێو ئەمەریکا (12 ملیۆن و 800 هەزار) منداڵ لەژێر هێلی هەژاریدا دەژین، واتە لەهەر پێنج منداڵێک یەک منداڵ لەم ئاستەدا دەژیت.

لەبیر نەکەین لەسەردەمی کۆرۆنادا (بایدن) بڕیاری دا بۆ کەمکردنەوەی هەژاریی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بێکاری و هاوکاری منداڵان لەچوارچێوەی یاسای چاودێری فیدرالی 600 دؤلار وەکو هاوکاری بدرێتە بێکارانی سەردەمی کۆرۆنا. هەروەها بڕی هەزار و دووسەد دۆلاریش بدرێتە ئەو خێزانانەی هەژارن.

دیارە ئەمانە هیچیان نەیانتوانیوە کێشەی هەژاریی چارەسەر بکات، ڕێژەی هەژاریی کەم بکرێتەوە.