ئەگەر كورد خاوەنی دەوڵەت بووایە؟

ئاڵای کوردستان
ئاڵای کوردستان

K24 - هەولێر

"ئێمە وەك نەتەوەیەك مافی ئەوەمان هەیە بوونمان هەبێت و ئازاد بین".. ئەم گوتەیەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆربەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمەریكی لە كوردستان، لە شاری دهۆك بەلكێشی كردم بۆ ئەو هزر و تێڕوانینەی: ئەگەر كورد خاوەنی دەوڵەت بووایە، ئەم هەموو زوڵم، جینۆساید، مەینەتی، گەمارۆ و هێرش و پەلاماردانەی دەكرایە سەر؟ بەدەیان بڕیاری نادادپەروەری، نادەستووری، دوور لە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ویژدانەوە لەسەرمان دەسەپێنران؟

گەلی کورد لەناو ئەو هەموو شەڕو ململانێیەی کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆیەوە دەبینێت بێ قەڵغانێکی دەوڵەت چۆن خۆی بپارێزێت كە بەهەموو پێشبینی و مەزەندەكان ئاڵۆزییەکان بەلدەکێشێت. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم نیگەرانییەی نەشاردەوە کاتێک لە كۆنگرەی ئەمساڵی داڤۆس ئاماژەی پێدا: "زۆر نیگەرانم لەوەی ئەم شەڕە بەرفراوان بێت و بەلكێشێت بۆ ناوچەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، بۆیە باشترین رێگا ئەوەیە عێراق خۆی لەم شەڕە بەدوور بگرێت، بەڵام وا پێ ناچێت میلیشیاتە چەكدارەكانی سەر بە ئێران عەقڵانییەت مامەڵە بکەن و وڵات بەرەو ئەم شەڕە بەلكێشت نەکەن، سەرەتای پەلاماردانەکەشيان دژی گەلی بێ دەوڵەتی کورد لەبەرچاوی حکومەتی عێراق ئەنجامدرا.

 ئەوەتا لە رێگەی دادگای بەناو فیدراڵی و پەرلەمان و درۆنی بۆمبڕێژكراو تا مووشەكی بالیستی و بڕیارە نادەستوورییەکانی وەزیرەکانییانەوە هەموو ژەهرەکانیان ڕژاندە سەر  ئەم گەلە مەزڵومە، بەمەش مەرام و پیلانی دوژمنكارانە و قین و رقی ساڵانی رابردووی خۆیان بەسەر هەرێمی كوردستان و گەلەكەیدا ڕژاند، لەمەش مەترسیدارتر گەمارۆی ئابووری و نانەوەی فیتنە و پشێوی  بوو، بەو ئاواتەوە سەر دەنێنەوە کە نەتەوەی کورد دەستبەرداری ماف و دەستکەوتەکانی بێت و لێکترازان لەنێوان گەلی کورد و حکومەتەکەی دروست بکەن، ئەوان هەرگیز ناتوانن ئاوێتەبوونی گەل و حکومەتی کوردی لە یەکدی جودا بکەنەوە.

 حکومەت تاقە بەرگریكاری کورد و پارێزەری مافەكەیەتی  و لە کۆمەڵکوژی و تەرحیل و تەعریب دەیانپارێزێت، بکوژانی ژیناکان و هەموو دەزگا سیخوری و هەواڵگری و سەربازیی و دەجالەکانیان ناتوانن بێ ئیرادەمان بکەن.

 داستانەکانی ئەیلوول و گوڵان و داعش و شەڕەکانی هەندرێن و  كۆڕێ و پردێ و سحێلا وشەڕی دژی تیرۆرستان، كوردی کردە خاوەن دەوڵەتێكی دیفاكتۆی خۆی، هێزی ئەم دەوڵەتە  لە حکومەت و پاڵپشتی گەلەکەیدایە، هەر بۆیە نەیاران هەرێمێکی خاوەن شکۆ و پێگەیەکی نیمچە دەوڵەتی ئەمری واقیعیان بێ هەزم ناكرێت، بەتایبەتی دوای  داستانی شەڕی پردێ و سحێلا هەموو پیلان و مەرامە شاراوەکانیان بە پەلامار و لەخشتەبردنی گروپێکی لادەر لە رەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی نەیتوانی بارزانی و گەلەكەی ملکەچ بکەن و  کۆمەڵکوژیان بکەنەوە، ئەوەتا ئامانجە کڵاوەکانیان بەسوود وەرگرتن لە نەبوونی دەوڵەت و یەک دەنگی نیشتمانی و کوردایەتی دەستی پێکردووەتەوە،  لە غیابی چوارچێوەیەکی دەوڵەتی و سەربەخۆیی دا، خوازیارن ژەهری خۆیان بە برسیكردن و نانەوەی پشێوی و دووبەرەكی و دروستكردنی جاش و كەسانی نەفز نزم كار لەسەر بەلاڕێدابردنی پرسی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكەن.

ئەوان ڕێز لە دەستوورەكەی خۆیان ناگرن و بڕوایان بە دەوڵەتی فیدراڵی و پێکەوە ژیان نییە، ئەی ئەوە نییە وەزیرە داراییەكەیان كە بە هاندانی میلیشیاتە چەكدارەكانی بەناو بەرەی مقاوەمە  كورد وەكو هاوڵاتی دەرەجە دوو سەیر دەکات،  تا موچەی موچەخۆرانی خۆیان نەدات موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نانێرێت، هەر رۆژە بە بیانوو پاساوێك بەئەقڵییەتی شۆڤێنی بۆ خۆشاردنەوە لە گەندەڵییەكان و چەوسانەوەی عێراقییەكان كار بۆ سەنتراڵییەتی گەندەڵی و قۆرخکاری دەكەن، بابەتەكە ئەوە نییە تاچەند ئەركەكانی سەرشانی خۆمان جێبەجێ كردووە، یاخود بابەتی تەسلیمبوون نییە كە تاچەند چۆك بۆ هەژموونی شیعەگەرێتی و ملكەچبوون دادەنەوێنین،  بابەتەكە پەیوەندی بەخوودی ئەو وڵاتانەوە هەیە كە كوردیان بەسەردا دابەش بووە، عەقڵیەتی داگیرکاری و سڕینەوەی بەرامبەرو دروستکردنی دوژمنی وەهمییە، ئەوان خوازیارن گەلی کورد بەردەوام تیرۆرو هێرش و جینۆسایدو قڕكردنی لەسەر بێت و هەوڵی داگیركردنی خاكەكەیان و كۆچپێكردنیان بدرێت،  سەرچاوەی داهاتی گەلی كورد كە خودا پێی داون دەستی بەسەردا بگرن.

لەو لاشەوە خەڵكی نەزان و بەكرێگیراو لەدژی كورد و حكومەتەكەی هانبدەن، تاوەكو بە خەیاڵی خاویان قەوارەی دەستووری و یاسایی نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان لاواز بکەن، ئەوان ترسیان لەحكومەتێكی بەهێز هەیە  كە سەرۆکەکەی چاكسازیی دەكات و ئاراستەی حوكمڕانی راست دەكاتەوە و رووبەرووی گەندەڵكارەكان دەبێتەوەو كاری بۆ ( ڕاگرتنی گەندەڵی ) داوە، بۆیە نەیارانی كورد ناخوازن جەماوەر و خەڵكی كوردستان پاڵپشت و هاوكاری حكومەتەكەیان بن، تاوەكو ئەجیندەی خۆیان جێبەجێ بكەن. ئێمە وەكو نەتەوەیەك مافی ئەوەمان هەیە بوونمان هەبێت و ئازاد بین، خۆ ئەگەر دەوڵەتمان هەبووایە ئەو مافە لەخوداوە پێمان دراوە.