هێزیک بۆ ئابووری و پیشەسازیی کوردستان

هێزیک بۆ ئابووری و پیشەسازیی کوردستان
هێزیک بۆ ئابووری و پیشەسازیی کوردستان

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، هەمیشە لە سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بارزانییەوە گوێبیستی ئەوە بووین، کە کابینەکە بایەخی زۆر دەدات بە هەمەچەشنکردنی ئابووری و مەبەستیەتی کە کوردستان لە سێکتەرە جۆراوجۆرەکاندا گەشە بکات و بە تەنها پشت بە نەوت و یەک سەرچاوە نەبەستێت، لێرەدا بۆ خەڵکی کوردستان گرنگە کە بەتەواوی لێیان ڕوون بێت، ئایا ئەمە تەنها دروشم بوو، یان کابینەی نۆیەم بە دروستی و کارزانانە بەڵێنەکانی بەجێ گەیاند و هەرێمی کوردستانی بردە قۆناغێکی تر؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوە، جێبەجێکردنی دەیان پرۆژەی گرنگ لە بوارەکانی ڕێگاوبان و وزە و کارەبا و کشتوکاڵ و دروستکردنی سایلۆ... هتد، سەلمێنەری ئەوەن کە کابینەی نۆیەم کابینەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و جێبەجێکردنی پرۆژە ستراتیجییە گرنگەکان بوو.

لەم وتارەمدا، مەبەستم نییە، دەستکەوت و پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم ڕیز بکەم و ئاماژەیان پێ بدەم، چونکە خەڵکی کوردستان شاهێد و گەواهیدەری دەستکەوت و خزمەتەکانی کابینەکەن و هاوکات شاهیدی سەرجەم ئەو قەیران و ئالنگارییە ناوخۆیی و عێراقی و ئیقلمیانەن کە کابینەی نۆیەم توانی ڕووبەڕوویان ببێتەوە.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا و بە دیاریکراوی لە ١٢/٥/٢٠٢٥ـدا، سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بارزانی، بە فەرمی (پرۆژەی چیمەنتۆ و کارەبای دابین)ـی ڕاگەیاند، کە یەکێکە لە گرنگترین پرۆژە پیشەسازییە ستراتیجییەکانی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.

مەبەستمە لە چەند ڕووییەکەوە قسە لەسەر ئەم پرۆژە ستراتیجییە پیشەسازییە گرنگە بکەم:

یەکەم: بونیاتنانی پرۆژەی پیشەسازیی گەورە لە کوردستان و عێراق کارێکی سەخت و ئەستەمە

لای هەمووان ڕوونە، وڵاتانی پێشکەوتووی ئەورووپا و هەندێک لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا، پێشەنگ و پێشبڕکێکاری بواری پیشەسازیین و وڵاتانی ئەم ناوچەیە و بە تایبەت عێراق و هاوشێوەکانی لە بواری پیشەسازییدا دواکەوتوون و لە کاروان بەجێ ماون، ئەمە وای کردووە کە پێشکەوتن لە کەرتی پیشەسازیی لەم ناوچەیەدا، کارێکی ئەستەم بێت، بەڵام خۆشبەختانە کابینەی نۆیەم لەم بوارەشدا دەستەوەستان نەبوو، ئەم پرۆژە ستراتیجییە گرنگەشی خستە سەر خەرمانی دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی بۆ کوردستان.

ئەم پرۆژەیە؛ جگە لە ڕەخساندنی (١٢٠٠) هەزار و دوو سەد هەلی کاری نوێ،  ڕۆژانە (٦٣٠٠) شەش هەزار و سێ سەد تۆن چیمەنتۆ، بەرهەم دەهێنێت.

دووەم: ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان

(پرۆژەی کارگەی چیمەنتۆ و کارەبای دابین)، لە لایەن کۆمپانیای  (پاوەر چاینا) کە کۆمپانیایەکی هەرە گەورەی نیودەوڵەتییە، بە هاوبەشیی لەگەڵ کۆمپانیای (دابین) کە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە، بە بەهای زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراوە.

هاتنی کۆمپانیایەکی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنانێکی وەها گەورە لە هەولێر، سەلمێنەری ئەوەیە کە دڵنیایی و متمانەیەکی نێودەوڵەتیی گەورە هەیە بۆ سەقامگیریی هەولێر و هەرێمی کوردستان، ئاخر ئەم وەبەر‌هێنانەی کە ئەم کۆمپانیایە لەم پرۆژەیەدا کردوویەتی بە ساڵێک و دوو ساڵ گوژمەی پرۆژەکەی دەست ناکەوێتەوە و دوای چەندین ساڵ کارکردن لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو پارەیەی دەست بکەوێتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان، ستراجییانە و دوورمەودا مەبەستیانە لە کوردستان بن و کاری تێدا بکەن، متمانەیان بە حوکمڕانیی ئێستای کوردستان و بەڵێن و بەرنامەکانی سەرۆکوەزیران هەیە و دەزانن کە کوردستان لە گەشەی بەردەوامدایە و چاویان لەوەیە کە هاوبەشیی بکەن لەو گەشەسەندنەدا.

بێگومان ڕۆڵی کۆمپانیای (دابین)ـیش وەک کۆمپانیایەکی کوردیی خۆماڵی، لەم وەبەرهێنانە گرنگەدا، زۆر بەرجەستە و گرنگە و جێگەی دەستخۆشی و پێزانینی زۆرە.

سێیەم: ژینگەپارێزی و گرێدانی لەگەڵ هەنگاوەکانی ئاوەدانی و پێشکەوتن

بایەخدان بە ژینگە و بنەمای ژینگەپارێزی، یەکێکە لە بنەما سەرەکی و پیرۆزەکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی جەنابی سەرۆکوەزیران، سوورن لەسەر پاراستن و لەبەرچاوگرتنی بنەمای ژینگەپارێزی لەهەر پرۆژە و هەنگاوێکی پێشکەوتن و ئاوەدانیدا، هەر بۆیە لە کاتێکدا کە پیشەسازیی چیمەنتۆ بە گشتی پیسبوونی ژینگەی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام لەم کارگەیەدا لە ڕێەای بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، فلتەری تایبەت دروست کراوە بۆ ئەوەی پاشماوە زیانبەخشەکان فلتەر بکرێن و کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگەی کوردستان نەبێت.

چوارەم: سەرکردەی لێهاتوو و کارزان

ئەوەی لە پێشەکی و سێ خاڵی سەرەوەی ئەم وتارەدا ئاماژەی پێ دراوە، بێگومان سەرکردە و حوکمڕانێکی کارزان و لیهاتوو و بە سەلیقەی لە پشتەوەیە و توانیویەتی وەک سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەم ڕابەرایەتیی ئەم دەستکەوت و پێشکەوتنانە بکات و بناغە و ژێرخانێک بۆ پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئابووریی کوردستان بونیات بنێت، زۆر لەوە دڵنیاین کە بە ڕابەرایەتیی کاک مەسرور بارزانی کابینەی دەیەم دەتوانێت ئەم ژێرخانە پیشەسازی و کشتوکاڵی و ئابورییەی خۆی بپارێزێت و بە‌هێزتری بکات و کوردستانمان هەمیشە ئاوەدانتر و سەقامگیرتر بکات.