یەکێتیی قوتابییان و لاوانی کوردستان داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکات
سکرتێری رێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە، هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیان و دوارۆژی هاووڵاتییان، هەر بۆیە داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2026، شڤان مەحموود، سکرتێری رێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەو قەڵغانە دەستووری و نیشتمانییەیە کە ئاسایش، شکۆ، ئازادی و پێکەوەژیان بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستان دەپارێزێت.
شڤان مەحموود ئاماژەی بەوە دا، هەر دەستدرێژی و هەوڵێک بۆ لاوازکردنی ئەم قەوارەیە، هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیان و دوارۆژی هەموو تاکێکی وڵاتەکە، روونیشی کردەوە، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان تەنیا بەرگریکردن نییە لە دامەزراوەیەک، بەڵکوو بەرگریکردنە لە مانەوە و شکۆمەندیی هەمووان.
سکرتێری رێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستەروو، داوا لە سەرجەم کوردستانییان، قوتابییان، خوێندکاران و فێرخوازان دەکەن سبەینێ پێنجشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2026، لە شار و شارۆچکە و گوندەکاندا بڕژێنە سەر شەقامەکان و بۆ ئەو ئامانجەش سبەینێ کاتژمێر 10ـی بەیانی خۆپیشاندانی هەزاران قوتابی و لاوان لە پایتەختی کوردستانەوە دەست پێ دەکات.
هەروەها داوای کرد لە سەرجەم پارێزگا و ناوچەکانی کوردستان، لە سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، سۆران، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین، قوتابییان و لاوان بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ بەرگریکردن لەم ویستە نیشتمانییەی هەیە.