یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و زاخۆ گەیشتنە قۆناخی 16ـی جامی عێراق
لەدوای یانەی نەورۆز، یانەکانی پێشمەرگەی سلێمانی و زاخۆش بلیتی قۆناخی 16ی جامی عێراقییان بەدەستهێنا.
لە قۆناخی 32ی جامی عێراق، زاخۆ رووبەڕووی یانەی بەحری بووەوە، بە درێژایی یارییەکە هەردوولا لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵی یەکتر سەرکەوتوو نەبوون، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە زاخۆ و بەحری پەنایان بۆ لێدانە یەکلاکەرەوەکان برد و لەم رێگەیەوە زاخۆ بە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەم یارییەدا عیماد عیسا گۆڵپارێزی زاخۆ دوو لێدانی یەکلاکەرەوەی گەڕاندەوە و سەرکردایەتی سەرکەوتنی زاخۆی کرد.
لە یارییەکی دیکەشدا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هاوشێوەی نەورۆز و زاخۆ بلیتی قۆناخی 16ی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی رووبەڕووی یانەی سناعات کارەبا بووەوە و یارییەکەشی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە، گۆڵەکەش لەلایەن سناعات کارەبا بە هەڵە تۆمار کرا.
بڕیاریشە سبەی یەکشەممە لە بارەگای فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تیروپشکی قۆناخی 16ی جامی عێراق رابکێشرێت، چوار یانەی کوردستان لەم قۆناخە بەشداری دەکەن ئەوانیش بریتین لە یانەکانی (دهۆک، نەورۆز، زاخۆ و پێشمەرگەی سلێمانی) یانەی هەولێریش بەوپێیەی وەرزی رابردوو بلیتی چوارگۆشەی زێڕینی بەدەستهێنا و دواتر گەیشتە یاریی کۆتایی، لەم قۆناخە بەشداری ناکات و چاوەڕوان دەبێت.