چرا شەماڵ
نووسەر
کاریگەری بونیادی کۆمەڵایەتی و ڕۆشبیریی سیاسی لەسەر سیستمی سیاسی (عێراق بە نمونە)
ھەموو سیستمێکی سیاسی پێویستی بە ڕۆشنبیرییەکی سیاسی ھەیە کە پەروەردەی بکات و گوزارشت لە فەلسەفەکەی بکات و تە نانەت بەرگریشی لێ بکات. بۆ نمونە، سیستمی تاکڕەویی یان دیکتاتۆری پێویستی بە ڕۆشنبیرییەکی سیاسی ھەیە کە لە دەسەڵات بترسێت و ملکەچی بێت و ئارەزوی بەشداریی کردنی کاریگەریانەی نەبێت لە سیاسەتدا. بەڵام سیستمی دیموکراسی پێویستی بە رۆشنبیریەکی سیاسی ھەیە کە بروای بە ئازادی و مافی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ و بەشداری ئەوانی دیکە لەدەسەڵاتدا ھەبێت.
واتە دەبێت بڕوای بەوە هەبێت مرۆڤ ئازادی ئەوەی ھەبێیت پارێزگاری لە مافەکانی بکات. بەرەنگاریی ھەر دەستدرێژییەك ببێتەوە کە لە لایەن دەسەڵاتەوە بکرێتە سەر کەرامەت و مافەکانی. دەبێت بڕوای وابێت کە گۆیڕایەڵی و ملکەچی بۆ دەسەڵات ئارەزوومەندانە و لەچوارچێوەی یاساکان و لەسەر بنەمای ماف و ئازادییەکان بێت نەك ترس و دڵەڕاوکێ و توندوتیژی.. هەروەها تاکەکانی کۆمەڵگە دەتوانن کاریگەرییان لە سەر دەسەڵات ھەبێت و توانای گۆڕانیان ھەبێت لە کایەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، ئەمەش وادەکات تاکەکان بە گوڕوتینەوە بەشداری پرۆسەی سیاسی بکەن، بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت کە ئاستی ڕۆشنبیری سیاسی کۆڵەکەیەکی کاریگەری سیستمی سیاسییە وھۆی مانەوە یاخود گەشەکردن یان گۆڕین و نەمانیشی دەبێت. بە ھەمان شێوە بونیادی کۆمەڵایەتیش کاریگەری لەسەر سیستمەکە ھەیە.
لەو کۆمەڵگەیانەی کە فرە پێکهاتەن متمانە و فرەیی ئەرێنی ھەبێت و یەکتر قبوڵکردن و ئارامیی ھاتبێتە ئاراوە ئاستێكی باشی سەقامگیریی سیاسی و دەستاودەست کردنی دەسەڵات دێتە کایەوە، بەڵام لەو کومەڵگەیانەدا کە سیستەمە سیاسیەکەی لەسەر بنەمای پیرۆزکردنی تاکەکەس یان ئاین یان مەزھەب یان حیزب و یاخود ئایدیۆلۆجیا دامەزرا بێت، ئاستی بیرکردنەوە چەقبەستو دەبێت و ئاستی بەشداریی سیاسی و فەرمانڕەواییش زۆر سنوردار دەبێت و گەشەی هزر و سیاسیش دەوەستێت. دواکەوتویی و داخراوی دەبێتە سیما و ناوەرۆکی ئەو سیستەمە، و ناتوانرێت متمانە لە نێوان تاکەکان و پیکھاتەکان دروست بکرێت، تەنانەت دەسەڵات وەك موڵکی ھەمیشەیی گروپ و پێکھاتەیەکی سیاسی تەماشا دەکرێت کە خۆیان خاوەنداری لێ دەکەن و کومەڵگە ناتوانێت ھیچ نەخشێك و ڕۆڵێکی کاریگەری تێدا ھەبێت؛ ئەمەش زۆر جار، دەبێتە ھۆی ئەوەی کۆمەڵگە لە ئاست کارەکتەرە سیاسیەکاندا خۆی بە لاواز دابنێت و وای پیشان بدات کە بەبێ ئەو کارەکتەرە سیاسییە، یان بەبێ ئەو حیزبە یان بەبێ ئەو مەزھەبە یان بە بێ ئەو ئایدۆلۆجیایە کەس ناتوانێیت وڵات بەرێوە ببات وسیستەم و ئاسایش وسەقامگیری ڕابگرێت. ھەر بۆیە، پيکھاتەیەکی کۆمەڵایەتی لەم جۆرە دەبێتە مایەی مانەوەی سیستەمێکی سیاسی و حوکمڕانی دواکەوتوو و تا ڕادەیەكی زۆر چەقبەستوو.
بە پیچەوانەشەوە، سیستمی سیاسی کاریگەری بەھێزی ھەیە لەسەر بنیادی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسی ئەویش بەو شێوەیە دەبێت کاتێك سیستمەکە ھەوڵ دەدات لە ڕێگەی پەروەردە و پیگەیاندنی سیاسیەوە جۆرێك لە ڕۆشنبیریی سیاسی پەرە پێ بدات و بەرھەم بھێنێت کە ببێتە ھۆی مانەوەی سیستمەکە و لە سوود و بەرژەوەندیی سیستمەکە بێت و نەبێتە ھۆی لە ناوچونی سیستەمەکە. ھەروەھا سیستەمی سیاسی لە ڕێگەی ئامرازەکانی دەسەڵاتەوە ھەوڵ دەدات پێکھاتەی کۆمەڵایەتی بەجۆرێك ڕێک بخات کە زامنی مانەوەی خۆی بکات و نەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی بیروباوەڕی دژ بە فەلسەفە حوکومڕانیەکەی یاخود بیروباوەرە سیاسیەکەی بەڵکو ئەو بیروباوەڕە سیاسیەی کە ھەیە پتەوی دەکات و دەیھێڵێتەوە.
ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە تەماشای بونیادی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری سیاسی عیراق بکەین ئەم کاریگەریە دوولایەنەیە بە ڕوونی دیارە و ڕەنگی داوەتەوە ، ئەویش بریتیە لەوەی کە عێراق سیستەمە سیاسیەکەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە تەواوی ڕەنگدانەوەی بنیادە کۆمەڵایەتیەکەیەتی کە سیستەمێکی تایەفی و دابەشکاری ھێناوەتە کایە و تیایدا تایەفە مەزھەبی و نەتەوەیی و ئاینیەکانی سیاسەت و سەروەت و سامان و هەمو شتەکانی وڵاتیان دابەش کردو ئەم سیستەمە سیاسیە نەیتوانیوە یان نەیویستوە گەلێکی یەکگرتوو بە واتای گەلی عیراق دروست بکات و ھاووڵاتی لەسەر بنەمای ھاووڵاتیبوون مامەڵەی لەگەڵ بکرێت بە پێچەوانەوە کومەڵگەی عیراقیش یارمەتیدەری چەسپین و قووڵبونەوەی ئەو سیستمە سیاسیەیە لەبەرئەوەی متمانە لە نێوان پێکھاتەکاندا نیە و کەسیان بەوی تر ڕازی نیە ،لە دوای پرۆسەی ئازاد کردنی عێراق، کۆمەڵگەی عێراقی دابەش بوونێکی نەتەوەیی قووڵی بە خۆیەوە بینی وە سیستمە سیاسیەکەی نەیتوانی چەمکی هاوڵاتیبوون بچەسپێنێت لە نێوان پێکهاتە و ئاینزا جیاوازەکان هەریەكەیان ترسی لە باڵادەستبوونی ئەوی تر هەیە دەیەوێت دەسەڵات بۆ خۆی قۆرغ بكات تا پارێزگاری لە بەهێزی مانەوەی خۆی بکات و ئەوانی تر سەرکوت بکات و لە قاڵبیان بدات نموونەی زیندوو دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە بۆمان کە هەژمونخوازی و پاوانخوازیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەکات بە جۆرێك كە کار لەسەر لاوازكردنی تەواوەتی و دوورخستنەوە ی هەر یەکە لە کورد و عەرەبی سوننە دەكەن و تاڕادەیەكی زۆریش ئەو ئامانجەیان پێكاوە. ئەمەش لە پێناو مانەوە و بەهێزكردنی پێگەی خۆیان وەك دەسەڵاتی مەزهەبی شیعە ،
ئەم سیاسەتی سڕینەوەی ئەوی دیكەیە لەناو هیچ سیستەمێكی دیموكراسیدا جێی نابێتەوە و بگرە بە تەواوی دژی بنەماكانیشیەتی، هەر ئەمەشە وای كردوە كە پێشبینیەكان بۆ داهاتو ی ئەم وڵاتە گەشبینانە نەبن و هەتا ساڵانێكی دوور بونیادە كۆمەڵایەتییە ناكۆك و لێك جیاواز و پڕ كێشەكەی عێراق وەك خۆی بمێنێتەوە و لەگەڵ خۆشیدا سیستەمە سیاسی و ڕۆشنبیریە سیاسیەكەی هاوڵاتیانی عێراقیش بە چەقبەستویی بهێڵێتەوە كەئەمەش وا دەكات گەشەكردنی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوریی لەناو بازنەیەكدا بخولێتەوە و پێش نەكەوێت ...