هۆشەنگ باوانی
نووسەر
دەبێ مەرجەعییەتی کورد بڕیار بدات
ساڵی 1991 دوای ئەوەی گفتوگۆکانی بەرەی کوردستانی لەگەڵ بەغدای سەدام بە بنبەست گەیشت، تاقە ڕێگەی چارەسەر لەبەردەم بەرەی کوردستانی ئەوەبوو هەنگاوێکی ئەقڵانی بەرەو خوڵقاندنی حاڵەتێکی یاسایی و شەرعی بۆ سەرزەمینە ئازادکراوەکەی بهاوێت و هەوڵی دامەزراندنی کیان و ئیدارەیەکى سەربەخۆ و یاسایی بدات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیدارییەی کە ڕژێم بەکشاندنەوەی دەستەڵاتەکانی دروستی کردبوو.
بێگومان ئەم پرۆسەیەش پێویستی بە دەستپێشخەرییەکی جەریئانە بوو تاکو بتوانێت بەشێوەیەکی فەرمی هەنگاوەکانی گواستنەوە لە قۆناغی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو سەردەمی شەرعییەتی یاسایی و دەستووری بهاوێت.
بۆیە بەرەی کوردستانی لە 28/4/1992 بە یاسای ژمارە (1)ـی ساڵی 1992 یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد.
ئیتر یەکەم دەنگدان، یەکەم هەڵبژاردن، یەکەم پەرلەمان دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە هەولێری پایتەخت لە 19/5/1992 ڕاگەیەندرا. بەمەش قۆناغەکانی یاسایی دەستیان پێکرد.
ئیتر بە فعلی کەوتینە نێو دونیایەکی تازە و نوێ و ئاڵۆزی حکومڕانییەت و بەرەو بازنەکانی بە یاسایی بوونی جومگەکانی کارگێڕی و بەڕێوەبردن چووین، زانستیانە و بەڕێڕەوێکی کوردانە هزری داڕشتنی دەستوور نووسینی ڕێنمایی و ڕێساكانی دەوڵەتداریمان خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پرۆسە دیبلۆماسییەکانەوە بە خێراییەکی چاوەڕوان نەکراو توانیمان تەواوی دەروازەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەڕووی هەرێمی کوردستاندا بکەینەوە.
لەسەر ئاستی ناوخۆش پرۆسەکانی هەڵبژاردن بۆ چەندین خولی پەرلەمان و چەندین کابینەی حکوومەت بەردەوامیان بە ژیانی سیاسی و دەستاودەستکردنی دەستەڵات و ڕێککەوتنامە و پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەم و وبەدیجیتاڵکردنی سیستەمی کارگێری و هەوڵدان بۆ بەردەوامبوونی سەقامگیری و ئارامی و ئێمناهی لەسەر ئاستە جیاوازەکان، ئەرکێکی نەپساوە بووە و تائێستاش بەردەوامە. ئەو دەمەی ویستیان عێراقێکی نوێ و دەستوورێکی نوێ بنیات بنێن، ڕوویان لە ئەزموونەکەی هەرێمی کوردستان کرد و چەندین جار وەک فریادڕەس بەهانای عێراقی فیدڕاڵیەوە چووین، لەسەر بناغەکانی هاوسەنگی و هاوبەشی و شەڕاکەت وڵاتێکی نوێمان بۆ پێکهێنان، کەچی هەرکاتێک دەربازمان کردبن ئەوسا هزری شەڕ پێ فرۆشتنیان بەهێزتر بووە.
ئەم کورتە گێڕانەوە دیرۆکیەم بۆ ئەوەیە بە خوێنەری ئەم وتارەم بڵێم: ئەرێ بەویژدانەوە پێم بڵێن ئەم هەموو گۆڕان و گۆڕانکاری و قۆناغ بەزاند و خۆڕاگری و مقاوەمەت و بەردەوامیدان بە حوکمرانییەت و تێپەڕاندنی قەیرانەکانی شەرفرۆشی و تیرۆر و کریزەکانی ئابووری و ئاڵۆزییەکانی سنوور و بەربەستەکانی بەردەم کابینەی نۆیەم و بابەتی مووچە و بودجە و هەڵبژاردنی پەرلەمان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و سڕکردنی دەستهەڵاتەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان و سەدان هێندەی تر.
ئەرێ کام هێز و لایەن بوو ڕووبەڕووی وەستایەوە و نەیهێشت مەرەمە بۆگەنەکانیان بپێکن؟، کامە لایەن بوو شەڕی سەنگەر و شەڕی جێبەجێکردنی دەستووری دەکرد؟.
دەبێ بپرسن کامە لایەن بوو لە بەیاننامەیەکدا تەواوی پرۆسە نادیموکراسیە دیزاینکراوەکانی ڕاگرت؟.
بەڵێ ئیتر سەلمێندرا ، لە تەواوی پرۆسە ستراتیژییەکانی هەرێم و عێراق سەبارەت بە کورد هەردەبێ پارتی بڕیار بدا و پارتی سەرکردایەتی بکات.