
ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
لێهاتوویی و كارامەیی خزمەتكردنی خەڵك لەرۆژە سەختەکاندا دەردەكەوێت

کورد لە سەد ساڵی رابردووی مێژووی هاوچەرخی پڕ لە مەینەتیدا، لەوەتەی بەم عێراقەدا لەساڵی 1921 لکێنراوە، بە شێواز و ڕێگای جۆراوجۆر نەک هەر پەراوێز و ماف خوراو بووە، کۆمەڵکوژ و جینۆسایدیش کراوە، دەربەدەر و زەوی داگیرکراوو تەعریب و زیندان و بێسەروشوێنکراوە، ئەنفال و کیمیاباران و تەرحیل و زیندان و ماڵوێران کراوە، هەرکاتێکیش ئاهێكی بەبەردا هاتووەتەوە و تۆزێك سەری دەرهێنابێت گەلەکۆمەکی لێكراوە و بە فیتی داگیرکەران و نەیاران لەناوبراوە.
ئیستاش كەوتووەتە بەردەم مەرام و شەڕانگێزی قۆناغێكی نوێ وە ڕێك وەكو ئەوە وایە مێژوو بیەوێت جارێكی دیكە خۆی دووبارە بكاتەوە.
"پیلان هەیە بۆ نەهێشتن یان لاوازکردنی قەوارەی هەرێم" ئەمە گوتەی مەسرور بارزانی سەرۆکوهزیرانێكی بووێر و خاوەن مێژووییەکی دەوڵەمەندی پڕ ئەزموونە، پەروەردەی دەستی مەسعود بارزانی سەركردە و سیمبولی گەورەی قوتابخانەی كوردایەتییە، هەموو ژیانی بۆ بەختەوەری و پارێزگاریكردن نەتەوەكەی تەرخان كردووە، لەم ڕوانگەیەوە لەژێر كاریگەریی هزری سەرۆك بارزانی دا سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكردار كاری بۆ بەهێزكردنی قەوارەی هەرێم و خۆشگوزەرانی میللەتەكەی كردووە، هەر كاتێكیش دەستی بە چاكسازیی كردبێت و هەنگاوەكانی راستكردنەوەی حوكمڕانی دەستپێكردووە كەچی لەهەموو لایەكەوە دوژمنانی ئەم گەلە مەزڵومە ئاگر لەكەوڵیان بەربووە، وتەكەی سەرۆكی حكومەت كە لە مزگەوتێكی پیرە هەولێری خۆڕاگردا پێشكەشی كردوو رایگەیاند: "سوپاسی خوداو خۆڕاگری میللەت دەكەم" و ئەو هەقیقەتەی بەبیر هێناینەوە : "لە هەر بڕیارێکی سەختدا کەم بوون پیاوانی تەنگانە کە لەگەڵماندا وەستابوون"، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دژی ئەو زاڵمە وەستاوەتەوە کە خوازیارە لە ڕێگای بڕینی قووت و ئابووری خەڵکەوە چۆک بە ئیرادەی میللەتی کورد دابنێ.
لەبیرتانە لەسەردەمی کۆڕۆنا و بڕینی بودجە و داشكانی بەهای نەوت و وشكەساڵی و ململانێی حزبی و سیاسی نالۆژیكانە ئەو كاتیش كەم بوون ئەوانەی بەرپرسیارێتی مێژووییان هەڵگرت و هەنگاوی بووێریان نا، تاوەكو ئەم میللەتە بگەیەندرێتە كەناری ئارامی، سەركردەی بووێر و خۆڕاگر هەرگیز بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلەکی سازش لەسەر ئینتمای نەتەوەیی و ئەرکە نیشتمانییەکانی ناكات، هاوکاری گەلەکەیەتی بۆ پاراستنی كەرامەت و پاراستنی سیمبولەکانی نەتەوە و نیشتمانەكەی، کە لە ناو فکر و عەقیدەی بارزاندا ڕەگی داكوتاوەو وەچە لەدوای وەچە گواستراوەتەوە.
خۆ ئەگەر خوانەكات کورد لەم جەنگەی گەمارۆ و برسیکردن سهربگرێت، ئەوە زۆر زەحمەتە ئەوانەی هاوكاری نەیارانی كوردیش دەكەن رزگاریان بێت. ئەمڕۆ ئەرکە قورسەکە نەک هەر خراوەتە سەر ئەستۆی کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕاگرتنی هەموو ئەو پێشێلکاریی و بڕیارە نادەستوورییانەی دادگای فیدڕاڵ و ئەو هەموو نەیارانەی کورد كە لەناو هزری شۆڤێنیەتی دژ بەكورد لە ناوچەكەدا هەرتۆقیون، حكومەتی هەرێمی كوردستان تاکە ئومێدی سەرکەوتنی ئەزموونی کوردیشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ، دەزانن لە پەتای کۆڕۆنای جیهانی و کارەساتە سروشتی و ئاگرکەوتنەوەو هێرشی تیرۆرست و كاری دوژمنكارییانە و بڕینی بودجە و مووچەو قووتی خەڵکدا کەم بوون ئەوانەی بە ڕۆحییەتی كوردایەتی و نیشتمانپەروەریی توانیان بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی هەڵگرن و بەکردار فریای گەلەکەیان بکەون. كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی و داواكارییەكانی بەغدای لەپێناو قووت و مووچەی خەڵكەیدا جێبەجێ كرد، كەچی بەموشەك و درۆنی بۆمبهاوێژ و بڕینی بودجە و مووچە وەڵام دراینەوە، لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا بەردەوامی هەیە مادام سەرۆك وەزیرانی عێراق نیەتی چارەسەری كێشەكان و هەڵگرتنی ئاستەنگ و بەربەستەكانی هەیە، بڕیارە نادەستووری و سیاسییەكان نامانوەستێنێت لەبەردەم چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی بەرژەوەندی و ماف و شایستەكانی گەلی كوردستان
من لەهەموو كات گەشبینترم بەوەی ڕێگا نادرێت ئەو مێژووە پڕ لە مەینەتی و زیانگەیاندن بەگەلی كورد دووبارە بێتەوە ، ئەم قەیرانە و مەینەتیانەش بەدەردی هەموو قەیران و نەهامەتییەكانی دیكەی گەلەكەمان تێپەڕدەبێت، مادام خودا و خەڵك لەگەڵ ئیرادەی خێرو خۆشگوزەرانی و پاراستنی قەوارەی هەرێمدان ئەو قەوارەیەی ژیان و كەرامەتی گەلەكەمانی پاراستووە لە رۆژگارێكی زۆر مەترسیدارو هەستیاری جیهانی و ناوچەیی دا .