چەمکی پاراستنی ژینگە لەنێو فەلسەفەی شۆڕش و نیشتمانسازی بارزاندا، چەمکێکی دانەبڕاو بووە

زاگرۆس فەتاح
زاگرۆس فەتاح

پاراستنی ژینگە بەواتا زانستییەکەی؛ بریتییە لە پاراستنی هاوسەنگیی ئیکۆلۆژی و سەرچاوەی بەکاربردن لەڕێگەی کەمردنەوەی هەردوو ڕێژەی بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان و هۆکارەکانی پیسبوون (Pollution) بەشێوەیەکی بەردەوام. ئەم پڕۆسەیە، هەوڵێکی بەردەوام و هاوتەریبە لەگەڵ پڕۆسەی گەشەسەندنی مرۆڤایەتی لەپێناو فراوانکردنی مەودای ژیان. هاوکات لەڕوانگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ژینگەپارێزی واتا ئەو سیاسەتە یاخود ئەو ڕێوشوێنانەی دەگیرێنەبەر بۆ کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لەهۆکاری دەرەکی (ناسرووشتی) کە کاریگەرییان لەسەر ژیان و مانەوە و گەشەکردنی زیندەوەران هەیە.

لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا، ژینگەپارێزی لە کۆنتێکستی سیاسی و حکومڕانیدا، کەواتە چوارچێوەی کارە لەپێشینەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لە پاش کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە کە لە ساڵی 1972 لە ستۆکهۆڵم ئەنجامدرا و بە (جاڕنامەی ستۆکۆڵم) ناونرا، بووە یەکەمین کۆنفرانسی جیهانی، کە ژینگەی کردە پرسێکی سەرەکی و بەشداربووان کۆمەڵێک بنەمایان بۆ بەڕێوەبردنی دروستی ژینگە پەسەند کرد، ئەوانیش بریتی بوون لە جاڕنامەی ستۆکهۆڵم و پلانی کارکردن بۆ ژینگەی مرۆیی و چەند بڕیارنامەیەک.

لەم ڕوانگەیەوە، ژینگەپارێزی لە نێو کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، وەکو نۆرمێک بووە جێی بایەخی هاووڵاتیان و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داینامیکییەتی ئابووری و ڕامیاری دروستکردووە، هەربۆیە پارتە سیاسییەکانی دڵخوازی خەڵک، ئەوانەن کەوا کارو خزمەت لەسەر ژینگە دەکەن، زۆرترین پشتگیریی هاونیشتمانیان بەدەست دەهێنن، وە ئەو پارتە سیاسیانە کە کە خزمەت بە ژینگە و سرووشت ناکەن و لەپێناو بەرژەوەندی و پڕۆژە سیاسیەکانیان، بنەماکانی پاراستنی ژینگە دەشێوێنن، دەکەونە بەر سزای هاونیشتمانیان و ڕوبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایی دەبنەوە.

دەردانی گازەکان لە ژینگەدا:

ژینگەپارێزی بە گشتی سێ ڕەهەند لەخۆ دەگرێت، پاراستنی (ئاو، هەوا و خاک)، بەکاربردنی مرۆڤ (Human Destructions) کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەهەندەکانی ژینگە هەیە و ئەم کاریگەریانەیش لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا بە ڕێژەیەکی زۆر ناتەندروست زیادیان کردووە. لێرەدا باری سەرنج دەخەمە سەر (هەوا)، وەک یەکێک لە ڕەهەندەکانی ژینگە، کە بەڕێگای جیاواز هەم ژینگەی ماڵەکانمان و هەم ژینگەی دەرەوەمان پیس دەبێت،. مرۆڤ لەئەنجامی بەکاربردن چەند گازێک دەخزێنێتە نێو ژینگەوە، یەکێک لەوانە کە هۆکاری پیسبوونە بۆ ژینگە، بریتییە لە گازی (دووەم ئۆکسیدی کاربۆن CO2  یاخود یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن CO)، کە ئەمەش بە ناو ژینگە و هەوادا  بەڕێگای سوتاندنی دار، نەوت و بەنزین و گازوایل بڵاو دەبێتەوە، بەرئەنجامی ئەم سوتانە، گازێک بەرهەم دێت پێ دەوترێت (کاربۆن دایۆکساید یاخود دوانە ئۆکسیدی کاربۆن)، بێگومان ئەمەش زیانێکی زۆری لەسەر ژینگە بەگشتی و تەندروستی مروڤ بە تایبەتی هەیە.

لەساڵی (1950) بڕی شەش ملیار تۆن دەردانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەجیهاندا هەبوو، لەپاشان تا ساڵی 1990 ئەم ڕێژەیە چوار هێندە زیادی کردووە و گەیشتە زیاتر لە 20 ملیار تۆن، دەردانی ئەم گازە بەردەوام لە گەشەی خێرابوو بەڕادەیەک گەیشتە ئەوەی ئێستا ساڵانە زیاتر لە 35 ملیار تۆن گاز دەردەچێت، ئەم ژمارەیە لە ساڵەکانی 1990 لە عێراق 49 ملیۆن تەنی دروستکردووەو لە ساڵی 2022 دەگاتە نزیکی 180 ملیۆن تەن.

دروستبوونی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن، سەرچاوەی زۆرە، بەڵام بەرچاوترینیان ئەوەیە کە لە ئەنجامی سوتانی ماددە فۆسیلییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت وەکو سوتانی نەوت، بەنزین، و گازوایل. ڕێژەی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە عێراقدا لە نیوان ساڵانی (2000- 2021) دوو هێندەی زیادی کردووە، لە کاتێکدا لە کیشوەری ئەورووپا بە ڕێژەی 22٪ کەمی کردووە، هەروەها لە جیهان نزیکی 40٪ زیادی کردووە.

بەگشتی، لە 87٪ـی هەموو دەردراوەکانی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن، بەهۆی سووتانی سووتەمەنییە بەردینەکانی وەک خەڵوز، گازی سروشتی و نەوتەوە بەرهەم دێت. ئەوەی دەمێنێتەوە 9٪ لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی تری بەکارهێنانی زەوی و کەمکردنەوەی چڕی دارستانەکانەوەیە، هەروەها 4٪ـیش بەهۆی هەندێک پیشەسازییەوەیە وەک درووستکردنی چیمەنتۆ.

بەپێ پێوەرەکان، ڕێژەی سووتانەکان و دەردانی ئەم گازانە لە شاری هەولێر بە بەراورد لەگەڵ بەغدا زۆر باشترە و هەروەها ژینگەکەی پاکترە، لەهەمانکاتدا دەکرێت کاری جدی زیاتر بکرێت بۆ پاراستنی ژینگە، بەتایبەت کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن و زیادکردنی ڕێژەی ئۆکسجین. خۆشبەختانە، بۆ برەوەدان بە ژینگەی کوردستان، حکومەتی هەرێم بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمدا ڕێکاری پاراستنی ژینگەی لەچوارچێوەی دوو پلانی یەک ساڵی و چوار ساڵی دەستەبەر کردووە، لە هەموو شارو قەزاکانی کوردستان فەرمانگەی ژینگەی کردۆتەوە، بەئامانجی هەوڵدان بۆ بە کەلتورکردنی چەمکی ژینگەپارێزی لەڕێگەی هۆشیارکردنەوە و کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان لەڕێگەی یاساو ڕێنماییەکانەوە.

بۆ نەتەوەی کورد، چەمکی پاراستنی ژینگە لە نێو فەلسەفەی شۆڕش و نیشتیمانسازیدا، لەشۆڕشی بارزانەوە چەمکێکی دانەبڕاوبووە، بەدیاریکراوی لەناوچەکانی بارزان بەدرێژایی شۆڕش و بەردەوام تا ئێستایش، تۆماری ژینگەپارێزی و مانەوەی سرووشتەکەی بە جوانی لە ئاستێکی بەرزدایە. بە لەبەر چاوگرتنی ژینگەدۆستی لە فەرهەنگی ڕێبازی بارزانیدا، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ لە دەڤەری بارزان، داربڕینەوە نەبووە و ڕێگری لێکراوە. ئەم فەرهەنگی پاراستنی ژینگە و سرووشتە بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان ئامانجێکی هاوتەریب بووە لەگەڵ ئامانجە نیشتیمانییەکانی دیکەی شۆڕش.

ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ساڵی 1972 بەدواوە، گرنگی ئەوتۆیان بە ژینگەپارێزی داوە، ئەوا لەکوردستان سەد ساڵ لەمەوبەر لە شۆڕشی بارزانەوە، لە مەنهەجیەتی شۆڕش و ناوچەی بارزان ژینگەپارێزی یەکێک لە کۆڵەکە و غەمی گەورە و جێگەی بایەخی شۆڕش بووە.

ئەگەر ئێمە وا تێبگەین، پاراستنی ژینگە بۆ نەوەکانی داهاتوومانە و لە ئێستادا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە بۆیە گرنگی پێنادرێت! ئەوا هەڵەیەکی گەورە دەکەین، بەپێچەوانەوە پیسبوونی هەوا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەدیدەکرێت و هەوای دەوروبەرمان کاریگەریی هەیە لە توشبوونمان بە نەخۆشییەکانی دڵ و هەناسە تەنگی و سییەکان و چەندین نەخۆشی قورس، هەربۆیە پێویستە سێ ڕێگای ستراتیجی بگرینەبەر:

یەکەم: کەمکردنەوەی ئاستی دەرکردنی CO2، کە بە زۆر ڕێگا ئەنجام دەدرێت، هەر لە بەڕێوەبردنی ماڵ و ماڵداری تا هاتوچۆ و هۆیەکانی گواستنەوە و بەکار‌هێنانی وزە نوێبووەکانی وەکو دەستخستنی وزەی خۆر (الطاقة الشمسية).

دووەم: زۆرکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ڕێگەی ڕواندنی دار لەشوێنی کار و ماڵەکان، بەتایبەت ئەو دارانەی ڕێژەیەکی زیاتر ئۆکسجین بەرهەمدەهێنن، لە پێناو کەمکردنەوەی گازی زیانبەخشی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن کە ڕۆژانە بەرهەمی دەهێنین.

سێیەم: زۆر گرنگە فەرهەنگی ژینگەپارێزی لە هەڵسوکەوتی رۆژانەی هەموو تاکێکدا رەنگبداتەوە. واتا، هاونیشتمانیان پێویستە فێری ڕێگاکانی ژینگە پارێزی و لە مەترسییەکانی پیسبوونی تێبگەن و کار لەسەر شێوازی ژیانیان بکەن، بە شێوازێک هەوڵبدەن کەمترین کاربۆن دروست بکەن و زۆرترین ئۆکسجین بەرهەم بهێنن.

ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن:

ناوەندەکانی زانستی ژینگەپارێزی، ملیۆنان توێژینەوە و بڵاوکراوەی زانستیان لە جیهانی ئینتەرنێت پەخش کردووە، کە پێمان دەڵێت بە چی شێواز و ڕێکارێک دەتوانین کاربکەین بۆ ژینگەپاریزی، هەندێک لە مانە بەم شێوەیە رێنماییمان دەکەن.

1. کەمکردنەوەی گەشتەکان: گەشتی فڕۆکەوانی، ساڵانە نزیکەی یەک ملیار تۆن لە دەردانی CO2ـدا بەشداری دەکات.

2. خواردن: مرۆڤێک کە ڕووەکخۆرە، هەفتانە 17 کیلۆ کاربۆن بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا کەسێک کە گۆشتیش دەخوات هەفتانە نزیکەی 50 کیلۆ کاربۆن بەرهەم دەهێنێت.

3. شێوازی ماڵداری: بەکاربردنی نێوماڵەکان بەئاڕاستەی ژینگەپارێزی، وەک ئامڕازەکانی گەرمکەرەوە بەتایبەت ئەو وڵاتانەی سوتەمەنییە بەردینەکان بەکاردەبەن، یەکێکە لەسەرچاوەی سەرەکی دەردانی گازی ژەهراوی.

4. پیشەسازی جل و بەرگ (Textile): ساڵانە زیاتر لە 100 ملیار بابەتی پۆشاک بەرهەمدەهێنرێت کە 65٪ـی ئەو پۆشاکانە لەماوەی یەک ساڵدا دەبنەوە بە خاشاک. پیشەسازی پۆشاک بەڕێژەی 8-10٪ دەردانی کاربۆنییە لەجیهاندا، ئەم ڕێژەیەش زیاترە لە دەردانی کاربۆن بەبەراورد بە فڕۆکەوانی و کەشتیوانی.

5. گۆڕێنی سەرچاوەی دەستخستنی وزە لە بەکارهێنانی مۆلیدەوە بۆ وزە نوێبوەکان (الطاقة الشمسية).

6. کەمکردنەوەی ئاستی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و هۆیەکانی گواستنەوە، لەبەرامبەردا کەلتوری پیادەڕۆیی پەرەبسێنێت.

7. ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو و کەم بەکارهێنانی.

8. کەمکردنەوەی پاشەڕۆ.

ئەوەی جێگای سەرنجە، پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستان، ئەرکی سێ لایەنەی حکومەت، کەرتی تایبەت و هاونیشتیمانیانە. وەک چۆن هەموومان پێکەوە بەو هەوایە دەژین لەژینگەدا، بەو شێوازەیش پێویستە هەموومان پێکەوە پارێزەری پڕۆسەی ژینگەپارێزی بین، هیچ یەک لەو لایەنانە بە تەنها ناتوانن ژینگە لە پیسبوون ڕزگار بکەن بەڵکو پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنە هەیە. بۆیە هۆشیاری ژینگەپارێزی واتا هۆشیاری پاراستنی ژیان و تەندروستی مرۆڤ و هاوکات پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانیمان.

هەر بۆیە لە لایەن دەستەی ژینگەی شار و قەزاکانەوە بەپێی رێنماییەکانی ژمارە یەک و دوو، ڕێکخستنی ڕاوکردن و بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی کردۆتە سەرپێچیە ژینگەییەکان.  

لەلایەکی ترەوە، پارتە سیاسییەکانی کوردستان بەرپرسیارێتی ژینگەپارێزییان لەسەر دەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک پارتێکی نیشتیمانی پارێزەری سروشت و ژینگەی کوردستان نەک نەبۆتە هۆی تێکدانی سروشتی کوردستان، بەڵکو لە بەشێکی پەیڕەوی ناوخۆیدا، گرنگیدان بە بابەتی ژینگەی بە حەوت ماددە وەک بەشێک لە کاری سەرەکی حزب لەپێناو پاراستنی ژینگەی کوردستاندا جێگیرکردووە، پابەندبوونی خۆی بەبڕیارە نێودەوڵەتییەکان کە تایبەتن بە پاراستنی ژینگە و دورخستنەوەی لە پیسبوون و قەتیسمانی گەرمایی، پاراستنی سروشت و سەوزکردنی خاکی کورستان بە ستاندارە جیهانییەکان، لەڕێگەی بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لەو کۆنگرە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییانەدا. هەر لەو جیهانبینییەوە، بەشداری و چالاکییەکانی سەرۆکوەزیران لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی وەک دیالۆگی (مەنامە) لە وڵاتی بەحرەین و کۆنفرانسی گۆڕانی کەش و هەوا (کۆپ 28) لە وڵاتی ئیمارات، هەروەها بەشداربوونی ئەفسەرانی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەخولی تایبەت بە ژینگە و گۆڕانی کەش و هەوا، هەموو ئەمانە هاوئاهەنگن لەگەڵ ستاندارە جیهانییەکانی تایبەت بە ئاڵانگارییەکانی گۆڕانی کەش و هەواو و پاراستنی ژینگە.

کارنامەی حزبە سیاسیەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژینگە و ژیانی هاونیشتیمانیان. هەرلایەنێکی سیاسی، هۆکاربێت بۆ تێکدانی سروشتی جوانی کوردستان، ئەوا بەرپرسە بەرامبەر مێژوو و سەرمایەی نیستیمانیمان، کە ژیان و تەندروستی هاونیشتمانیان دەخاتە مەترسییەوە. پێویستە هەموو لایەک ڕێگربن لە تێکدانی هەڵکەوتەی سروشتی شارەکان، نابێت سیمای شار بۆ پرۆژەی بازرگانی بەکاربهێنرێت.  نۆرمی ژینگەپارێزی بەرپرسیارێتی نیشتمانییە، ئەو بەرپرسیارێتییە لە چاکسازییەکانی شێخ عەبدوسەلامی بارزانەوە گواستراوەتەوە بۆ شێخ ئەحمەد و پاشان بۆ مەلا مستەفای بارزان و تا هەنووکە، دەڤەری بارزان نمونەی باڵای ژینگەدۆستییە. لەداڕشتنەوەی پێناسەی ڕێبازی بارزان لەلایەن شێخ عەبدوسەلامی بارزان،  فەرهەنگی ژینگەپارێزی چەسپێنرا، ئەگەر ئەو فەرهەنگە لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان پەیڕەو بکرێت و ڕێگنەدرێت چیاکانی کوردستان ببڕدرێنەوە و بە بازرگانی بکرێن، ، ئەوا هەموو شارەکانی کوردستان دەبنە دۆستی ژینگە و ناوچەکەش لە مەترسییەکانی تێکچونی ژینگە و پاراستنی تەندروستیمان پارێزراو دەبێت.