بە دۆلارکردن یاخود بڕیاڕنامەیەکی هاوشێوەی 986، کامەیان گونجاوترە؟

بە دۆلارکردن یاخود بڕیاڕنامەیەکی هاوشێوەی 986، کامەیان گونجاوترە؟
بە دۆلارکردن یاخود بڕیاڕنامەیەکی هاوشێوەی 986، کامەیان گونجاوترە؟

نزیکەی 10 ساڵە کە حکومەتی ناوەندی بە بیانووی جۆراوجۆر دەستور پیشێل دەکات و دەست دەخاتە قوت و بژێوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بێ بەشیان دەکات لە شایستە داراییەکانی. بەم دواییە حکومەتی هەرێم لە پێناو نەهێشتنی هیچ بیانوویەک و پیشاندانی نیازپاکی پابەندبوو بە مەرجەکانی حکومەتی ناوەندی بەڵام ئەم هەنگاوانەش نەبوونە هۆکارێکی ڕازیکەر کە وا لە بەغدا بکەن کار بە بەندەکانی دەستور بکات و چیتر بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان وەکو چەکێکی سیاسی بەکار نەهێنێت. سەرەڕای هەوڵەکانی بەڕێز "محمد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024، بەڵام بەهۆی نەبوونی حکومەتێکی سیستەماتیکی و دادپەروەر وا دەکات هەوڵی تاکەکەسی نەگاتە هیچ ئامانجێک و دواجار لەوانەیە ئەو هەوڵ و کۆششانە سەری ئەو بەرپرسانەی بەغداش بخۆن کە بە ڕاستی نیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ هەولێرهەیە. بە گەڕانەوە بۆ ئەو دە ساڵەی ڕابردوو دەتوانین بڵێین ساڵی داهاتووش بە بیانووی جۆراوجۆر و بە فشاری دەرەکی و حکومەتی سێبەر، کاربەدەستانی بەغدا سڵ ناکەنەوە لە دەست بردن بۆ مافە ڕەواکانی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ مەرامە سیاسییەکانیان.

کێشەکان بەردەوامییان هەیە ئەمە لە دۆخێکدایە کە عێراق خۆی کەوتۆتە پەلەقاژێ لە نێو کێشە قوڵەکانی وەکو بەڕێوەبردنی سامانی وڵات و کەمکردنەوەی بە هەدەردان و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کە وەکو کرمێک خەریکە ڕەگ و ڕیشەی دەوڵەت دەخوات. جگە لەمەش دواکەوتووی سیستەمی بانکی و نا چالاکی بەشێک لە ئامرازەکانی بانکی ناوەندی وای کردووە کە بەهای دراوی نیشتمانییەکەشی ناسەقامگیربێت کە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر دەروون و گوزەرانی هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران و خاوەنکارەکان.

لەم دۆخەدا هەرێمی کوردستان چەند بژاردەیەکی لەبەردەستە بۆ ڕێگری کردن لە یاریکردن بە شایستەدارییەکان و قوتی هاوڵاتیەکانی. دەکرێت بە کورتی بەم شێوەیەی خوارەوە بژاردەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بخەینەڕوو:

1- هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی بەشە بودجە. ئەمەیان کورترین و کەم باجترین ڕێگەیە بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر. بەڵام لە هەمانکاتدا لەبەر نەبوونی نیازپاکی لایەنە عێراقییەکان دەکرێت بڵین، لە ئێستادا ئەمەیان تەنها بە نووسین ئەوەندە ئاسانە، ئەگینا خواستێکی ئاشکرا و ڕوون هەیە بۆ پێشێل کردنی هەوڵەکانی بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ڕێگاچارەیە.

2- پەنابردنە بە چارەسەرێکی ئابووری کە زۆربەی وڵاتە پێگەیشتووەکان بە تایبەتی و بەشێوەیەکی بەرچاو لە ساڵانی1990-2000دا وەکو چارەسەرێک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشەی هەڵئاوسان و چارەسەرکردنی قەیرانە داراییەکان بە تایبەتی قەیرانی کەرتی بانکی پەنایان بۆ دەبرد. لەم رێگەیە کە لە بەردەوامی ئەم نووسینە دا زیاتر تیشکی دەخەینەسەر، زۆرێک لە وڵاتان وەکو نمونە ئەرژەنتین شکستیان هێنا لە بەردەوامیدان بە پەیڕەوکردنیدا، بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی تر بۆ نمونە بوڵگاریا زۆر سەرکەوتوو بووە لە جێ بەجێ کردنی کردارەکە کاتێک لە ساڵی نەوەدەکان بەهۆیت کێشەی دابەزینی بەهای دراوەکەی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان بۆ 1000%و بەرزی ڕێژەی هەژاری و برسیێتی یەوە دەیناڵاند. ئەو بژاردەیەی کە مەبەستمانە باسی لێوە بکەین بریتی یە لە کردارێک یاخد سیاسەتێک کە پێی دەوترێت "گۆڕینی دراو" یاخود "بە دۆلار کردن". وەکو ئاگادارن لەم دواییەدا سەرۆکە تازە هەڵبژێرداروەکەی ئەرژەنتین "خاڤیێر میلێی" دوپاتیکردۆتەوە کە بانکی ناەوەندی دادەخات و دووبارە پەنا دەباتەوە بەر بەکارهێنانەوەی دۆلار بە تەواوەتی لەجیاتی "پێسۆی" دراوی نیشتمانی ئەرژەنتین ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی ڕێژەی بەرزی هەڵئاوسانە کە لە ئێستادا گەیشتوۆتە 143%لە وڵاتەکەدا و بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری یەوە ڕێژەی هەژاری و برسیێتی گەیشتۆتە سەرووی 40% دانیشتوانەکەی.

"بە دۆلار کردن" یاخود "گۆڕینی دراوی نیشتمانی" بە ئینگلیزییەکەی Dollarization یاخود Currency Substitution کە دۆخێکە تێیدا دانیشتوانی وڵاتێک دراوێکی بیانی (مەرج نیە دۆلار بێت) لە جیاتی دراوی نیشتمانی خۆیان وەک ناوەندێکی ئاڵوگۆڕکردن، یەکەیەکی هەژمارکردن و پێوانەکردن، یاخود ئامرازێک بۆ هەڵگرتنی بەها و پاشەکەوت کردن بەکاردەهێنن. بەدۆلارکردنی تەواو؛ دۆخێکە کە تێیدا وڵاتێک بە تەواوی دەستبەرداری دراوی نیشتمانی خۆی ببێت و دراوێکی بیانی وەک دراوی فەرمی خۆی قبوڵ بکات. لەلایەکی تر بە دۆلارکردنی بەشەکی؛ کاتێک ڕوودەدات کە یەکە ئابوورییەکانی وڵاتێک دەست بکەن بە هەڵبژاردنی سەروەت و سامانی دارایی بە دراوی بیانی لەبڕی سەروەت و سامانی دارایی بە دراوی نیشتمانی، بۆ ئەوەی خۆیان لە ئەگەری دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی لە ژینگەیەکی هەڵاوسان بەرز و نادڵنیایی دا بپارێزن. هەروەها سیاسەتەکە بۆ وڵاتە هەرێمییەکان بە جۆرێک لە ڕزگار بوون لە هەژموونی حکومەتە ناوەندییەکان هەڵدەسەنگێنرێت.

گەرچی لە عێراقدا بە دۆلارکردنی تەواو پەیڕەو نەکراوە بەڵام نزیکەی 20 ساڵە لە سەرتاسەری عێراق دا دیاردەی "بەدۆلارکردنی بەشەکی" بە کردەیی لە گشت مامەڵەکاندا پەیڕەو دەکرێت. ئەمەش بەهۆی نرخی نەوت و هاوردەکردنی کاڵا و خزمەگوزارییەکان کە بە دۆلاری ئەمریکی یەکلایی دەکرێەوە. دواجار بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریدا کە سیستەمی de-dollarization پەیڕەو بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا ژینگەیەکی وا هاتۆتە کایەوە لە سەرتاسەری جیهاندا وڵاتان وردە وردە هەوڵ دەدەن بە ڕێکەوتن لەگەڵ یەکتری مامەڵە بازرگانییەکانی نێوانیان بە دراوێکی دیاری کراوی جگە لە دۆلار ئەنجام بدەن. یاخود لێرە و لەوێ هەوڵی بەکارهێنانی پارەی دیجیتاڵی شیفرەدار (کریپتۆ) وەکو بیتکۆین و کۆینەکانی تر دەدرێت لە کرداری یەکلایی کردنەوەی مامەڵە بازرگانییەکانی نێوانیان.

گەرچێ زۆرێک لە ئابووریناسەکان وەکو ڕێگا چارەیەکی گونجاو بۆ ڕزگار بوون لە کێشەی هەڵئاوسانی خێراو و بەرز (Hyperinflation) کرداری بە دۆلارکردنیان لا پەسەندە بەڵام کۆمەڵێکی تر لە ئابووریناسەکان بەنەرێنی دەڕواننە پڕۆسەکە یاخود سیاسەتەکە. ئەویش بە بیانووی ئەوەی کە وڵات سەروەری خۆی لەدەست دەدات و بانکی ناوەندی ڕۆڵی خۆی وەکو بانکی دایک و دوامەرجەعلە دەست دەدات بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشەی ئابووری هەمووەکی و دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ڕامیاری نەختینەیی و دارایی وڵات و دواجار دەبێتە هۆی لەدەست دانی توانای کۆنترۆلکردنی بەهای دراوی نیشتمانی کە زۆرجار بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەکردن و توانای ڕکابەریی بەرهەمە نێوخۆییەکان لە بازاڕە جیهانییەکان دا وڵاتان خۆیان وەکو سیاسەتێک بەهای دراوی نیشتمانی خۆیان دادەبەزێنن.

ئەو کاریگەرییە نەرێنییانە بۆ وڵاتێک دەبنە مەترسی کە بانکی ناوەندی هەبێت و لە ڕووی بازرگانیشەوە خاوەنی سەبەتەی هەناردەکردن بێت و بەرهەمەکانی لە بازاڕە بیانییەکان بخاتەڕوو. واتە لەم ڕوویەوە هیچ مەترسییەک ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان نابێتەوە گەر بڕیار بدات لەمەو بەدوا دۆلار وەکو دراوی فەرمیی وڵات لە بڕی دینار بەکاربێنێت. بەڵام چەند خاڵێکی جەوهەری هەن کە دەبێنە ڕێگر لە بەردەم هەرێمی کوردستان لە پەنابردنە بەر ئەو بژاردەیە؛ ئاستەنگە سەرەکیەکەش ئەوەیە کە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نیە، لەلایەکی تریشەوە بە دەستوور گرێدراوی وڵاتێکە کە خۆی کێشەی کەمی خستنەڕووی دۆلاری هەیە لە ئێشتادا درواکەی لەبەردەم مەترسی گەورەی داڕمانی بەهاکەی دایە.

واتە گەرحکومەتی هەرێمی کوردستان بیەوێت ئەم هەنگاوە جێ بەجێ بکات، هەرچەندە هاوڵاتیان پێشتر ڕاهاتوون لە مامەڵەکردن بە دۆلار و گۆڕین و هەژمارکردنی دینار، واتە هاوڵاتیان ئەزموونیان هەیە و لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە ئامادەن بۆ ئەو گۆرانکارییە، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم سەرەتا لەلایەنی یاسایی و دەستوورییەکەی بپێچێتەوە، ئینجا بیر لە چۆنیەتی دەستبەرکردنی ئەو بڕە دۆلارە پێویستەش بکاتەوە کە لە کاتی ئاڵووگۆڕکردنی دیناری هاوڵاتیان پێویستی پێ دەبێت. ئەمەش دواجار بەهۆی پێویستی بە ئاڵوگۆڕی دینارەکانی بەردەست هاوڵاتیان بە دۆلار ڕووبەڕووی خواستێکی زۆر بۆ سەر دۆلاری دەکاتەوە کە دواجار هەم کێشە بۆ عێراق هەمیش بۆ هەرێم دێنێتە کایەوە. جگە لەمەش چیتر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەوت نافرۆشرێت تاکو لەبەرامبەر ئەو نەوتە فرۆشراوە لێشاوی دۆلار بێتە ناو هەرێم.

3- بژاردەی سێ یەم کە بەڕای من لە ئێستادا گونجاوترین بژاردە و ڕێگا چارەیە ئەویش بریتی یە لە پەنا بردنە بەر نەتەوەیەکگرتووەکان تاکو بڕیارێکی هاوشێوەی بڕیارنامەی 986ی ئەنجومەنی ئاسایشی 14ی نیسانی ساڵی 1995 دەربکات بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بنێردرێت. شایەنی باسە بڕیاری 986 کە بە بڕیاری نەوت بەرامبەر خۆراک ناسراوە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایێشەوە دەرکرا کە بەهۆیەوە دواتر وەکو کیانێکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراو ڕاستەوخۆ بەشی هەرێمیان لەو بەشە خۆراک و دەرمانە بە جیا نارد کە بەرمابەر بە نەوت دەیان دایە حکومەتی ئەوکاتەی عێراق. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ڕژێمی ڕووخێنراوی پێشووتری عێراق نەوتی بەرامبەر بە خۆراک دەفرۆشت و وەکو گەمارۆیەکیش بەکاری دەهینا لە دژی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

بەو پێیەی گشت پارە و یەدەگی نەختینەیی عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دایە، دەکرێت لە جیاتی سەردانکردنی بەغدا، هەروەها لەجیاتی خۆپیشاندان لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو کەمپینێکی جەماوەری  بەیەک دەنگ و بە یەک دروشم ڕاستەوخۆ ڕوو بکرێتە ئەمریکا و لەڕێگەی کۆکردنەوەی واژۆ یاخود ڕێکخستنی خۆپیشاندانی جەماوەری بەشێوەیەکی هێمنانە و ئاشتیانە لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، دەنگی ناڕازایەتی هاونیشتمانیانی کوردستان بگەینرێت و داوابکرێت بە ناردنی ڕاستەوخۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەو پارەیەی عێراق کە لای گەنجینەی ئەمریکایە.