ڕۆژی جیهانی شانۆ 2024

ڕۆژی جیهانی شانۆ
ڕۆژی جیهانی شانۆ

ئەمڕۆکە ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی شانۆ دەگێڕین، لە خۆم دەپرسم شانۆ لە سەردەمی دیجیتاڵ و جەنگی بەردەوام و چەوساندنەوە و تێرۆر و بێکاری و برسێتی و قەیرانی کەشوهەوادا کاریگەری چیە، ئایا شانۆ ئەمرۆکە پێویستە؟!

ئایا ئێمەی شانۆکاران ئەرکێکمان هەیە، ئەگەر هەیە، ئەو ئەرکە چیە؟

لە وەڵامدا دەڵێم، بەڵێ شانۆ لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ژیانی ئەم سەردەمدا لە هەموو کات پێویست ترە.

دەڵێم بەڵێ، ئێمەی شانۆکاران ئەرکێکی مێژوویی فرە قورسمان لەسەر شانە، ئەم ئەرکە تەنیا نواندنی یەکاویەکی کێشە و ململانێکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە نییە وەکو خۆی لە سەر شانۆ، بەڵکو شانۆ پاڵاوتنی ژیانە، هەستیارکردن و وشیارکردنەوەى مرۆڤەکانە، دروستکردنی پەیوەندییەکانە، نزیککردنەوەی مرۆڤەکانە لە یەکتر، خوڵقاندنی دیالۆگ و تولێرانسە، سەقامگیری و پاراستنی بیری ئازاد و دیموکراسی و یەکسانییە، وروژاندنی پرسیار و بەدوا داچوونەوەیانە، هێنانەوە یادی دەستەڵاتدارەکانە بۆ کەرامەتی ئینسانی، هاندانە بۆ داواکردنی مافی مرۆڤایەتیی و تاکەکەسی، دروستکردنی ئاشتیە.

شانۆ لە هەموو هونەرەکانی دیکە لە مرۆڤ و ژیان نزیک ترە. شانۆ شوێنی بەرهەمهێنانی ئەستێرەکان نییە، بەڵکو شوێنی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە.

هیوای ڕۆژێکی شانۆیی ئارام و پڕ هێز و خۆشی بۆ هەموو هاوڕێ و هاوپیشەکانم دەخوازم، لە هەر شوێنێک بن، بە تایبەتی ئەو شانۆکارانەی لە ژێر بۆردومان و هەڕەشەی لەناوبردندان و ترسی زیندانی و ئەشکەنجەیان لەسەرە و تا ئەم سەدەیەش هێشتا گیرۆدەی چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئایینی و کولتووری و ڕەگەزین، ترسی سڕینەوەی پێناسەیان لەسەرە، بەڵام هەر بەردەوامنن و خۆیان بە دەستەوە نادەن.