سەقامگیریی و ئاوەدانیی و خزمەتگوزاریی لە هەگبەی ڕێزدار مەسرور بارزانی دا

سەقامگیریی و ئاوەدانیی و خزمەتگوزاریی لە هەگبەی ڕێزدار مەسرور بارزانی دا
سەقامگیریی و ئاوەدانیی و خزمەتگوزاریی لە هەگبەی ڕێزدار مەسرور بارزانی دا

سەرەڕای هەموو فشارە سیاسی و ئابوورییەکان کە بەردەوام لە لایەن نەیارانی کوردستان بەرامبەر حکوومەتی هەرێم دەگیرێتە بەر، دەستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و ژێرخانسازی ڕانەوەستاوە و پرۆژەکان بۆ خزمەتگوزاری لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا لە کارکردن بەردەوامە.

هەرێمی کوردستاندا لە هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان پێگەی دیارو خاوەن گوتاری راشکاوانەی خۆیەتی. قەوارەی هەرێم لە رووی جیوپۆلۆتیکەوە توانیویەتی سەنگ و گرنگی خۆی لەسەر پرسە سیاسیەکانی ناوچەکە فراوانتر و کاریگەرتر بکات.

یەکێک لە فاکتەرە گرینگەکانی پێشکەوتن لایەنی ئاسایش و سەقامگیرییە، لەو رووەوە کوردستان سەقامگیرترن ناوچەیە و مرۆڤ تیایدا پارێزراوە و سەرو ماڵی هاووڵاتی لە ژێر هەڕەشەو لەناوبردندا نییە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە شکۆی تاک لەم هەرێمە بەرز دەنرخێندرێت و ژیان بۆ هاوڵاتیان دەبێت لە ئاسایشی تەواو دا بێت. 

لە ناوخۆی کوردستان لە لایەن هەندێک لایەنی سیاسییەوە بەردەوام هەوڵی زۆر دەدرێت کە کوردستان ڕوویەکی ناشیرینی پێ ببەخشن و هەمیشە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە هەر چی جوانیی و پێشکەوتن هەیە بە ڕەش نیشانی خەڵک بدرێت. ئەم سیاسەتەی کە هەندێک لایەن گرتوویانەتە بەر ئەگەر جارێک لە دژی پارتی دەسەڵاتدار بێت، دە هێندەش دژ بە خەڵک و دژ بە خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزارییەکانی خەڵکی کوردستانە، بۆیە هەمیشە دەبینین هەر پرۆژەیەک بەردی بناغەی لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دادەنرێت، لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە یان باس ناکرێت یاخود هەوڵی ناشیرین کردنی دەدرێت و دەست بە چەواشەکاری دەکەن. 

یەکێک لە دڵخۆشییەکان ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای گرفت و فشارەکان لە خزمەتکردن نەوەستاوە، سەرۆکوەزیرانی کوردستان سەردانی هەر شوێنێک بکات بە هەگبەیەکی پڕ لە پرۆژە و نەخشە و پلان بۆ بووژاندنەوەی کەرتەکانی خزمەتگوازاریی بۆ ژیانی هاووڵاتی لەگەڵ خۆیدا دەبات و بەردی بناغەی دەستپێکردن دادەنێت. 

ئەگەر مرۆڤ کەمێک بە سەرنجەوە و بە ویژدان و بە ناخێکی پاکەوە بەدواداچوونێک بۆ خزمەتگوزارییەکانى بکات چاوەکانی جوانترین و باشترین پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبینێت و دەگات بەو بەراوردەی کە ئەوەی حکوومەتی هەرێم پێشکەش بە هاووڵاتیانی دەکات نە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق وە نە وڵاتانی دەوروبەر هێندەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن پرۆژ و خوزمەتگوزارین.

ئەمەی لە لای سەرۆکی حکوومەتی ئێمەوە ڕوو دەدات بێ وێنەیە و زۆرترین پرۆژە لە ساڵدا پێشکەش بە هاووڵاتیانی خۆی دەکات، بە دڵنیاییەوە گوشاری سیاسی و ئابووری چەند ساڵی ڕابردوو نەبوایە ئێستا شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە ڕووی ژێرخانەوە زۆرترین و باشترین پێشڤەچوونی بەخۆیەوە دەبینی.

سەردانیکەران و دانیشتووانی باشووری عێراق لە زمانی خۆیانەوە دەگێرنەوە ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەیبینن پێشکەوتنەکان لە ڕووی خزمەتگوزاریی و جێبەجێ کردنی یاسا و بەرێوەبردنەوە سەرسامی کردوون و بە ئەورووپا ناوزەدی دەکەن. لە ڕاستیدا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت  کە خزمەتگوزاری لە لایەن بەرێز سەرۆکوەزیران ویژدان و ئەرکە بەرامبەر هاووڵاتیانی خۆی.

ئەگەر زۆر بە وردی سەرنج بدەین پرۆژەکان هێندە زۆر و خێران دەتوانین بڵێین ڕۆژانە یان هەفتانە گوێبیستی کردنەوەی پرۆژەیەک دەبین، ڕۆژێک ئۆتۆبانێک، ڕۆژێکیتر تونێلێک، ڕۆژێک بەرزە پرد و ڕۆژێک کردنەوەی پرۆژەیەکی کشتوکاڵیی و ئاودێریی و دروستکردنی بەنداوێکی گلدانەوەی ئاو، ئەمە بێجگە لەو هەوڵ و تێکۆشانانەی لە بوارە جیاوازەکاندا وەکو بایەخدان بە ژینگە و پێشکەوتن لە بواری تەکنەلۆجیا و زانیاری و کاری رۆژنامەگەریی و هتد.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەکردندایە، کوردستان لە شۆرشی بونیادنان و ئاوەدانی و پێشکەوتندایە، ئەم شۆڕشەش پێمان دەڵێت کوردستان لە دەستێکی ئەمین و مرۆڤی کارساز و حەکیمدایە.