لە چاوەڕوانی هاتنی بودجە و موچەدا بووین .. درۆنی بۆمبڕێژكراویان بۆ ناردین

لە چاوەڕوانی هاتنی بودجە و موچەدا بووین .. درۆنی بۆمبڕێژكراویان بۆ ناردین
لە چاوەڕوانی هاتنی بودجە و موچەدا بووین .. درۆنی بۆمبڕێژكراویان بۆ ناردین

ئەمە كاری دوژمنكارەی یەكەمجار نییە بە درۆنی بۆمبڕێژكراو گروپە تیرۆرستیەكان بۆ مەرام و  ئەجندەی دەرەكی هێرش دەكەنە سەر پایتەختی هەرێمی كوردستان ، پێشتریش لە رێگەی سەپاندنی گەمارۆو وشككردنی سەرچاوەی داهات و بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان ئەم كارە قێزەوەنەیان بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە، تەنانەت كار بۆ تێكدانی یەكڕیزی و ململانێی سیاسی و نانەوەی ئاستەنگ و كێشە لەبەردەم جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نرابوو، بەشێوەیەك هێرش و بەرنامە ڕێژی جێبەجێ دەكرێت كە زیان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئاشتی كۆمەڵایەتی بگەیەنێت. حكومەتی كوردستان و بەرهەمی خۆێنی شەهیدان و قەڵاو پشتی كورد لەناوچەكەدا ئەزموونێكی نەتەوەیی گەورەی كوردە و لەدەستێكی بەهێزو خۆڕاگری پڕ لە عەقیدەی كوردایەتی بارزاندایە، خۆڕاگری و بەهێزی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كابینەیەدا بە پاڵپشتی خەڵكی دڵسۆزی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان ڕێگای نەدا گەمارۆو بڕینی بودجە و دروستكردنی كێشە بۆ موچەخۆران و كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت و وشكەساڵی و دەیان رووداوو كارەساتی دیكە رێگر بێت لەبەردەم پاراستنی سەلامەتی گیانی خەڵكی كوردستان و درز بخرێتە نێو ئەو سەقامگیری و ئارامییەی كە باڵی بەسەر هەرێمی كوردستاندا كێشاوە. رەنگە دوژمنانی كورد لە نانەوەی كێشە و گرفت بۆ ئەم كابینەیە بێ ئومێدو هیوا بووبن، بۆیە دەیانەوێت ئەمجارە لە رێگەی درۆن و موشەكەوە هێرشەكانیان چڕتر بكەنەوە دژ بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان و زیان زیاتر بە ئابووری و قووتی خەڵكی بگەیەنن هەروەكو چۆن لەگەرمەی یادەكانی سەری ساڵ و جەژن و خۆشی میللەتی كورد و هاتنی دەیان هەزار گەشتیار ئەوان بەهەوڵە لەرزۆكەكانیان بەدرۆن هێرشیان كردە سەر دوو سەرچاوەی گرنگی نەتەوەیی كە خۆی لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەبینیەوە ، تاوەكو زیان بە سەقامگیری سیاسی و سەربازی و ئابووری بگەیەنن ، بەداخەوە حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی تاكو ئێستاش نەیتوانیوە بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان بكەرەكانی ئەم كارە تیرۆرستییە دەستگیر بكەن و بەسزای خۆیان بگەیەنن ، كە بەبودجە و داهاتی ئەم وڵاتە كردەوە تیرۆرستیەكانیان ئەنجام دەدەن و سیادەو سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقیش دەخەنە مەترسییەوە . من زۆر لەو فشارو ئاستەنگانە تێدەگەم كە دەخرێتە سەر كابینە وەزارییەكەی محەمەد شیاع سوودانی تاوەكو بارودۆخەكە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاسایی نەكاتەوەو رێكەوتنەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ نەكات ، بەڵام خۆ دەبێت سنوورێك بۆ ئەو هەموو میلیشیات و گروپە چەكدارانە دابنێت و لەرووی ئەمنی و یاساییەوە رووبەروویان بێتەوە كە ئێستا یەكپارچەیی و دەوڵەتی عێراقی خستۆتە مەترسییەوە، تا كار گەیشتۆتە ئەوەی پەلاماری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بدەن كە لەرووی دەستووری و یاساییەوە بەشێكە لەمەنزومەی هێزی وشكانی دەوڵەتی عێراق.

ئەم هێرشە موشەكی و درۆنییە جارێكی دیكە ئەو پرسیارەی هێنایەوە پێشەوە ؛ ئایا عێراق دەوڵەتێكی مەدەنی و دەستووری و یاساییە و هەموو پێكهاتەكانی كورد و سوننە و شیعە و كریستیان و ئاین و ئاینزاكانی دیكەی جێگا دەبێتەوە؟ بێگومان وەڵامەكە بەنەخێر دەبێت؛ چونكە هەرگیز وڵاتێك و گروپێكی خۆسەپێن گەمارۆ و شەڕی ئابووری و ئابڵوقەو بڕینی بودجە و مووچەخۆرانی كردبێتە كارتێكی گوشار ناتوانێت لە ئیدعای یەكپارچەیی خاك و رەوایی حوكمڕانی سەركەوتوو بێت ، عێراقێك تا سەرئێسقان كاری لەسەر كۆمەڵكوژی و لەناوبردنی گوندو ئازاردانی كوردەكانی دابێت و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ئامادەیی لێبووردن و قەرەبووكردنەوەی ئەنفال و كیمیاباران و تێكدانی گوندەكان و بێسەروشوێنكردنی گەنجە كوردەكانی نەبێت، ئیتر چۆن دەستبەرداری خۆسەپاندن و ئەم میراتییەی دژە كورد دەبێتەوە ، ئەوەتا حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی رادەست كرد و داهاتی ناوخۆ و لیستی موچەخۆرانی پێشكەشكردن و بە شاهیدی دیوانی چاودێری فیدراڵ پابەندییەكانی جێبەجێ كرد، كەچی گروپێكی خۆسەپێن و مەزهەبی توند لەسەر قەوانەكەی خۆیان بەردەوامن و هەرجارەی گرفت و ئاستەنگێك بۆ ئاسایبوونەوەی دۆخەكە دروست دەكەن ، كاتی ئەوە هاتووە كورد لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەلای ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی سنوورێك بۆ پێشێلكردنی سەرپێچی و كردەوە تیرۆرستییەكان دابنێت ، مادام گەمەكە لەسەرووی دەسەڵاتی حكومەتی عێراقە و  زۆر لە میلیشیات و گروپە چەكدارەكانی تێدا بەشدارە بۆیە دەبێت پەنا ببرێتە بەر مەحافیلی نێودەوڵەتی. لەعێراق دادگا و دامەزراوەكانی پەرلەمان و حكومەت و سوپا بەدەست گروپە چەكدارە بەدەر لەیاساكانن ، ئەوان بودجە و موچە و تەواویی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستانیان بڕیوە، ئەمەش ئامانج و مەرامێكی زۆر مەترسیداری لەدژی كورد لە پشتەوەیە ، ئەوان خوازیاری هەرێمێكی سەقامگیر و ئارام و پێگەیەك نین كە بووەتە جێگای هەموو كوردەكانی هەر چوار پارچەكە و عەرەب و مەسیحی و توركمان و ئاین و ئاینزاكانی تێدا نیشتەجێن ، ئەوان خوازیاری بوونی هەرێمێك نین كە خاوەنی سەركردەیەكی خۆراگرو بووێری هەبێت و گەلەكەی لە خۆشگوزەرانی و ئاوادەنی و خۆشیدا بن، بۆیە ئاساییە لەبری ئەوەی بودجە و موچەمان لەبەغداوە بۆ بێت درۆنی بۆمبڕێژكراوو موشەك و تیرۆرستمان بۆ بنێرن.