ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
دیپلۆماسیەتی سەرۆكی حكوومەت بووە هۆكاری گۆڕینی ئاراستەكان
( با پێكەوە عێراق و هەرێمی كوردستان پێش بخەین..) ئەمە تەنیا وتەیەك نەبوو كە بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوا سەردانیدا بۆ بەغدا بەلایەنە سیاسییەكانی عێراقی وتبوو ، بەڵكو ئەمە سیاسەت و دیپلۆماسییەتێكی ژیر و سەركەوتووی حوكمڕانی چوار ساڵی رابردووی سەرۆكی حكومەت بوو ، لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و دەرئەنجامەكەشی لە پاراستنی پشكی هەرێم لە بودجە و جێگیركردنی موستەحەقاتەكان و مووچەی فەرمانبەران بەدیار كەوت ، لەكاتێكدا بەردەوام لەلایەن هێزگەلێكی نەیارو ئاخنراو بۆ شۆڤێنیەتی دژ بەكوردەوە كاریان بۆ سڕینەوەی كردووە و زۆربەی جاریش لەلایەن هێزی ناوچەكەوەو لەدەرەوەی سنوورەكانەوە ئەم هێزانە هاندراون، بەو پێیەی زیاتر لە سەدەیەكە كورد لە چوارچێوەی نەخشەی سایكس بیكۆ و پارچە پارچەكردنی خاكی كوردان و لكاندنی هەر یەكە بە وڵاتێكەوە ئەم ناكۆكی و ناسەقامگیرییەمان تووش بوو تا ڕادەیەكی وا كە دووچاری كۆمەڵكوژی و جینۆسایدیش بووینەتەوە و مەقوولە بەناوبانگەكەمان بیر دەهێنێتەوە كە (دۆستی كورد تەنیا چیاكانە..)، هەر لەم پێناوەشدا مەلا مستەفا بارزانی سەركردەی مێژوویی كورد شۆڕشێكی سەرتاسەری و خەباتێكی پێوچانی هەڵگیرساندوو بەشێك لەمافە كلتووری و نەتەوەییەكانی لە رێكەوتنی 11ی ئاداری مێژووی بەدەست هێنا.
هەر لەسەر ئەم ڕێباز و فكرەی بارزان كە مرۆڤ خزمەتكاری میللەتەكەی خۆی بێت و لە پێناو مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا خەبات بكات ، جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی كارنامە وەزارییەكەی خۆیدا نەخشە ڕێگای پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدراڵی و حكومەتەكانی ناوچەكە داڕشتوو بە كردار پیادەی كرد، ئەمەش لەسەر بنەمای دۆستایەتی و بەرژەوەندی هاوبەش، لەم قۆناغەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای وەزارەتەكانییەوە بەردەوام جەختی لەسەر پابەندبوونەكانیان كردەوە بەرامبەر بەداواكارییەكانی وەزارەت و دامەزراوەكانی ناوەند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەی ئاشتی و سەقامگیری و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان سەرۆكی حكومەت دیپلۆماسیەت و سیاسەتەكانی خۆی بەرامبەر هەردوو حكومەتی توركیا و ئێران داڕشتووەو قۆناغێكی نوێ لەسەر بنەمای دۆستایەتی و پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزگرتن لە دراوسێتی بونیات ناو گرژییەكانی گۆڕی بە پەیوەندی هاوبەش و ستراتیژیی.
دیالۆك و دیپلۆماسیەت تەنیا ئەو ڕێگا هاوچەرخ و سەركەوتووییە كە دەكرێت چارەسەری كێشەكان و یەكلاكردنەوەی ناكۆكی و ململانێكانی پێ بكەین ، هەرێمێكی فیدراڵی لەناوچەیەكی گرژو نائارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەرچەندە دەوڵەت نییە بەڵام قەوارەیەكی سیاسی و دەستوورییە لە ساڵی 2005 دانی پێدا نراوە ، هەرچەندە بەم قەوارە و دەسەڵاتە ئاسان نەبوو بەسەر هەموو ئالنكارییەكاندا سەربكەوێن، بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نێوخۆو دەرەوە كارێكتەری ئاشتی و سەقامگیری و ئاوەدانییە و توانیوێتی لەرووی سیاسی و ئابووری و وزەوە ببێتە فاكتەرێكی گرنگ و نموونەیەكی سەركەوتوو بەپێچەوانەی ئەو ڕاوبۆچوونانەی نەیارانی كورد و هەندێك لە هێزە ناوخۆییەكانەوە كە دەیانگوت داهاتووی ئەم هەرێمە لاوازكردنی قەوارەكە و دەسەڵاتەكانێتی ، لەمەشدا كۆمەڵێك حزبی كوردستانی لە پێشیانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەمیشە هێز و پارتی بارزانی و رۆژە سەخت و تەنگانەكان بووە توانیوێتی پاڵپشتی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران بكات و هاوكاری و یارمەتیدەر بێت بۆ سەركەوتنە نێوخۆو پەیوەندییە دەرەكییەكان، كە لەناو ئیتاڕی تەنسیقی دا رۆڵ و پێگەی دیارو لەبەرچاوە.
بەمەش هێزی نەرمی دیپلۆماسیەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان نیشانەی حوكمڕانی بەهێز و ژیرانەی پەروەردەی سەرۆك مسعود بارزانی یە كە پاشخانێكی بەهێز و قووڵی لەنێوخۆی عێراق و ناوچەكەدا بۆ دروست كردین بەتایبەتی لەدوای سەركەوتنە مەزنەكانی بەسەر داعش و بەهێزكردنی پێگەی هێزی پێشمەرگە لەناوچەكە و جیهان دا، هەر ئەم دیپلۆماسییەتەی سەرۆك بوو بووە هۆی توانەوەی بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەهێز كردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بۆ گەیاندنی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و كۆتایهێنان بەعەقڵیەتی سڕینەوەی ناسنامەی كوردستانی .