71 ساڵ و بەردەوامی لە خەبات و خۆڕاگری لە پێناو نیشتمان: یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان هەمیشە بۆ نیشتمان و خاوەن ئەم نیشتمانە بووە

بەشداری شاندی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە کەمپی نێودەوڵەتیی لاوان - ئوردن
بەشداری شاندی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە کەمپی نێودەوڵەتیی لاوان - ئوردن

نزیکەی سێ چارەکە سەدەیەکە یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان نەک تەنیا وەک رێكخراوێک، بەڵکو ماڵێک بووە بۆ لاوان شانبەشانی رێبەرانی کوردستان پێشمەرگە و پێشمەرگە ئاسا لە کاروانی خەباتی رزگاریخوازیی و ئازادی کوردستان و بنیادنان و سەقامگیری کوردستان خەباتی کردووە.

 لە 18ی شوباتی 1953 یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە بەر گرنگی بەشداری لاوان لە شۆڕش و بەشداری کارایان لە کایەی سیاسیدا لەسەر راسپاردەی رابەرو باوکی رۆحی نەتەوەییمان "مەلا مستەفای بارزانی" دامەزرا. سەرکردایەتی، کادرو ئەندامی ئەم رێكخراوە ماندوونەناسانە کاریان کردووە و قوربانیانداوە لە پێناو دۆرزی میللەتەکەمان. سەدان لاو خوێنی ئاڵ و خەونی پڕ هیوایان بەخشیووە بە خاک و ئاڵاو پیرۆزییەکانی. ئەمەش وایکردووە کە رۆڵی سەرەکی ببینێت لە داڕشتنەوەی سیاسەتی پارتیزانی و ئازادیی و دەوڵەتداریدا.

یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە سەردەمە جیاوازەکاندا بێ وچان و چالاکانە بەشداری سەرجەم  شۆڕشی رزگاریخوازی بووە بە ئەرکی جیاواز لە ژێر سایە وسێبەری رێبەرانیدا. ئەم رێکخراوە قوتابخانەی کوردایەتی و پەروەردەو پێگەیاندی سەدان سەرکردەی شۆڕشگێری پڕئەزموون بووە، کە لە ئێستادا لەسەرجەم سێکتەرە حکومی و حزبیەکاندا ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

لە کاتێکدا جیهان بە بەرەو پێشچونێکی زۆر خێرادا تێدەپەڕێت، یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بە دەرفەتە سنووردارەکانییەوە بەردەوام بووە و هەمووهەوڵێکی ئەوە بووە، کە لاوانی کوردستان لەسەر نەخشەی لاوانی جیهانیی و بەرەوپێشچوونەکانی لاوانی جیهانی بێبەش نەبێت بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی کاری پێنج ساڵی رابردوویدا، واتا کۆنگرەی هەشتەمی نە خشە رێگەی کارکردنی بەم جۆرە بوو:

بەهێزکردنی تواناکانی لاوان: بەهێزی لاوان بە مانای بە هێزی کۆمەڵگا و سەرجەم دامودەزگاکانی دێت. لاوان بزوێنەری کۆمەڵگەن، ئێستا و داهاتوون، بۆیە بەهێزکردنی هزریی و بەدەنی لەڕێگەی بەرنامە و چالاکی جۆراوجۆر لە کارە لە پێشینەییەکانی ئەم رێکخراوە بووە. لە سەرجەم و شار و شارۆچکەکان سەکۆی بۆ لاوان رەخساندووە تاکوو بتوانن بە ئازادانە ڕا و بیروبۆچوونی خۆیان دەرببڕن و بەشداری کارایان هەبێت لە پرسە سیاسیەکاندا. ئامانجی سەرەکی پێگەیاندنی سەرکردەیەکی لاو بووە تاکوو لە رێگەی سەرکردایەتی کردنییەوە بتوانێت بەشداریەکی کارا و ئەرێنی لە بونیادنان و ئاوەدانیدا بکات.

بەرزڕاگرتنی ناسنامەی کوردستانی و نیشتمان ناسی: نیشتمان ماڵی ئێستاو داهاتووی لاوانە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر پیرۆزییەکانی نیشتمان و خۆبە خاوەنداریکردنی لەلایەن لاوانەوە ئامانجی وردی ئەم رێکخراوە بووە. بنەماکانی بارزانی باوک (مەلا مستەفا بارزانی) بناغەی پێگەیاندنی لاوان بووە، کە مرۆڤ دۆستی، خۆشەویستنی نیشتمان، ژینگە پارێزی، پێکەوە ژیان و مافی ئافرەتە.

پەرەپێدانی کارامەیی لاوان لە رێگای جیاوازەوە: بەمەبەستی ئەوەی لاوانی کوردستان بەشداری (سی ڤی) لاوانی جیهان بێت وهاوشانی لاوانی جیهان دەرفەتی بۆ بڕەخسێندرێت پەرە بە تواناکانی خۆی بدات، یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە رێگای چەندین کارو چالاکی وردەوە کاری لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی لاوان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەندین سەکۆی لاوانی جیهانی نوێنەرایەتی لاوانی کوردستانی کردووە، هەروەها لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی چەندین خولی سەرکردایەتی بۆ لاوان کردۆتەوە بە ئامانجی ئەوەی توانا جەستەیی و زهنییەکانی لاوانی کوردستان پەرە پێبدات.

زیندووهێشتنەوەی کلتورووزمانی باو وباپیرانمان: ئەو جیهانگیریەی کە ئێستا مرۆڤایەتی پێیدا تێدەپەڕێت ئەگەر بە هۆشیاریەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت دەبێتە هۆکاری ئەوەی سەدان کولتوورو نەریتی نەتەوە جیاوازەکان لە ناوبچێت. کوردستانیش کە دەوڵەمەندە بە فرە کولتوورو نەریتی تایبەت بە خۆی، کە مێژووی بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە بۆیە گرنگە خوێنی نوێ ئاشنا بن بە وردەکارییەکانی بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بەزیندوویی بیهێڵنەوەو بیگەیەنن بە نەوەی داهاتوو، چونکە ئەمە ناسنامەی میللەتێکە.

"من خاوەنی ئەم نیشتمانەم" درووشمی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بوو لە 71ـەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، کارکردن لە ژێرئەم دروشمە ئەوە دووپاتدەکاتەوە، کە ئایندە روونە و رۆڵی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پێناو کوردستانێکی بەهێزتر و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانمان و نوێگەری لە کارو چالاکییەکانی بە دیدی سەردەمیانە بەردەوام دەبێت، کە یەک ئامانجە و خەباتمان بۆ لاوانی نیشتمانە.